زوومکردنی کێشە

‌جەواد خەلیل



لە سەردەمێکدا کە هەموو شتێک لە خۆیدا بڕێک کێشەی هەڵگرتبێت و ئاسانترین کارێکیش دەرهەقی، زوومکردنی بێت؛ ڕەنگە قسەکردن لەسەر کێشە بۆ خۆی کارێکی پڕ کێشە بێت. ئەگەر ڕێگە بە خۆمان بدەین یەک پێناسەی کورت و گشتگیر بۆ مرۆڤی نوێ بکەین، ئەوە دەشێت لە ڕستەیەکی وەهادا پوختی بکەینەوە: (مرۆڤی نوێ کەسێکە بەدووی کێشەدا دەگەڕێت). کێشەی مرۆڤی نوێ کێشەیەکی دوو دیوە، لە دیوێکدا کەسێک دەبینین لە بەرامبەر یەک دونیا لە کێشەی تاقەتپڕوکێنیی دەرەخۆییدا وەستاوە و کەوتووەتە جەنگەوە لەگەڵیان، لە دیوەکەی تردا هەر ئەم کەسە بە کۆمەڵێک کێشەی زاتییەوە هاتووەتە دەر و کێشەکانی هەناردە دەکات و خۆی بووەتە کێشە خوڵقێن. ڕێک هاوشێوەی پاڵەوانەکەی کافکا (گریگۆر سامسا) کاتێک لە ژوورەکەی دێتە دەرەوە و بەرامبەر خێزان و جیهانی دەرەوە دەوەستێت و ناچاریان دەکات بە کێشەکانییەوە سەرقاڵ بن. هەڵبەت گیانگۆڕکێی گریگۆریش تا ئەندازەیەکی زۆر زادەی ماندووێتی و تاقەتپڕوکێنی کار و بێموبالاتیی دونیای دەرەوەی خۆیەتی. لە یەک کاتدا گریگۆر، هەم کێشە خوڵقێنە و هەمیش خۆی بووەتە قوربانی کێشە دەرەکییەکان.
شتێک چ کاتێک دەبێتە کێشە؟ کاتێک بڕێک لە ئاڵۆزی پێوە ئاڵێنرا بێت و نەهێڵێت وەکوو خۆی بەسادەیی بیبینین. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە کێشە، ناچارین لە خودی ئاڵۆزی خۆی ڕابمێنین. ئاڵۆزی وەک یەکەیەکی داخراو، کە هیچ کەلێن و ڕێڕەوێک بەڕوونی ناهێڵێتەوە تا لێیەوە دزە بکەینە نێوی. بێگومان لێرەدا ئاڵۆزی بۆ خۆی ڕووکاری هەرە زەقی کێشەیە. لە ئاڵۆزیدا مرۆڤ هەست بە بوونی کێشەی گەورە دەکات، هەست دەکات لەودیوی ئاڵۆزییەوە هەمیشە بڕێکی زۆر لە کێشە بوونی هەیە، کێشەگەلێک کە چارەکردنیان لە سەرووی توانای مرۆیی ئەمەوەیە.

ئەم بە کێشە بینینەی ئاڵۆزی، چەندە بەرهەمی ترسێکی ناوەکییانەی مرۆڤ خۆیەتی؛ دوو هێندەش بەرهەمی بیرکردنەوە میتافیزیکی و ئەفسانەیەکانێتی. کاتێک لە مێژووی ئەم سڵکردنەوەیە دەڕوانین، دەبینین کە زۆر بەقووڵی پێیەکی ئەم بیرکردنەوەیە لەنێو میتۆلۆژیا و ئایندا ڕۆچووە. لە کەلەپووری ئاینە تاکخوداییەکاندا زۆر بەڕوونی ئاماژەکانی پشت ئەم سڵکردنەوەیە دەبینین، بۆ نموونە: لە گێڕانەوە مێژوویەکاندا هاتووە کە "نەبوخزنەسر” جووەکان دێنێتە بابل، دوای ماوەیەک مانەوەیان لەوێ و تێکەڵبوونیان بە ژیاری بابلییەکان، هەست بە گرنگی نووسینەوەی دەقەکانی نێو کتێبی پیرۆز دەکەن و تەورات دەنووسنەوە. چونکە پێیان وایە نووسینەوە و پاراستنی پیرۆزییەکان وەکوو خۆی لە جێیەکی دەستکارینەکراودا، تێگەیشتن و پارێزگاریکردن لێیان ئاسانتر دەکات. جووە بەراییەکان لەو بڕوایەدا بوون بە زارەکی هێشتنەوەی کتێبی پیرۆز، دەقەکان ئاڵۆزتر دەکات و نەوە دوای نەوە، هەر جارەی بەشێکیان لەبیر دەچنەوە و تەحریف دەکرێن. لە بیرچوونەوەش واتا پشتگوێخستن و گوێنەدان بە فەرمان و کەلامی خودا، کە هاوڕێکی گەورەترین تاوانن و دەبنە گەورەترین کێشەی عەقائیدیش! دوابەدوای جووەکان؛ هەم کریستیانەکان و هەمیش مووسڵمان و بڕواداری ئاینەکانی دیش، بە هەمان ڕێچکەی جووەکاندا چوون: (بنووسە، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و ئاسانتر دەستت پێبگات و بیپارێزیت). ئەوان هەموویان لە خاڵێکدا کۆک و تەبا بوون و وا بیریان دەکردەوە کە بە زارەکیی هێشتنەوە ئاڵۆزی زیاتر دەکات، ئاڵۆزیش دەبێتە سەرچاوەی کێشەیەکی گەوره بۆ خودا و بۆ باوەڕی لەرزۆکانەی مرۆڤ! بە پێچەوانەی تێڕوانینی سۆکراتەوە، کە پێی وا بوو نووسین ئاڵۆزکردن و دوورخستنەوەی مرۆڤە لە بناوانی مەسەلەکان نەک ئاسانکردن و نزیککردنەوە. ئاخر لای سۆکرات، نووسین لەگەڵ ئەوەی خۆی کێشەیە، دوورخەرەوەی حەقیقەتیشە بۆ جێیەکی دوورتر.

پرسیارێک کە لێرەدا دێتە پێشەوە، ئەوەیە کە ئاخۆ هەموو ئاڵۆزییەک نیشانەیە بۆ هەبوونی کێشەیەکی شاراوە و گەورەتر؟ کاتێک بەوردی دەڕوانینە زۆرێک لەو بۆچوونانەی مرۆڤ دەرهەق بە کێشەکانی پشت ئاڵۆزی، تێدەگەین لەوەی کە بۆچی ئەم تێگەیشتنە کورتی هێناوە و زادەی بیرکردنەوەی دانیشتووانی نێو ئەشکەوتەکەیە (میتافۆرە ئەفلاتۆنییەکە). چونکە دانیشتووانی نێو ئەشکەوتەکە نازانن لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە چ باسە، بۆیە پێیان وایە دەرەوەی ئەشکەوتەکە شوێنێکی تەنراوە بە کێشە. ئەم بە کێشە بینینەی دەرەوەی ئەشکەوتەکە بەرهەمی سڵکردنەوەیە لە خودی ئاڵۆزی خۆی، بینینێتی بەو شێوەیەی کە وەهم و خورافاتی نێو خەیاڵدانی مرۆڤ دەیخوازێت. نابێ ئەوەش لەیاد بکەین کە جاروبار ئێمە لە هەمبەر "ئاڵۆزییەکی دەستکرد”دا دەوەستین و پێمان وایە ئاڵۆزییەکی سروشتیی و دەرەئیرادەیی ئێمەیە. ئەم ئاڵۆزییە دروستکراوە ئیشی بەرگرتنە لە هەقیقەت؛ ڕێگریکردنە لەو ڕاستییانەی کە ئێمە نامانەوێ بیانبینین و ئاسوودەییمان بشێوێنن؛ بۆیە ئەم ئاڵۆزییە دەخوڵقێنین، تاکوو ببێتە بەربەستێک لەنێوان ئێمە و کێشە ڕاستەقینەکەدا. بەو مانایەی "ئاڵۆزیی دەستکرد” ڕێگایەکی خێرای ئێمەیە بۆ هەڵهاتن لە هەقیقەت؛ هەڵهاتن لەو کێشە ڕاستەقینانەی کە هەن و ئێمە نامانەوێ بیانبینین، بۆیە دێین و لەگەڵ ئاڵۆزییەکدا کە خۆمان خوڵقاندوومانە مامەڵە دەکەین و وەک کێشە سەرەکیەکە دەیناسێنین.

  ئەم جۆرە تێکەڵکردنەی نێوان ئاڵۆزی و کێشە، ئەگەر ڕیشەکەی بشگەڕێتەوە بۆ نێو کەلەپووری کۆن و بۆ میتۆلۆژیا و سەرەتای پێکهاتنی ئاینە تاکخوداییەکان؛ ئەوا بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەتوانین بڵێین لە لای مرۆڤی نوێ و هاوچەرخ گەیشتووەتە دوا ئاستی پێگەیشتنی خۆی، گەیشتووەتە جێیەک کە چیدی ئاسان نەبێت مرۆڤی نوێ و کێشە لە یەکدی جیا بکەینەوە! ئەوەی لەم تێکەڵکردنەدا بووەتە فاکتەری سەرەکی؛ ئەوەی پاڵنەری یەکەمی ئەم پێکەوە لکاندنەیە، مەسەلەی زوومکردنە. مرۆڤی نوێ بە هەموو توانایەکییەوە کار لەسەر زوومکردنی کێشەکان دەکات، لەمەشدا گەشەی تەکنەلۆژی و تۆڕەکانی پەیوەندی یاریدەیان داوە. لە لای مرۆڤی نوێ جۆرێک لە زوومکردن هەیە، کە دەشێت ناوی بنێین” زوومکردنی ناهۆشمەندانە”. لەم جۆرە زوومکردنەدا شێواوییەکی سەیر دەبینین، بە شێوەیەک گەر لەوپەڕی دونیا کێشەیەک ڕووو بدات، با دوور بێت لە زمان و شار و ناوچە و وڵاتەکەی ئەو؛ با هیچ شتێک جگە لە مرۆڤبوون بە خاوەنی ئەو کێشەیەی نەبەستێتەوە؛ با هیچ زانیاری و و داتایەکی دروستیشی لە بەردەستدا نەبێت؛ ئەو هەر دەبێت زوومی بکات و فۆکس بخاتە سەری و ڕای خۆی لەبارەیەوە دەرببڕێت. وەنەبێ ئەم زوومکردنەش لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هاوخەمیی و پاڵپشتییەوە بێت، بەڵکوو زۆر جار بۆ زەقکردنەوە و تانەدان و چەند هێندەکردنی کێشەکەیە. واتا زوومکردنی کێشە لێرەدا ئەوەندەی بۆ زەقکردنەوەی کێشە و هێشتنەوەیەتی بە بێ چارەسەر، نیو ئەوەندە هەوڵ نییە بۆ بنبڕکردنی کێشەکە و چارەسەرکردنی. هیچ کەس نییە لە ئێمە ڕۆژانە بە هۆی ئەم دونیا مەجازییەوە بەر دەیان کێشەی زوومکراو نەکەوتبین، کە بە هیچ شێوەیەک شیاوی ئەو زوومکردنە نین. ئەم خووە لە مرۆڤی نوێدا گەیشتووەتە ئاستێکی هێندە مەترسیدار، کە زۆر جار ترۆری کەسێتیی و کێشەی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی لێ کەوتووەتەوە.

خاڵێک کە لەم زەقکردنەوەیەدا دەبێتە جێی سەرنج، ئەم زوومکردنە خاوەنی چەند خەسڵەتێکی جودا و ئاشکرایە کە زۆر بەئاسانی جیای دەکاتەوە لە "زوومکردنی هۆشمەندانە". لەم زەقکردنەوەیەدا ڕاگوزەریی و بە هەڵواسراوی هێشتنەوە و لە بیرخۆبردنەوە و فڕێدان چوار خەسڵەتی بنەڕەتین. هەر کێشەیەک دەکەوێتە بەردەمی ئەم جۆرە لە زوومکردن دەبێت کاتییانە بێت و زوو وەلاوە بنرێت و فڕێ بدرێت، فڕێدان بەو مانایەی کە چیدی نەچیتەوە بە لایدا و بە هەڵواسراوی و بەبێ چارەسەر بیهێڵیتەوە. هەموو ئەمانەش بە هاوردەکردنی کێشەیەکی نوێ و دروستکردنی حیکایەتێکی نوێ و زوومکردنی تا ئەوپەڕی توانا دەکرێت. کۆمەڵگە بۆچی حەزی لەم جۆرە زوومکردنەیە؟ چونکە زوومکردنی کێشەی دووەم زۆر بەئاسانی کێشەی یەکەم لەبیر دەباتەوە و پێویستی بە لەسەر وەستان و بیرکردنەوەی قووڵ نییە. کاتێکیش مرۆی بیرکەرەوە لە ڕێی زوومکردنی هۆشمەندانەی کێشەکانەوە، پەردە لەسەر ڕاستێتی و هەقیقەتی کەڵەکەکردنی کێشەکان و پشتگوێخستنیان لا دەدات، لەنێو کۆمەڵدا هەرا دەنێتەوە و تاوانبار دەکرێت بە دروستکردنی کێشەی نوێ، لە کاتێکدا ئەوەی ئەم کردوویەتی تێنەپەڕاندنی کێشەکانە بەبێ چارەسەر و زوومکردنی ڕاستەقینەیە لەپێناو چارەکردنیدا!

"زوومکردنی هۆشمەندانە” پرۆسێسێکی فیکریی قووڵە و ئامانج لێی دەرخستنی کێشە بنەڕەتی و ژیارییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە مۆدێرنەکانە. کردنی کێشەیە بە بابەتێکی فیکری و قسەکردنە لەسەر کێشە وەک سەرەداوێک بۆ تێگەیشتن لە پرسە هەنووکەییەکان. کەم نین ئەو فەیلەسوف و بیرمەندانەی لە یۆنانەوە تا دەگاتە ئێستامان، لەبارەی کێشەوە دواون. هەر بۆ خۆی بوونی کێشە، بنەمایەکی سەرەکی دەرکەوتنی کردەی فەلسەفییانەیە. هزر و تێڕامانەکان بەرمەبنای کێشه گەورە و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین. مرۆی بیرکەرەوە، ئەوەی بیرکردنەوەی قووڵ پاڵنەری زوومکردنەکانێتی، زۆر جیاوازە لەو زۆرینەیەی کە زوومی کێشە دەکەن تەنها وەکوو سەرگەرمییەکی بەتاڵ. ڕەنگە مرۆی بیرکەرەوە لە دەرئەنجامی زوومکردنی کێشەیەکدا، کێشەگەلی دیکە بخووڵقێنێ، بەڵام ئەم خوڵقاندنە لەپێناو ئامانجێکی بەرزتر و گەورەتردایە تاوەکوو مرۆڤایەتی قۆناغێک بباتە پێشێ. چونکە مرۆی بیرکەرەوە پێی وایە بێکێشەیی و وەستان بۆ خۆیان نەک هەر کێشەن، بەڵکوو کێشەی زۆر بنەڕەتیشن. ئەو دەزانێت کۆمەڵگاکان ئاستی پێشکەوتنیان بەستراون بە ئاست و جۆری کێشەکانیانەوە. ئەو کۆمەڵگایانەی سەرقاڵی کێشەگەلی هیومانیستی و فیکریی گەورەن و لەنێو کێشە وجودی و فەلسەفییەکاندا خەریکی زوومکاریین، جیاوازن لەو کۆمەڵگایانەی کێشەکانیان سادە و وردن و بایی ئەو وردییەش قسەکردن لە سەریان ژاوەژاو دەنێتەوە.

ئەوەی لەو نێوەندەدا وێڵ دەبێت و بۆمان نادۆزرێتەوە، خودی هەقیقەتە؛ هەقیقەتێکی داپۆشراو بە کۆمەڵێک بینینی تر


لێڵکردنی کێشە یان وێڵکردنی هەقیقەت
باسمان لەوە کرد کە زوومکردنی کێشە، چۆن بووەتە پێناسێک بۆ جیاکردنەوە و ناساندنی مرۆڤی ئەم سەردەمە، بەڵام هێشتا بەڕوونی وەڵامی ئەوەمان نەداوەتەوە کە ئاخۆ تا چەندە ئەوەی مرۆڤی نوێ زوومی دەکات خودی کێشەکە خۆیەتی؟ واتا ئایا ئەوەی کە ناومان لێ ناوە زوومکردنی کێشە، هەر بەڕاستی زوومکردنی کێشەکانە یاخود سێبەری کێشەکانە و هیچ پەیوەندییەکی وەهای بە وێنا ڕاستەقینەکەوە نییە؟! تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و حیکایەتە گشتییەکانی نێو جڤاک، بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشێکی ئەم وەڵامەی ئێمە دەدەنەوە. بۆ نموونە سەروەختێک کێشەیەک ڕوو دەدات و دەبێتە ڕۆژەڤی تۆڕەکان، هەرکەسە و لای خۆیەوە لەبارەیەوە دەدوێت و دەیکاتە مژاری خۆی، ئەم ڕادانە دەستەجەمعییە زۆرینە تووشی بەدحاڵیبوونێکی وەها دەکات کە بڵێن ئێمەش ئاگاداری ئەو کێشەیەین. لە کاتێکدا ئەوەی بەوان دەگات، زۆر جار خودی کێشەکە نییە، بەڵکوو ڕای خەڵکانی دیکەیە لەسەر کێشەکە. واتا بینینی کێشە لە چاوی ئەوانی ترەوە. ئەم بینینە زۆر دوور دەکەوێتەوە لە کێشەکە خۆی، چونکە مامەڵەکردنە لەگەڵ سێبەری کێشەکاندا، نەک خودی کێشەکان. ئەم لێڵییە، وای کردووە زۆر جار بڕوا بە چیرۆکی ڕاستەقینەی کێشەکە خۆی نەکرێت و سێبەرەکانی وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر وەربگیرێن. گرنگە بزانین بەرئەنجامی ئەم زوومکردنە نەک لە ڕاستی کێشەکە نزیکمان ناکاتەوە، بەڵکوو هێندەی تر بەری بینینمان تەڵخ و تەماویتر دەکات. دواجاریش ئەوەی لەو نێوەندەدا وێڵ دەبێت و بۆمان نادۆزرێتەوە، خودی هەقیقەتە؛ هەقیقەتێکی داپۆشراو بە کۆمەڵێک بینینی تر. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وەڵامەی تۆڕەکان و حیکایەتەکانی نێو جڤاک، کۆی وەڵامەکە نین. بۆ دەستخستنی بەشی دووەمی ئەم وەڵامە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ "کارل پۆپەر” وەختێک هەقیقەت و ڕاستی شتەکان دەبەستێت بە ڕەخنەوە. بە ئیلهام وەرگرتن لە "پۆپەر” دەتوانین بڵێین کێشە بۆ ئەوەی ڕوون و دیار بێت و لە هەقیقەتەکەی تێبگەین، دەبێت قابیلییەتی ئەوەی تێدا بێت بەر رەخنە بدرێت. بەم پێیە کێشە کاتێک دەبێتە کێشە کە ببێتە بابەتێک بۆ ڕەخنە، لە ڕاستیشدا بەشی هەرە زۆری کێشەکانی نێو دونیای ئێمە، چونکە سێبەری کێشەکانن و خودی کێشەکان نین؛ بۆیە ڕەخنەکانیشمان ڕەخنەن لە سێبەر و دوورن لە خودی کێشەکانەوە. هەر چەندە بە ڕووکەشیش وای دەربخەین کە زوومی کێشەکانمان کردووە و خەریکی ڕەخنە لێگرتن و چارەسەرکردنیانین.


PM:03:39:07/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی