ڕوح لای گیانەوەرەکان

‌خاليد سلێمان

ئێمە بەردەوام پرسیاری ئەوە لە خۆمان دەکەین کە ئایا گیانەوەرەکان وەک ئێمەی مرۆڤ ژیانی ڕوحییان هەیە؟ بەڵام هەرگیز بەو پرسیارەدا ناچینەوە کە دەبێ ڕوح چی بێت، هەر ئەو فۆرمەی تێگەیشتنە کە ئاینەکان و فەلسەفەو ئەفسانەکان دەیخەنەڕوو، یان شتێکی تر؟ دەکرێ ڕوح تەنها هەستکردن بێت بەشتەکان، ئەوەی لەدووای مردنیشەوە بەجێ دەمێنێت ئەوە بێت کە زیندووەکان وێنای دەکەن؟

ئەوەی ژیانی ڕوحیانەی لای مرۆڤ بەهێزکردووەو کردویەتی بەموڵکی ئەو، زمانە. ئەوە زمانە کە تێڕامان لە شتەکان، لە ئاماژەوە دەگوازێتەوە بۆ دووبارەکردنەوەو بەرهەمهێنانەوەی هەست و سۆز. ئەم پرۆسەیەش جۆرێکە لە قەرەبووکردنەوەی لە دەستدان بۆ ئەو شتانەی بەشێکن لە ژیانمان. دەکرێ بڵێین پرۆسەی بیرکردنەوەشە لە چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی لە درێژەی ژیاندا ڕووبەڕوومان دەبنەوە؛ ئەگەر ترس بن یان هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەک کە مرۆڤ تیایدا خەون بەوەوە دەبینێت وەک باڵندەیەک بفڕێت یان وەک گیانەوەرێکی وەک گورگ بەهێزو یەکگرتوو بێت. لای بەشێک لە دانیشتوانە ڕەسەنەکانی باکووری ئەمریکا، گورگ ڕەمزێکی ڕوحیانەی بەهێزە، لای هەندێکیشیان ورچی سپی وەک ڕوحی بەفر تەماشا دەکرێت.

گیانەوەرەکان وەک ئێمە، لەدرێژایی ژیاندا هەست بەشتەکان دەکەن و نەوەکانی خۆشیان پەروەردە دەکەن و سیستمێکی فێرکردن، بەردەوامیی بەمانەوەو ژیانیان دەدات، بێچووەکانیان فێری خۆشاردنەوەو خواردن و ڕاو دەکەن، بیر لەوە دەکەنەوە چارەسەر بۆ هەموو کێشەیەک بدۆزنەوە. بۆ نموونە ئەسپ کە لە ژێر کارو پاڵەپەستۆی مرۆڤدا ماندوو دەبێت، بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە.

لە زمانی کوردیدا دەڵێین گیانلەبەر، ئەمە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ هەستکردن لای گیانەوەرەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جەوری پڕووکاندن و ماندوکردنیان بۆ چرکەیەکیش نەوەستاوە. لێرەدا، ئەوە دەسەڵاتە پرۆسەی بیرکردنەوەو هەستکردن دووبارە دەکاتەوە، لە دەرەنجامیشدا ڕوح دەبێتە موڵکی مرۆڤ و گیانەوەرو ئاژەڵەکانی لێ بێبەش دەکرێن و دەبنە کەرەستەی بیرکردنەوەی مرۆڤ.

یەکەم ترس کە ژیانمدا چێندرا، بینینی دوو گورگ بوو لە نزیکەوە لە دەشتاییەکی گەرمیاندا. پێش ئەوەش دایک و باوکم ئەوەیان فێر کردبووم کە گورگم بینی هاوار بکەم و بەو شێوەیە گورگ دوور دەکەوێتەوە. ئەمە فێرکردنێکی خۆڕسکانە بوو، هەروەها دووبارەکردنەوەی پرۆسەی بیرکردنەوەو هەست بە مەترسییەکان. تا ئەمڕۆ دیمەنی گورگەکان و هاوارکردنی من، بەشێکە لەو ژیانەی ناوی لێ دەنێین ژیانی ڕوحیانەی مرۆڤ.

یەکەمجاریش کە خەمێکی قووڵ دایگرتم، دووا هەناسەکانی سەگێکی ماڵی باپیرەم  بوو، لەبەرچاوی خۆمدا. من و مامی بچووکم، محەمەد کە ئەنفالکرا، سەگەکەمان زۆر خۆشدەویست، چونکە کەڵەگەت و بوێر بوو، مامم ناوی لێنابوو بازەو هەر لە بچووکییەوە بەدەستی ئێمە گەورە کرابوو. بازە نەخۆش کەوت و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هیچی نەخوارد. ئەوەی زۆر بەلامەوە سەرنج ڕاکێشبوو: لەگەڵ نەخۆشی و نەخواردنیشدا، لەماڵەوە نەدەمایەوەو دووای پەزەکان دەکەوت و بەجێی نەدەهێشتم. نیوەڕوانێک بوو لەسەر زنجیرەی بەرزاییەکانی مازووخ لە گەرمیان، لەپاڵ مندا راکشابوو، نووزەی لێوە نەدەهات، نانێکم لە بوخچەکە دەرهێناو خستمە بەردەمی، لەناخەوە حەزم دەکرد بیخوات و هەست بەوە بکات کە چەند پێویستم پێیەتی.

بۆ یەک چرکە چاوی کردەوەو تەماشای کردم، وەک ئەوەی پێم بڵێ ئیتر تەواو. دووای ئەوە چاوی نەکردەوەو کۆتایی بەژیانی هات. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، باشە بازە کە ئەوەندە نەخۆش و ماندوو بوو، بۆ لەماڵ نەدەمایەوە، بۆچی لەپاڵ مندا پاڵ کەوت، ئەی بۆ کە نانەکەم دایێ چاوی کردەوەو تەماشای کردم؟ وەڵامەکان لە پەیوەندییەکەی من و بازەدا بوو.

لە زمانی کوردیدا ئەڵێین ڕوح شیرینە. ئەم دەربڕینە لەو کاتانەدا دەووترێت کە مرۆڤ یان هەر گیانەوەرێک بەرگری لە خۆی و بێچووەکانی دەکات، یان تا ڕادەی گەیشتن بەمەترسی هەوڵ بۆ دابینکردنی خۆراک و شوێنی مانەوە دەدات.

ڕۆژێک من و خوشکی گەورەم، بێچووی باڵندەیەکی لەق لەقمان لە چەمێکدا گرت و کەوتینە ڕێ تا لە چەمەکە دوور بکەوینەوە، دایکە لەق لەقەکە وازی لێ نەهێناین و بەسەرسەرمانەوە لەشەقەی باڵی دەدا، ئێمەی دڵخۆش بە بێچووەکەی ئەو، هەنگاوەکانمان خێراتر دەکردو ئەویش بەسەر سەرمانەوە زیاتر باڵەکانی بەیەکدا دەدا. پێش گەیشتنمان بەچەند هەنگاوێک، باوکم درکی بەوەکرد چی لە ئارادایەو لەق لەق بەدووای بەچکەدا نەبێت ئەوەندە لە کەس نزیک نابێتەوە، پێی وتین بەچکەکە بەرەڵا بکەین و وازی لێ بهێنین. بەزمانە سادەکەی خۆی باسی پەیوەندی نێوان ئێمەو گیانلەبەرانی بۆ کردین.

باوکم بەزمانێکی سادە شتەکانی بۆ باسکردین، بەڵام ئایا لەق لەقی داکیش هەمان شتی بۆ بێچووەکەی باسکردوە کە نابێت لێی دوور بکەوێتەوەو خۆی توشی مەترسی بکات؟ لێرەدا دەگەرێمەوە بۆ سەر پەیوەندی هەستکردن، ئەوەی ناوی لێ دەنێین ڕوح، بە زمانەوە. لە ڕاستیدا وازنەهێنانی دایکەکەو هاتنی لەگەڵ ئێمەدا بۆ بەدەستهێنانەوەی بێچووەکەی، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ڕوح لای گیانەوەرەکان بەشێکی بەهێزو نەپچڕاوەیە لە سووڕی ژیانیان.


PM:05:57:15/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی