توندوتیژی دژ بەژنان هیچ پێكوتەیەكی نیە

‌سارا قادر

چاوەڕوانیەکان لە دنیای مۆدێرنەدا گەورە و درەوشاوە و پڕ ئۆمێد بوون، بەتایبەتی  ئەو مەسەلانەی پەیوەندیان هەبوو بە مەسەلەی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان .لانیکەم کەمبونەوەی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، مۆدێرنە لەگەڵ خۆیدا هوشیاریی و خوێندەواریی زانیاری زیاتری هێنا هەموانیش پێشبینی ئەوەیان دەکرد لەگەل ئەم فراوانبوونەی هوشیاری و زانینەدا  ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم ژناندا بکرێتەوە ، لانیکەم ئەو توندوتیژیانەی بە درێژای مێژوو بەرامبەریان کراوە کەم بێتەوە. بڕیار بوو هوشیاری زیاتر توندوتیژی کەمتر بکاتەوە. 

زۆرێک لە شاعیرە ڕۆشنگەرەکانی کورد کە خەباتیان بۆ خوێندنی کچان لە قوتابخانەکاندا دەکرد و ئاسۆیەکی روونیان پێشبینی دەکرد، لەو بروایەدا بوون بە خوێدەواربوونی ژنان کۆمەڵگا کامڵ دەبێت و ژنان و پیاوان پێکەوە چەپڵە لێدەدەن. سەرەتاکان دڵخۆشکەر بوون، مۆدێرنە ژنانی بەشێوەیەکی بەربڵاو هێنایە ناو بواری گشتیەوە و زۆرێک لەو مافە سیاسیانەشیان بەدەستهێنا کە پێشتر لێیان قەدەغە بوو. مۆدێرنە ژنانی لە ماڵ هێنایە دەرێ و کردنی بە کرێکار، کارمەند، بەڕێوبەر، مامۆستا و بگرە سیاسیش. ژنان کە سەردەمێک مافی دەنگدانیان نەبوو، لەسەردەمی مۆدێرنەدا مافی خۆپاڵاوتنیان بۆ کایەیی سیاسی وەرگرت و زۆرێکیشیان بە پلەی بەرز و نزم گەیشتن.

سەرەرایی ئەم گۆرانکاریە گەورانەش چیدی مەینەتیەکانی ژنان لە تاریکیدا نەمایەوە و بەردەوام چیرۆکی هەموو ئەو پێشێلکاری و توندوتیژیانە دەبیسترا و دەبینرا کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت. هیچ سەردەمێک هێندەی سەردەمی مۆدێرن زانیاری لەبارەی ئەو پێشێلکاریانەوە ئاشکرا نەکردووە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت. بەڵام مەسەلەکە تەنیا ئەوە نەبوو زانیاریەکان زۆر و بەردەست بن ، بەڵکو مەسەلەی سەرەکیەكە وا بڕیار بوو ئەم زانیاریانە هوشیاری مرۆڤەکان دەستکاری بکات و لانیکەم دەوری هەبێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئاشنابوون بە مافەکانیان. بەڵام پرسیاری سەرەكی و گەورەی ئەمرۆ ئەوەیە ئایا دنیای مۆدێرن ئەو مرۆڤەی بەرهەم هێناوە هەستیار بێت بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و لانیکەم دژ بە توندوتیژی ژنان هەڵوێست وەربگرێت؟ ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، وێنەیەکی خۆشبینانەمان پێ دەبەخشن؟ بە دڵنییایەوە نەخێر چونکە ژنان تا هەنوکەش گەوەرەترین قوربانیەکانی توندوتیژین. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەر سێ ژن یەکێکیان ڕووبەرووی توندوتیژی جیاواز دەبێتەوە، واتە نزیکەی ٧٣٦ ملێۆن ژن لەسەرتاسەری دنیادا بەشێوەی جیاواز ڕوبەرووی توندوتیژی جەستەی یان جنسی دەبنەوە. بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندورستی جیهانی دکتورە تیدۆرۆس ئەدحانۆم غیبریسۆس دەڵێت (توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو ولات و کلتورێکدا ڕوو دەدات، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ملیۆنها ژن و خێزانەکانیان. 

ئەم توندوتیژیە لەگەڵ پەتای کۆڤید ١٩ دا زیادی کرد، بەڵام بە پێچەوانەی کۆڤید ١٩وە تا ئیستا بە هیچ پێکوتەیەک ناتوانریت توندوتیژی دژ بە ژنان ڕابگیریت. دیاردەکە بەردەوامی هەیە و  لەناو ناچێت بەهەوڵی حکومەتەکان و کۆمەڵگاکان و تاکەکان نەبێت بۆ گۆرانکاری و چاکسازی لە رەخساندنی هەلی كار و خزمەتگوزاری بۆ ژنان و کچان و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیە تەندروستانەی لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی دولایەنە دابمەزریت . 

دنیای مۆدێرن زۆر فەزای ژیانی ژنانی گۆڕی، بەڵام تونوتیژی بەرامبەر بە ژنانی نەک کەمنەکردۆتەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی ترسناک ڕووی لە پەرەسەندنی ترسناک کردووە. چیرۆکی ژیانی ژنان لەناو دنیای مۆدێرنەدا، هەمان چیرۆکی ژیانە لە پاش دروستبوونی توڕە کۆمەڵایەتیەکان و فەزای مەجازی. لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ئەوە بووین دروستبوونی ئەم پێگانە دەرفەتێکی زیاتر بخاتە بەردەم ژنان بۆ ئەوەی هاوکاریان بکات تا مافەکانیان باشتر لە جاران بەدەست بێنن، ئەوا خودی ئەم توڕە کۆمەڵایەتیانە لە زۆر شوێندا بوونەتە ئامرازێک بۆ توندوتیژی دەروونی بەرامبەر بە ژنان. ئەم پێگانە چەند دەرگای لە ژنان کردۆتەوە بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی خۆیان بگەیەنن، هێندەش بۆتە ئامرازێک بۆ سوکایەتی پێکردن و ناوزڕاندن و بێ بایەخکردنی ناو و ناوبانگ و کارەکانیان.

هەموو ئاماژەکان دەڵێن هێشتا لەو سەردەمەوە دوورین کە توندوتیژی بەرامبەر بەژنان یەکێک لە چیرۆکەکانی رابردوو بێت کە بۆ نەوەکانمانی دەگێڕینەوە. وەک بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی  جیهانی دەڵێت؛ ڕێگەیەکی زۆرمان لەبەرە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دیاردە قێزەونە بێنین. هەوڵی بەردەوامی هەموو تاکێکی هوشیار و دەزگا حکومیەکانمان پێویستە،  بۆ ئەوەی ژیانێک بڕەخسێنین لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەک دوور لە توندوتیژی. 


PM:07:49:27/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی