هەولێر عیراق رزگاردەکات

‌هیوا جەمال

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەر لە کۆتایی ئەیلول، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەتایبەت پاش سەردانی وەفدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەولێر، دواتر کۆبونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننەکان لەپایتەختی هەرێمی کوردستان.

وەکو هەموو جارەکانی دیکە هەولێر بووەتەوە چەقی بڕیاردان لە دۆخی عیراق، بەتایبەت پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی عیراق، کارتی کورد ئەوجارە دیسان بایێخی زۆری هەیە، بەتایبەت زۆرینەی سوننە رێکەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانە.

هەردوو سوننە و کورد داواکاریی جودایان هەیە بۆ رازیبون بە بەشداریی کۆبونەوەی داهاتوو، بۆنمونە سوننە، ژمارەی زۆریان لە زیندانن بە پاساوی جیاجیا (نزیکەی ٣٠ هەزار کەس)، دەیانەوێت کابینەی تازە کار بۆ ئازادکردنیان بکات، هەروەها کێشەیان لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە لەنێوچەکانیان، دەیانەوێت لەجێگەی ئەوان حەشدێکی سوننی دابمەزرێنن، جگەلەوانە ئاوەدانکردنەوەی نێوچە وێرانبوەکانی دەستی داعش.

کورد داواکانی لە دوو ستون پێکدێن؛ ستونی خێرا، لەسەرویانەوە دابینکردنی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی سوتەمەنی و پێکهێنانی هێزی هاوبەش بۆ ئەونێوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەن.

ستونی ستراتیژیی، دەستهەڵگرتن لە داگیرکردنی زەوی  کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەستانی بەعەرەبکردنی نێوچە کوردییەکان، کارکردن بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستور، یەکلاییکردنەوەی کیشەکانی نەوت و گاز، یەکلاییکردنەوەی کێشە یاساییەکانی دادگەی فیدراڵیی، جێبەجێکردنی دەستور وەکو خۆی، ساخکردنەوە و سفرکردنەوەی قەرزەکانی نێوان هەردوو حکومەت و کێشەی پێشمەرگە.

بۆبەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی باشوری کوردستان، واباشترە پارتی و یەکێتی کێشەی پۆستەکان هەر لە هەولێر یەکلایبکەنەوە، بەتایبەت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێرێکی هاوبەش دەستنیشانبکەن لای هەمولایەک خوازراوبێت، بۆئەومەبەستە پێویستە بۆچونی نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو وەربگرن، هەروەها کەسێکبێت، لایێنی شیعە و سوننە پشتیوانیبکەن نەوەکو دژایەتی، هەروەها لەنێوخۆ خەڵک و لایەنە کوردییەکان بە کاندیدی خۆیانی بزانن.

لەنێو کورد کەسانی بەتوانا هەن بتوانن رۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی پۆستەکان لە بەغدا، کەسانێک کە نیشتمانەکیان خۆشدەوێت، زۆرتر سەرقاڵی بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەبن نەوەک بەدەستهێنانی سامان و پرۆژە و کڕینی دەنگ و بەخشینەوەی پارە بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

پیشنیازدەکەم هەردولا (یەکێتی و پارتی) بەجیا و پاشان هەر هەر پێنج لایێنەکە رۆژێک لە هەولێر کۆببنەوە، دەستەوارەی رێککەوتنی کاری بەغدا بنوسنەوە و واژۆبکەن.

 * دەستەوارە: صَفْقة


PM:02:45:14/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 1600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی