درۆنی سەربازیی تورکیا چییە؟

‌هیوا جەمال

پاش هێرشی "درۆنی تورکیا" لە نزیک گوندی بەرلوتی قەزای کەلار کە نزیکەی ٣٧٥ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا دورە، ئەمڕۆ هاوڕێیەکم لە فەیسبوک نوسیبوی، کەلار لەکوێ و تورکیا لەکوێ؟ پرسیارەکە سەرنجی راکێشام، نزیکەی ٤-٥ کاژێر گەڕانم ئەنجامدا لەبارەی درۆنی سەربازیی، هەزاران وشە و چەندین گوتار و زانیاریم لەوبارەوە خوێندەوە، بەتایبەتی توانای درۆنی سەربازیی تورکیا. بەکورتی لەوبارەیەوە هەندێکیتان لەگەڵ بەشدەکەم.

بایراکتار، جۆرێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیایە، توانای هەڵگرتنی ١٥٠ کیلۆگرام تەقەمەنی یان موشەکی هەیە، دەتوانێت لە بەرزایی ٢٤ هەزار پێ ( نزیکەی ٨ هەزار مەتر) بەخێرایی ٢٢٠ کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بەئاسماندا بسوڕێتەوە، بەبەردەوامی بۆماوەی ٢٤ کاژێر بمێنێتەوە.

بەرهەمهێنانی ئەم فرۆکەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی سەلچوک بایراکتار، دەرچوی پەیمانگەی تەکنەلۆجی ماسیۆشیەتید، بەهاوکاری بەرێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بایکار، زاوای سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان. ئەم فرۆکەیە، لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستکرا بە بەرهەمهێنانی و لە ساڵی ٢٠١٥ بە فەرمی بوە یەکەیێک لە سوپای تورکیا.

یێکەم مەیدانی تاقیکردنەوە بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار، لە رۆژاڤای کوردستان لە ٨ی ئەیلولی ٢٠١٦ بەکارهێنرا، لە هەردوو ئۆپەراسیۆنی قەڵخانی فورات و چڵە زەیتون لە رۆژاڤای کوردستان رۆڵی بەرچاوی بینیوە، بەتایبەت لە هێرشی چڵە زەیتون، نزیکەی ٥٣٠٠ کاژێر بەدرێژایی ئۆپەراسیۆنەکە بەکارهێنراوە.

بایراکتار TB2، دەتوانێت لە دوری پێنج کیلۆمەتر و لەبەرزی ١٨ هەزار پێ، بەوردیی ئامانجەکەی بپێکێت، لەهەر دۆخێکی پلەی گەرمیی تاوەکو ١٧ پلەی ژێر سفر.

فرۆکەی بێفرۆکەوان نێوی جیهانیی درۆنە " DRONE"  وشەیێکە لە زمانی ئینگلیزی وەرگیراوە، بەو هەنگە نێرانە دەگوترێن کە شاژن گەردەن (تلقیح) دەکەن.

تورکیا ئێستا بە دوەم گەورەترین بەرهەمهێنەری درۆن هەژماردەکرێت لەدوای ئەمریکا، تێچوی هەر فرۆکەیێک نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلارە، بەردەوام توانای درۆنەکانی بەرزدەکاتەوە، ؛ دوایین هەوڵ، بایراکتار TB2 ریکۆردی  ٢٧ کاژێر و ٣ خولەک و بەرزی (٢٧.٠٣٠ پێ)ی تۆمارکردوە.

تاوەکو سەرەتای  ئەمساڵ (٢٠٢٢) درۆنی بایراکتار TB2 زێدەتر لە ٤٢٠ هەزار کاژێر لە سوریا، لیبیا و عێراق فڕیوە. هەندێ لە شرۆڤەکارانی سەربازی لەوبڕوایەن درۆن چەکێکی یەکلاکەرەوەبوە لە شەڕی ناگۆرنی و قەرەباخ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان. هەروەها لەم دواییانە درۆنی TB2 لە ئەسیوپیا بەکارهێنراوە.

ئەگەرچی وا بانگەشە دەکرێت درۆن ئامانجەکانی بە وردی و راستی دەپێکێت بەڵام، رێکخراوەکانی چاودێری راپۆرتی جیاواز لەبارەی بەکارهێنانی ئاماژەپێدەدەن، بۆنمونە رێکخراوی پاکس بۆ ئاشتی گریمانەی ئەوەیکردوە، درۆنەکان لە  ئەسیوپیا و کوردستان، خەڵکی سڤیلیان کردوەتە ئامانج، بۆنمونە لانیکەم ٥٩ هاوڵاتی سڤیل لە تیگرای لەرێگەی درۆن کوژراون.

ئەم وڵاتانە درۆنی بایراکتاری تورکیایان کریوە؛ قەتەر (٢٠١٧)، ئۆکراینا (٢٠١٩)، ئەسیوپیا (٢٠١٩)، ئازەربایجان (٢٠٢٠)، تونس (٢٠٢٠)، مەغریب (٢٠٢١)، و تورکمەنستان (٢٠٢١)، پۆڵەندا (٢٠٢١) بوە یێکەم وڵاتی ناتۆ درۆنی تورکی بکڕێت، هەروەها لیتوانیا و بەریتانیا دەیانەوێت بیکڕن.

بایراکتارTB2، بە سیستمێکی ئاڵۆز کاردەکات، دەتوانێت ٤ موشەکی MAM-L و MAM-C  لەسەر باڵەکانی هەڵبگرێت کە لەلایەن کۆمپانیای  Roketsan  بەرهەمهێنراون. لەرێگەی چەند وێستگەوە کۆنترۆڵدەکرێت و کاردەکات، پێویستی بە رێنیشاندەری پێشوەخت هەیە لەسەر زەوی بۆ دیاریکردن و پێکانی ئامانجەکەی، جگە لە بنکەی سەرەکی دەتوانرێت لەرێگەی تۆڕێکی پارێزراو ببەسترێت بە موبایلی زیرەک، لەرێگەی (GCS)، سیستمی داتابەیس و کارکردنی پێێدەڵێن، (BGAM)، بەردەوام ئایدی و ژمارە نهێنییەکان دەگۆڕێت، ئەگەر ئینتەرنێت ئاسایی کێشەی تێکەوت دەبەسترێتەوە بە مانگی دەستکرد.


AM:09:49:18/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی