ھەویرەکە چۆن بشێلین!

‌سەردەشت حەمەساڵح

نامەیەک بۆ سەرۆکی حکومەت

دوای خاپور کردن و لێدانی بە ئەتۆم، یابان لە رێی پەروەردەوە خۆی بونیاد ناو ھەستایەوە.
جێی دڵخۆشییە ئێستا حکومەتی ھەرێم پێشخستنی پەروەردەی کردۆتە ئەولەویەت و دەیەوێت بەچڕی کاری لەسەر بکات.  بواری پەروەردە پسپۆڕی من نییە، لێ دەتوانم قسەی خێری تیا بکەم.

پەروەردە لە وڵاتی یابان زۆر بایەخدارەو لەسەر ئاستی جیھانیش یەکێکە لە پەروەردە سەرکەوتوەکان، دەکرێ حکومەتی ھەرێم سود لە ھەر وڵاتێک ببینێ کە لە پەروەردەدا سەرکەوتوە. بێگومان زەمینەی ئەم ھەرێمەی ئێمە وەک ئەو وڵاتانە لەبار نییەو فاکتەرگەلێک ھەن کە لەمڕۆدا ناتوانین ئەو خەونە بەدیبھێنین، لێ ناکرێ پێمان وابێ کە ناگەین بەوان، بەڵام ھەنگاو نان باشترە لە وەستان.

دەکرێت حکومەت چەند وەفدێک بنێرێت بۆ دراسەو تێگەیشتن بۆ ئەو وڵاتانەو پاشان گەڵاڵە کردنی سیستم و پڕۆگرامی نوێ و ھاوچەرخ بۆ ھەرێم و پیادەکردنی. باشترە سەرۆکی حکومەت راوێژکارو چاودێری تایبەت بۆ ئەوە دابنێ.

بەر لەھەموو شتێک پێویستە پێش پەروەردە، ئێمە رەوشت فێری نەوەی داھاتو بکەین، مرۆڤ بوون ھاوشانی خوێندن تیایاندا بچێنرێت. بخرێتە ناخیان کە روەک و ژینگەو ئاویان خۆش بوێ، رێز لە بیرو بۆچونی جیاوز بگرن، کلتورو توراسی وڵاتیان لا خۆشەویست بکەین و ئاژەڵپارێزبن.

دەکرێ رۆژانە کاتژمێرێک بۆ فێرکردنی رەوشت لە قوتابخانەکان بخوێندرێت. گوزەرانی مامۆستایان پێداچونەوەی بۆ بکرێت و مامۆستایانیش برەو بە خۆیان بدەن، نەک تەنھا ئەو بڕوانامەیەی ھەیانە ھەتا خانەنشینی پێی بڕۆن، بەڵکو دەبێت ئەبدەیتی زانیاریی و وتنەوەو ھەڵسوکەوتیان بکەن. ھەروا پێویستە لەسەر حکومەت و رێکخراوەکانیش بۆ ھەماھەنگی و ئەو مەبەستە خولی بەردەوام پێشکەشی مامۆستایان بکەن.

ئەرکی وەزارەتیش بێت لەو بوارەدا چاودێری بکات، ناکرێ مامۆستای سەرکەوتو و ئەکتیڤ وەک مامۆستای بێ تاقەو بێ توانا یەک حسابیان بۆ بکرێت، مەبەستمە بڵێم پڕۆسەی خوێندن تەنھا قوتابی لەبەر فێرکردندا نەبێت، بەڵکو مامۆستایانیش لە وەرگرتن و فێربونی زیاتردا بن و پێکەوە لە بازنەی فێربون بن.

پێویستە شارەزایان بە وردی دراسەی کات بکەن بۆ خوێندن، وانەکان کاتی پێویستیان بۆ دابنرێت، بەجۆرێک خوێندکار بێزار نەبێت،  لە خوێندنگا خەیاڵی ماڵەوەی نەبێ، بەڵکو لە ماڵەوە خەیاڵی لای خوێندنگا بێت. گرنگە خوێندن خۆشەویست بکرێ، نەک قورسایی بێت بۆیان. بۆ ئەوەش حەزی قوتابیان رەچاو بکرێ و وانەی وەرزش بایەخی زیاتری پێ بدرێت. پێشنیاریشم ھەیە کە بەوردی لە قوتابیان بکۆڵرێتەوە کە حەزو بەھرەکانیان چییەو بایەخیان پێ بدرێ ھەتا داھێنان و ئەفراندن تیایاندا گەشە بکات.

ناکرێت خوێندکار تەنھا وەر بگرێت، دەبێ فێر بکرێت و تاکێکی داھێنەری لێدروست بکرێت.

بۆچی کوردێک بتوانێ ببێ بە وەزیری پەروەردەی بەریتانیا، بەڵام پەروەردەی ئێمە ھەر چەقبەستو بێت.
داوا لەبەرێز سەرۆکی حکومەت دەکەم، چەند وەزارەتێک تێکەڵ بکات و چەند بەڕێوەبەرایەتییەک لەیەک بدات و رۆتینات کەم بکاتەوە، لەبەرامبەردا وەزارەتێک بۆ مناڵان دروست بکات.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبون لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گواستنەوەوگەیاندن بکات بەیەک.
وەزارەتی کارەباو ئاو بکاتە یەک وەزارەت.

وەزارەتی پلاندانان نەھێڵرێت، لەکاتێکدا ھەموو وەزارەتێک دەبێ پلانی خۆی ھەبێت.

بەھەرحاڵ ھەندێ دەستەو وەزارەت پێویست نییە جودا بن، کورت بکرێنەوە، لەزۆر روەوە سودی بۆ حکومەت ھەیە.
دەکرێت وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاش یەک وەزارەت بن. ئەوەی گرنگە وەزارەتێک بۆ مناڵان دروست بکرێت، کە گەورەترین خزمەتی وڵات و ئایندەی وڵات دەکات، وەک رەوزەیەک دەبێ پێش پەروەردە.

ئەگەر وەزارەتیش بەرەوا نابینرێت، پێشنیار دەکەم دەستە یان بەرێوەبەرایەتییەکی گەورەی بۆ دروست بکرێت.
ھەماھەنگی پەروەردەو بونیاتی ئایندەیەکی سەرکەوتوە.

ئەو شوێنە گەر دروست بکرێت، دەتوانرێت تەلەفزیۆنی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت، ھەتاوەکو لە ماڵەوە بتوانین سودی لێوەرگرین بۆ مناڵەکانمان، لەو شێواندنەی ئێستا ھەیە مناڵەکانمان بپارێزین.

بۆ پلانی ئەو بیرۆکەیەش قسەی تر ھەن بۆ ئەوە، ھەرکات بەھەند وەرگیرا دەیانکەین.

ئەم وڵاتە دەبێ لە بنەوە دەست بە چاککردنی بکرێ، مناڵانیش ھەویرێکن چۆنمان بوێ وەھا دەیانشێلین.
دەکرێ سود لە قسەی بیرمەندو پرۆفیسۆرانی بیانی وەربگیرێت، بەتایبەت (ئۆشۆ)، کە جەخت لەوە دەکاتەوە مناڵەکان کۆپی خۆمان نەبن.


AM:09:01:20/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی