هاووڵاتی کوردستانی... ئەو ئەرکەی لە کارەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان ونە!

‌کاوە محمود

سەرەڕای ناکۆکی و ململانییە ئاڵۆزەکان لە جیهانی ئەمرۆدا، پەرەسەندنی ئامرازەکانی گەیاندن و لەیەکتر حاڵیبوون و، تێکەڵبوونی شارستانییەکان و ئەگەری کۆکبوون لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەکان و، پێداویستی کاری بەکۆمەڵ و گشتگیری مرۆڤایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، کە تێکرای ئەمانە بابەتی هاوبەشی جیهانی ئەمرۆن، وای کردووە کە سەدەی بیستویەکەم بە سەدەی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە ناوببرێت.

بنەمای سەرەکی بابەتی بەیەکەوە ژیان، باوەڕبوونە بە فرەکەلتووری لەسەر ئاستی جیهان و مامەڵەکردنە لەگەڵ بەرامبەر لەسەر ئەم بنەمایە.

لایەنێکی دیکەی ئاراستەی کارکردن لەسەر ئاستی جیهانی کە تەواوکەرە بۆ چەمکی بەیەکەوە ژیان، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کار و تێکۆشانە لەسەر ئاستی هەر وڵات و نیشتمانێک بۆ وەدیهێنانی ڕەوشی بەیەکەوە ژیان، کە پێویستی بە کۆمەڵێک مەرج و پێداویستی هەیە و، بێ دابینکردنیان، بەیەکەوە ژیانی ڕاستەقینە دابین ناکرێت.

لە کوردستاندا زۆر جار ئاماژە بە بابەتی بەیەکەوە ژیان و شانازیکردن بە بوونی دەکرێت. لە بواری دانانی یاسای تایبەت بە مافی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی هەرچەندە بە هۆی پابەندبوونی هەندێ یاسا وەک باری کەسێتی بە دەقی ئاینیی زۆربە، کەلین لە بواری یەکسانی نێوان تاکەکان بە هۆی جیاوازی لە نەریتە ئاینییەکان هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی تێڕوانینێکی تەقلیدی, بە چاوی قایلبوونەوە تەماشای پێگەی یاسایی ئەم بابەتە دەکرێت، هەرچەندە ئەگەر دوور لە تێڕوانین و بۆچونی نەریتییەوە بڕوانینە چەمکی بەیەکەوە ژیان لە کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردستاندا، ئەوا ڕەوشی کۆمەڵێک بابەتی گرنگ خۆی بەسەر ڕواڵەت و بەرجەستەبوونی بابەتی بەیەکەوە ژیان دەسپێنێت، لەسەرووی هەموویانەوە چەمکی هاووڵاتیی کوردستانییە.

لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی بوونی کوردستانی باشور بە هەرێمێکی لکێنراو بە دەوڵەتی عێڕاقەوە، پاسپۆرت وەک بەڵگەنامەی فەرمی لە سەردانی دەوڵەتانی دیکە و، بەڵگەی ناسنامە لە بەڕێوەبردنی کاری تاک لە فەرمانگەکانی حکومەتدا بە شێوەیک فەرمی ناسنامەی عێڕاقییە، بەڵام جیاوازی لە نێوان دوو چەمکدا هەیە کە هەندێ جار بە هەند وەرنەگیراوە. چەمکی ناسنامە وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی، کە ئێستا ناسنامەی عێڕاقییە، جیاوازە لە چەمکی شوناس، کە بەنیسبەت ئێمەوە شوناسی کوردستانییە.

بەیەکەوە ژیان بە هەڵگرتنی ناسنامەی دەوڵەتێک مسۆگەر نابێت و بنیات نانرێت. سەقامگیربوونی بەیەکەوە ژیان لە کۆمەڵگای کوردستاندا بە شوناسی هاووڵاتیی کوردستانی گەڵاڵە دەبێت، کە بنیاتنانی ئەم شێوازە هاووڵاتیبوونە وەک ماف و ئەرک و هەست و، پێویستی بە کۆمەڵێک فاکتەری هەمەجۆرە، کە پەروەردەی تاکی کوردستانی پێ بکرێت و، ئەمەش وا دەخوازێت کۆمەڵێک میکانیزم و ئاراستەی کارکردن پەیڕەو بکرێت و لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری کوردستاندا ڕِەنگبداتەوە و، پەیوەندی تاک بە ناکی دیکە و بە کوردستانەوە پەیوەندی تاک بێت بە نیشتمانەوە.

ئەم هاوکێشەیەی ئاماژەمان پێکرد، چەمکی هاووڵاتیی کوردستانی درووست دەکات و، شوناسی کوردستانی بوون لەسەروو شوناسی لۆکاڵی و ناوچەیی و نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزایی دەبێت.

هاووڵاتیبوون وەک بنەمایەکی هاوچەرخی بەیەکەوە ژیان لە کوردستاندا پێویستی بە داننانە بە کەلتووری جیاواز و بەکردەوە پەیڕەوکردنی ئەو كەلتورە، بە جۆرێک پەیوەندی بەردەوامی تاکی ئەم هەرێمە لەگەڵ تاکی بەرامبەری خۆی لە نیشتمانەکەیدا بەدەر لە جیاوازی پێکهاتە و شوناسی لۆکاڵی و جیاوازی ئاینییەوە بێت.

بەیەکەوەژیان و هاووڵاتبوونی کوردستانی دوو توخمی گرێدراوە بەیەکتر و، پێویستی بە ئاراستەی بەردەوامبوونی شێوازی عەقلانیزمە لە ڕەفتار و پەیوەندی تاک لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی درووستکردنی زەمینەی دیالۆگ و لەیەکتر تێگەیشتن. ئەم شێوازە دیموکراسییە لە پەیوەندی تاک لەگەڵ یەکتردا کە یەکێک لە بیرمەندەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە فەلسەفەدا، هابرماس باسی دەکات بە فراوانتر لە بابەتی دیموکراسی پەرلەمانی دایدەنێت کە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی کەسێک بۆ گروپ و ژمارەیەک درووست بووە.

کاتێک ڕەوشی پەیڕەوکردنی دیموکراسی بکرێ بە نەریت و بەها و ڕەوشتی گفتوگۆ لەگەڵ یەکتردا، بنەمای مامەڵکردنی کۆمەڵگایی لەگەڵ یەکتر دابین دەکرێت و هەنگاوەکان بۆ بنیاتنانی بناغەی سەقامگیری کۆمەلایەتی و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی کۆمەڵگا سەرکەوتووانە ئەنجام دەدرێت و، زەمینەی دیالۆگی هاوبەش و کاری بەکۆمەڵ و بەشداریی لە دانانی نەخشە ڕێگای پێویستی پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوای نیشتمانی کوردستانی و، کۆکردنەوەی هێزی کۆمەڵایەتییە لە ئاراستەی تێکۆشاندا بۆ وەدیهێنانی ئەرکی نیشتمانی، دابین دەکرێت.

بەشێک لە بنەماکانی چەمکی بنیاتنانی هاووڵاتی کوردستانی پەروەردەکردنی تاکە لە کوردستاندا بە ئاراستەی هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی سەرجەم ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی خۆی و کۆمەڵگای کوردستانەوە هەیە. پەروەردەکردن بە میتۆدی ڕەخنەگرانە پێویستی بە دابینکردنی سەرجەم ئازادییەکانی بیرکردنەوە و بیروباوەڕ و ڕادەڕبڕین هەیە کە ئەمانەش سادەترین مافەکانی مرۆڤە و ڕێگای بنیتنانی تاکی ئازادە.

کاتێکیش دیالۆگی هۆشمەندانە و ئامادەبوون بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و ئاراستەی ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن بنەمای ڕەفتار و هەڵسوکەوتی پرۆسەی سیاسی لە نێو کۆمەڵگادا بێت، ئەوا ئاسۆی هەنگاوەکان بۆ هاووڵاتیبوونی کوردستانی و پاراستنی بەیەکەوە ژیان ڕوونتر دەبێت و، زەمینەیەکی بتەوەی پێشکەوتن و گەشەسەندن بۆ نەوەی داهاتوو دابین دەکرێت و، نەریتی ئاشتی و پابەندبوون بە ڕاستی و قایلبوون بە عەدالەت و لێبوردەیی شوێنی ناسەقامگیری و ناتەبایی و ئاژاوە دەگرێتەوە.

درووستبوونی ڕایەڵەی عەقلیەتی بەردەوامبوونی گوێگرتن لە یەکتر و تەفاعل کردن لەگەڵ بۆچونەکانی بەرامبەردا، مایەی رزگاربوونە لە خولیای پابەندبوون بە عەقلی شمولی و قۆرخکردنی ڕاستی، کە ئاکامەکەی داخستنی بازنەی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی لە نێو پانتایی گشتی دەبێت.

بنیاتنانی چەمکی هاووڵاتی کوردستانی پێویستی بە تاكی ئازاد کوردستانی و زەمینەی دیالۆگی تاکەکانە بە ئاراستەی گەیشتن بە مەبەستی دەستنیشانکراو لە بابەتی دیالۆگەکە، بەو جۆرەی قایلبوونێکی گشتگیر بەرهەمبهێنرێت و، لە هەمان کاتدا توانای پێداچوونەوە و رەخنەگرتن و ڕاستکردنەوەی بابەتەکان هەبێت و، زمانی لۆجیک و واقیعبینی پێوەری هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بێت و، خستنەڕووی بۆچونەکانیش لە هەموو شێوازەکانی فشار بەدوور بێت.

هەرچەندە ئەزموونی تێکۆشانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان لە قۆناغەکانی ڕابووردوودا گرنگی هەستی کوردستانیبوون و ڕەنگدانەوەی ئەم بابەتەی لە ڕەفتار و کاری سیاسی و تێکۆشاندا خستۆتە ڕوو، لە هەلومەرجی ئێستای کوردستانی باشوردا کارکردن بۆ بنیاتنان و کارکردن بە چەمکی هاووڵاتی کارا یەکێکە لە پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوە، کە تاکێکی هۆشمەند بە بەرژەوەندی نیشتمانەکەی و چارەنووسی گەلەکەی لە دەرەوەی بازنەی بەرتەسکی حزبایەتی و بەرژەوەندی کاتی بنیات دەنێت.


AM:12:10:24/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 1004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی