بەکۆمەڵ کوشتنی ئاشورییەکان لە سیمیڵ تاوانێکی جینۆسایدی دیکەیە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا

‌کاوە محمود

بەکۆمەڵ کوشتن یەکێک بووە لەو تاوانە دڕندانەیەی کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دژ بە پێکهاتە و گەلانی زۆرلێکراو لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتدارن کراوە. ئاشورییەکان یەکێک لە گەلە ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە مێژووی ناوچەکەدا خاوەنی شارستانی مەزن بووە.

ئەم گەلە هەر وەکو ئێزیدی و ئەرمەن دووچاری چەندین شاڵاوی قڕکردن و بە کۆمەڵ کوشتن بووە. یەکێک لەو شاڵاوانە کە لە ساڵانی کۆتایی ئیمبراتۆری عوسمانی و لە ماوەی یەکەمین شەڕی جیهانیدا لە لایەن عوسمانییەکان و جاشەکانیان ئەنجام دراوە، شاڵاوی بەکۆمەڵ کوشتنی سیڤو بوو، کە دەرهەق بە ئاشوری و سریان و کلدان کراوە کە لە ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێستای تورکیا و ناوچەکانی نزیک دەوڵەتی قاچاری دەژیان و، لە ئاکامدا ناچاربوون ناوچەکانی ئورفە و ماردین و مدیات و تور عابدین و هەکاری و وان و بدلیس جێ بهێڵن و بەرەو ئورمیە و شوێنی دیکە ڕابکەن. هەرچەندە ئاماری ورد سەبارەت بە قوربانییەکان نییە بەڵام بەشێک لە توێژەوەران بە زیاتر لە 250 هەزار کەس مەزندەی دەکەن.

کۆتایهاتنی یەکەمین شەڕی جیهانی و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی بە نەهامەتی گەلانی بندەست نەهێناوە و، ئەوە بوو ڕەفتاری داگیرکەرە نوێکان (ئینگلیز و فەرەنسییەکان) کە پێوەری سەرەکییان بۆ دابەشکردنی ناوچەکە بەرژەوەندییەکانیان بووە، لە ڕەفتاری وەحشیگەرانەی ئیمبراتۆری عوسمانی کەمتر نەبووە.

خەونی ئاشورییەکان دوای کۆتایی یەکەمین جەنگی جیهانی، وەدەسهێنانی خودموختاری بووە و، بۆ ئەم مەبەستە لە سوپای لیڤی ئاشوری، کە ئینگلیز درووستی کرد بەشدار بوون بەو هیوایەی کە ئینگلیز پشتگیری لە داواکارییەکانیان بکات.

بەڵام کاتێک حکومەتی بەریتانیا لە چوارچێوەی نەخشەی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق بێ گوێدان و هەڵسەنگاندنی تابلۆ و نەخشەی گەلان و پێکهاتەکانی ناوچەکە، داواکاری ڕەوای ئاشورییەکان فەرامۆش دەکات، کەنیسەی رۆژهەڵات چەند نامەیەک بۆ "کۆمەڵەی نەتەوەکان" دەنێرێت بەو مەبەستەی ئاشورییەکان لە کیانێکی نیمچە سەربەخۆ لە سوریادا نیشتەجێبن. ئەم داواکارییە لەلایەن حکومەتی فەرنسا ڕەتکرایەوە و، لەوەش زیاتر حکومەتی عێڕاق دانی بە ئاشورییەکان وەک تایفەیەک لە دەوڵەتدا نەنا.

دژە هەڵوێستەکان بەرامبەر مافە ڕەواکانی ئاشورییەکان وای کرد کە ئاشورییەکان بە کۆمەڵ لە سوپای لیڤی ئاشوری کە بەریتانیا درووستی کردبوو بکشێنەوە و، بە پشتگیری پاتریکی کەنیسەی ڕۆژهەڵات داوای مافی گەلەکەیان بکەن.

ژمارەیک لە ئاشورییەکان کە مێژوونووسان پێیان وایە 800 کەس دەبوون بە سرۆکایەتی ئەفسەرێکی ئاشوری (مالک یاقو) سەردانی سوریایان کرد و لە لایەن فەرنسییەکانەوە دەرکران و، بە پێی نەخشەیەک حکومەتی عێڕاق لە سنووردا بە هێزی چەکداری ڕووبە ڕوویان بوونەوە.

پێش ڕوودانی شاڵاوی بەکۆمەڵ کوشتنی ئاشورییەکان لە 11ی ئابی 1933 لە سیمیڵ کە ئەو کاتە تەمەنی دەوڵەتی عێڕاق 12 ساڵ بوو، سوپای عێڕاق پاکتاوی جموجۆڵی سەربازی ئاشورییەکانی کردبوو، گوند و شوێنی نیشتەجێی ئاشورییەکان بەر تڵان وبرە کەوتووبوو.

لە 7ی ئابی 1933 سوپای عێڕاق داوای لە خەڵکی مەدەنی و بێدیفاعی ئاشوری کرد کە بەرەو گوندی سیمیڵ برۆن و، لە 9ی ئابدا هێزی سەربازی عێڕاق بە سەرکردایەتی دوو تاوانبار، قائمقامی زاخۆ و ئەفسەری سوپا ئیسماعیل عباوی ژن و ومنداڵانیان لە نێو مەخفەری سیمیڵدا لە پیاوانیان جیاکردەوە. لەم کاتەشدا ماڵومولکی ئاشورییەکان بەر تاڵان و ئەنفال کەوتن.

لە 11ی ئابدا سوپای عێڕاق بە فرمانی ئەفسەری تاوانبار ئیسماعیل عباوی قەسابخانەیەکی گەورەیان لە مخفەری سیمیڵ لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی عێڕاق ساز کرد، کە ژمارەی قوربانییەکان بە پێی نوێنەرانی ئینگلیز کە ئامادەی ئەم تاوانە بوون بە 600 کەس مەزەندە دەکرێت و، بە پێی ئاماری ئاشورییەکان قوربانی گشتی شاڵاوی ئیبادەکردن لە رۆژانی 7 تا 11ی ئاب، 3 هەزار کەس بوونە.

یەکێک لە ڕفتار و کردەوە شەرمەزارییەکانی ئەو کاتەی دەوڵەتی عێڕاق لەوەدابوو کە ئەم تاوانەی بە سەرکەوتنێکی نیشتمانی گەورە و مەزنی بۆ دەوڵەت و بۆ "گەلی عێڕاق" دانا. ئەوانەی لەم تاوانەدا بەشدار بوون کە بە پێی شاهیدحاڵەکان باسی دڕندەییان و شێواندنیان بۆ تەرمی قوربانییەکان دەکەن، لە لایەن دەوڵەتەوە بە پاڵەوانەی نیشتمانی لە قەڵمدران و، خەڵاتکران. رۆژنامەگەری ئەو کاتەی عێڕاق ڕۆڵێکی چەواشەکارانەی بینی لە هاندانی خەڵک دژ بە ئاشورییەکان کە بە کرێگیراوی ئینگلیز لە قەڵەمیدان، لە کاتێکدا بەریتانیا بە وردی ئاگاداری تاوانەکە بوو و، بێدەنگی لێکرد و پشتگیری دەوڵەتی عێڕاقی کرد و پاتریکی کەنیسەی ڕۆژهەلات (مارشمعونی بیستوسێیەمی) لە بەغدا دەستەبەسەر کرد و نفی دوورگەی قوربسی کرد.

تاوانی جینوساید لەم ناوچەیەدا دوای بەکۆمەڵ کوشتنی ئاشورییەکان لە سیمیڵ بەردەوام بوو. ئەنفالی فەیلی و بارزانییەکان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و، هەشت پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و بەکۆمەڵ کوشتنی ئیێزیدییەكان، زنجیرەیەک تاوانە کە بە شێوازی جۆراجۆر لە دەوڵەتێکدا ئەنجام دەدرێت تا ئێستا عەدالەتی ڕاگوزاری تیادا ئەنجام نەدراوە و، تا ئێستا تاوانبار هەیە بە سزای عەدالەت نەگەینراوە.

تا ئێستا دەوڵەتی عێڕاق سەبارەت بەکۆمەڵ کوشتنی سیمیل داوای لێبوردنی لە ئاشورییەکان نەکردووە. تا ئێستا دەوڵەتی عێڕاق ئەم تاوانەی بە جینوساید دانەناوە.




AM:09:05:16/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی