هەڵمەتێکی نیشتمانی دژ بە کوشتنی ژنان ئەرکێکی هەنووکەییە

‌کاوە محمود

ژمارەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە سەرەتای ساڵی 2022 وە کە باس لە 25 تاوان لە ماوەی کەمتر لە پێَنج مانگدا دەکرێت، زەنگێکی مەترسیدارە لە بواری کۆمەڵایەتی، کە ئاماژەیە بۆ تێکچوون و شێواندنی شیرازەی ئاسایشی گشتی لە ڕەوشێکدا کاردانەوەی حکومەت کە لە سەرەتاوە بەرپرسە بەرامبەر نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەی دەبنە ڕێگاگرتن لەم دیاردەیە، تەنها لە چوارچێوەی شەرمەزارکردن و ریسواکردنی ئەو تاوانانەیە، کە ئەم هەڵوێستەش ناگونجێ لە گەڵ ئەرکی حکومەت بۆ ئەنجامدانی میکانیزم و هەنگاوی توندوتۆڵ بۆ ڕێگاگرتن و بەدواداچوون و دەسگیرکردن و بەپەلە دادگایکردنی تاوانبارن بەو جۆرەی کە کۆمەڵگا هەست بەو هەنگاوە کردەییانی ئەم بوارە بکات.

دیاردەی کوشتنی ژنان هاوکاتە لە گەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە بواری خێزان، جگە لە دیاردەکانی هەراسانکردن لە بواری کار، کە ئەمەش دۆخێکی دەروونی بۆ ژنان درووست کردووە بەو جۆرەی هەردەم دەبێ لە ئامادەباشیدابن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی گێچەڵ و هەراسانکردن.

ئەزموونی ساڵانی دووای ڕاپەڕینی 1991 ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ژمارەی توندوتیژی دژ بە ژنان و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە گەڵ تێکچوونی ڕەوشی سیاسی و ئاسایشی گشتی و بوونی قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەکان و تێکچوونی ڕەوشی ئابووری، و لاوازی ڕۆڵی حکومەت لە ئەنجامدانی ئەرکی گشتی، بەرەو زیادبوون دەچێت، و هەڵبەتە تێکرای ئەو هۆکارانەش دەبنە هۆی نەمانی سەروەری یاسا و لاوازی ڕۆڵی دەزگا فەرمییەکان و پەنابردن بۆ شێوازە نەریتییە کۆنەکانی پێش بوونی چەمکی دەسەلاتی گشتی کۆمەڵگا و بوونی یاسا و دەسەڵاتی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، و سەرجەم ئەم دۆخەش لە سەر پێشێلکردنی مافی ژنان و هەڕەشەکردن لە ژیانیان و زیادبوونی دیاردەی کوشتنی ژنان دەبێت.

ئەوەی ڕچاو دەکرێت کە کاتێک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تایبەت بە بواری چالاکی فیمینیستی و داکۆکیکردن لە مافی ژنان دەنگیان دژ بەو تاوانانە بەرزدەبێتەوە، بەرپرسانی باڵای حکومەت لە لێدوانەکانیاندا لە بازنەی ریسواکردنی تاوان ناپەرێِنەوە بۆ بازنەی هەنگاوی کردەیی بەرپەچدانەوەی تاوان و پێشێلکارەکان.

ئەم هەڵوێستەی حکومەتی هەرێم ڕەنگدانەوەی نەبوونی دیدگای ڕوونە سەبارەت بە بابەتی مافی ژنان کە پێویستی بە دیدێکی فراوانی ئەوتۆیە کە مەسەلەی مافی ژنان لە چوارچێوەی چەمکی یەکسانیخوازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، و بەرجەستەبوونی ئەم چەمکانە لە نەخشەی گەشەپێدان و ئەجیندە کاری حکومەت و پێداچوونەوە بە یاساکان و جێبەجێکردنی ئەو هەموارانەی لە بەرژەوەندی مافی ژنان لە یاساکاندا کراوە، تەماشا بکرێت.

بەشێَکی دیکەی ئەرکی حکومەت هەڵوێست وەرگرتن و دوور کەوتنەوە لە بێلایەنییە سەبارەت بەو ململانێیەی کە لە نێو کۆمەڵگادا نێوان پارێزگارخوازان و کۆنەپەرستان و هەڵگرانی بیری پیاوسالاری لە گەڵ مرۆڤدۆست و پێشکەوتنخواز و هەڵگرانی بیری مۆدێرنە لە کۆمەڵگادا سەبارەت بە مافی ژنان هەیە. ئەرکی حکومەت و لێَپرسراوانە لە گشت بوارەکاندا کە بە ڕوونی و بەکردەوە لە سەنگەری مافی ژنان و نەهێشتنی پێشێلکردن و زەوتکردنی ماف و ڕێگاگرتن لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ژنان بێت.

بەردەوامبوونی دیاردەی کوشتنی ژنان پەڵەیەکی شەرمەزاری ڕەشە، و هەڕەشەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی و بەرپرسیارییەکی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت، کە لەم هەلومەرجەدا هاوکات لە گەڵ پێویستی توندبوون لە کاردانەوەی ئەمنی و هەنگاوانی کردەیی دوور لە لۆجیکی سواوەی پارێگارخوازان کە گوایە دیاردەی کوشتنی ژنان لە سەرجەم کۆمەڵگاکانی جیهاندا هەیە، زۆر گرنگە هەڵمەتێکی نیشتمانی لە لایەن حکومەت و بەبەشداری رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان و چالاکەوانی بواری فیمینستی دژ بە دیاردەی کوشتنی ژنان ئەنجام بدرێت.


AM:09:34:17/05/2022

ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی