بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی کوردستانی پشت بە کێ ببەستین؟

‌کاوە محمود



لە جیهانی ئەمرۆدا هیچ شوێن و وڵات و ناوچە و قوژبنێک نییە کە دوورگەیەکی دابڕاو لە سەرانسەری جیهاندا بێت، بەتایبەتی لە گەڵ پەرەسەندنی بەرچاو و گەورەی بواری پەیوەندییەکان باس لەوە دەکرێت کە جیهان نەک یەک گوندە بەڵکو یەک ماڵە.

لە ماوەی سەد ساڵی ڕابووردوودا هەوڵ و کۆششی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێکخستنی پەیوەندییە نێودولەتییەکان و پەیوەندی نێوان نەتەوەکان بوو کە تایتڵە سەرەکییەکەی هاوسەنگی و عەدالەت و پاراستنی ئاشتی و مافی هەر نەتەوەیەک بوو، بەڵام لە پراکتیکدا ئەوەی بە ڕوونی دەرکەوتووە بەرژەوەندییەکان و تەرازووی هێزەکان و فەرزکردنی ئەمری واقیع و لۆجیکی هێز هۆکاری سەرەکی گۆڕانکارییەکان بووە کە تا ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی جیهان ڕوو دەدات، و ناوەڕۆکی ململانییەکان لەو هەڵسەنگاندنەی لینین بۆ سیفەتەکانی ئیمپریالزم دەرنەچووە کە باس لە دابەشکردنی جیهان و بازاڕەکان نێوان هێزەکانی سەرمایەداری دارایی دەکات و هەر ناکۆکییەکیش لەو بوارەدا دەبێتە هۆی ململانێ و هەڵگیرسانی چەنگێک کە مۆرکێکی جیهانی وەردەگرێت.

ئەوەی لە هەلومەرجی سەدەی بیست ویەکەمدا ڕچاو دەکرێ ئەوەیە کە ململانییەکان تەنها لە نێوان زلهێزە سەرکەوتووەکانی یەکەمین و دووەمین شەڕی جیهانیدا نییە. لە میانەی ناکۆکی و ململانی ئەو وڵاتە سەرمایەدارانە و دابەشبوونیان بە سەر جەمسەری جیاواز هێزی نوێی هەرێمایەتی کە لە مێژوودا و پێش ئەو شەڕە جیهانییانە ئیمبراتۆریەت بوونە، ئەمڕۆ بە وروژاندنی نەتەوەی سەردەست و پشتبەستنیان بە هەڵدانەوەی ئەو مێژووە کە حوکمرانیی بەشێک لە جیهانیان کردووە، و بە چینەکردن لەو نەریتانە کە لە سەر بنەمای باڵا دەستی و چەوساندنەوەی نەتەوە و گەلانی دیکە بووە، و بە سوودوەرگرتن لە ناکۆکی جەمسەرە زلهێزەکان، لە سەرەتاوە خۆیان وەک جەمسەری هەرێمایەتی و دوواتریش وەک جەمسەری نێودەوڵەتی خستۆتە ڕوو، و ئەم بۆچونەش بەسەر هەردوو ئاراستەی حوکمرانی لە ئێران کە بەرەی موقاوەمەتی ئیسلامی درووست دەکات و هەژمونی دەگاتە عێڕاق و باشوری کوردستان و سوریا و لوبنان و یەمەن و میلشیای تایفەگەری درووست دەکات و هەژمونەکەی هەندێ وڵاتی کەنداویش دەگرێتەوە، و تورکیاش کە کار بۆ بەری تۆڕانی لە ئاسیای ناوەڕاست دەکات و هەژموون و دەستێوەردانی خۆی گەیاندۆتە قوبرس و کوردستانی باشور و رۆژئاوا و لیبیا و ئازەربیجان و .. هتد، دەردەکەوێت.

ئا لەم هەلومەرجە گرێی و ئاڵۆزەی جیهاندا کارکردنی زلهێزەکانی دووای شەڕی جیهانی یەک و دوو بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان هەندێ جار بە ناوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان بە ڕادەیەکی ئێجگار سنووردار بە ناوی دەستێوەردانی مرۆیی جموجۆڵیان کردووە، و ئەم ڕەوشە دوای ئەوەی ڕای گشتی جیهان فشاری خۆی هێناوە و نموونەی ئەمەش لە بڕیاری دژ فڕین بۆ کوردستانی باشور و دەستێوەردان لە ڕوندا دەرکەوت.  

بەڵام ئەوەی زیاتر لە پراکتیکدا لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە دەستێوەردانی جەمسەرێکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانییەکانی بووە کە ئێستا بە ناوی "رزگارکردنی لیبراڵ" بانگەشەی بۆ دەکرێت، هەرچەندە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان شکستی هێنا، و پێشتریش دەستتێوەردانی سۆڤیەتی جاران بوو لە ئەفغانستان بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی پێشکەوتنخواز لە وڵاتەدا کە ئەویش شکستی هێنا.

تا ئێستا تێکەڵکردنێک هەیە لە نێوان دەستێوەردانی مرۆیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کاتێکدا مافی مرۆڤ یان گەلێک بە گشتی دووچاری پاکتاوی نەژادی دەبێتەوە لە گەڵ چەمکی "رزگارکردنی لیبڕاڵ" کە بۆچونێکی ئەمریکاییە و هەندێ وڵاتانی یەکێتی ئۆروپاش لە گەڵی دان بێ ئەوەی لە پلان و هەنگاوەکاندا خاوەن بڕیاربن، هەروەکو پاشەکشەکردنی ئەمەریکا و ڕادەستکردنی دەسەڵات بە تاڵیبان بێ ئەوەی شەریکە ئۆروپاییەکان ئاگاداری ئەو کشانەوەیە بن. ئێستاش ئەو ئاراستەیە لە ڕەوشی عێراقدا شکستی ھێناوە.

ئەوەی کە گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەم هەلومەرجەدا پێویستی پێیەتی کارکردنە بۆ سەقامگیری پرنسیپی دەستێوەردانی مرۆیی کە ببێتە بریارێکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕوانگەی بەرپرسیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە ڕاگرتن شاڵاوەکانی پێشلیکردنی مافەکانی نەتەوە و گەل و پێکهاتەیەکی دیاریکراو و ماوەنەدان بە ئەنجامدانی جینوساید دژ بەو گەل و پێکهاتەیە، نەک پشتبەستن بە دەستیوەردانی تاکە جەمسەرێکی نێودەوڵەتی کە هەنگاوەکانی و پێوەری دەستتێوەردانەکەی تەنها لە ڕوانگەی پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووەکانی خۆیەتی، و هەر کاتێکیش ئەو بەرژەوەندییە بکەوێتە مەترسییەوە یان بە ئاڵوگۆڕکردنی هەڵوێست لە ململانییەکاندا بەرژەوەندییەکانی بێتە دی، ئەوا سێ و دووی لێناکات.

گەلی کوردستان لە لایەن زلهێزەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە زوڵم و غەدرێکی ئەوتۆی لێکراوە کە تا ئێستا لایەنە ئەنجامدەرەکانی ئەو زوڵمە کە کوردستان و گەلەکەیان دابەش کردووە دان بە هەڵەبوونی سیاسەتەکانی خۆیان نانێن، کە سیاسەتێک بووە نەک تەنها مەینەتی بۆ گەلی کوردستان درووست کردوە، بەڵکو نا سەقامگیری بۆ سەرجەم نەتەوە و گەلانی ئەو ناوچەیە درووست کردوە کە گەلی کوردستان و خاکەکەی تیایدا دابەشکراوە.

لە کوردستانی باشوردا ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر پێویستیمان بە کرانەوە لە گەڵ هۆکاری نێودەوڵەتییدا هەیە و گرنگە کار بۆ بانگەشەکردنی بەردەوام بۆ عەدالەتی مەسەلەی کوردستان وەک دۆزی نیشتمانێک بکەین و سوود لە پەیوەندییە نێودەوڵتییەکان و چەمکی دەستێوەردانی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی ئەوەی بەدەست هاتووە و  ماوەنەدان بۆ دووبارەبوونەوەی ئەنفال و جینوساید وەرگرین، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پاراستنی دەستکەوتەکان و تێکۆشان بۆ مافی چارەنووس گەلی کوردستانەوە هەیە، ئەوا دەبێ بە پلەی یەکەم پشت بە هێز و وزە و توانای گەلی کوردستان ببەسترێت و هیچ دەوڵەت و هێزێکی نێودەوڵەتی نایەت مافی چارەنووسی گەلەکەمان بە دیاری پێشکەش بکات و لە سەر سفرەیەکی ڕەنگاوڕەنگ لە بەردەم گەلەکەمان دابنێت.

بە پێی ئەزمونی پێشوتر چەمکی "رزگارکردنی لیبراڵ" دامەزراوەکان و دەوڵەتی بنیات نەناوە و نموونەی ئەفغانستان و ڕاگەیاندنەکانی سەرانی ئەمەریکا بۆ بیانوو هێنانەوەی پاشەکشەیان لە وڵاتە و ئاماژەکردنیان کە ئەرکی ئەوان بنیاتنانی دەوڵەتی دیموکرات نەبووە زۆر دیارە، و ئەگەر باسی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش بکەین ئەوا کەڵەکەبوونی تێکۆشانی گەلی کوردستان و قوربانییەکانی لە ماوەی سەدیەک و بوونی هێَزی پێشمەرگەی کوردستان ئەم هەرێمەی لە نایاران پاراستووە، و لە دووا ڕۆژشیدا تا چەند یەکگرتوو و بەهێز بین وڵاتانی زلهێز حسابمان بۆ دەکات چونکە جیهان جیهانی بەرژەوەندییەکانە کە ئەگەر بەرژەوەندی زلهێزەکان لە گەڵماندا نەگونجێت ئەوا پشتمان تێدەکەن و نامانناسن، و تەنها گەلی کوردستان دەتوانێ ئاسایشی نیشتمانی کوردستان بپارێزێت.


AM:09:57:21/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی