شەڕی پەکەکە و پێشمەرگە روودەدات؟

‌هێڤیدار ئەحمەد

کاتێ دەڵێن کوردستان، واتە پارتی و کاتێ دەڵێن پارتی واتە کوردستان. ئەمە رستەیەکە لەنێو پارتییەکاندا بەردەوام دەگوترێتەوە، کە هەر کەسێ بۆ کوردستان کاربکات، ئێمە بە پارتی هەژماری دەکەین، با ئەو کەسە پارتیش نەبێ. ئەمە نیشانەی باوەڕی بەهێزی سەرکردایەتیی پارتی و پارتییەکانە، بەوەی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
 
پێشتر و ئێستاش، هەندێ هێزی ناوخۆیی و دەرەکی، کە خۆیان قودرەتی هێزی پارتییان نییە، هانی هێزێکی وەکو پەکەکە دەدەن پارتی رابکێشێت بۆ شەڕێک، کە تێیدا خوێنی کورد بە دەستی کورد بڕژێت. پارتی باش دەزانێت، هیچ جارێک هێندەی ئێستا پەکەکە لاواز نەبووە، ئەنجامی شەڕەکان ئەوە دەسەلمێنێ.
 
سەرکردەکی باڵا بە منی گوت "ئێستا 95٪ی چالاکیی پەکەکە لە باکووری کوردستان نەماوە" لە باشووری کوردستانیش نەک بنکە بە بنکە بۆ سوپای تورکیا بەجێدەهێڵن، بەڵکو چیا بە چیا چۆڵ دەکەن، ئەم چۆڵکردنە گومانێکی زۆری لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان دروستکردووە، دەپرسن بۆ هێزێکی وەک پەکەکە ئەو ناوچانە بەئاسانی رادەستی سوپای تورکیا دەکات؟
 
سوپای تورکیا ئێستا شەڕی (تەقلیدی) لەگەڵ پەکەکە ناکات، هەمووی بە رێگەی چەکی پێشکەوتوو، فرۆکەی درۆن و تەکنەلۆژیای سەربازی دەکات. لە 5/6/2021 کاتێ پێنج لە پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست شەڕکەرەکانی پەکەکە لە چیای مەتین شەهید کران و ئەو چەکەی پێشمەرگەکانی پێ شەهید کراون جۆری (کۆڕنێت)ی دژەتانک بووە و پاشماوەی چەکەکە بەجێماوە و لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دێکۆمێنتکراوە.
 
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، کە ئەم چەکە لەدەست پەکەکەدا هەیە، بۆ بەرامبەر هاتنی سوپای تورکیا بەکارنەهاتووە، کەچی بەرامبەر هێزی پێشمەرگە بەکاریدەهێنن؟ پێش ئەوەی هێزی پێشمەرگە پێشڕەوی بکات بۆ چیای مەتین، لەرێگەی کەناڵی تایبەتەوە بە پەکەکە گوتراوە، هێزی پێشمەرگە دێت بۆ مەتین تاوەکو بەبیانووی پەکەکە سوپای تورکیا ئەو چیایە ستراتیژییە وەک ناوچەکانی دیکە داگیرنەکات. وەڵامی پەکەکە ئەوەبووە، قبووڵی ناکەین و پێشمەرگە بێت لێیدەدەین!
 
لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئێمەی گوت "زۆر هەوڵمدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رازی بکەم، تاوەکو پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەست پێبکرێتەوە، لە کۆتاییدا ئەردۆغان گوتی بەو مەرجە رازی دەبم، ئێوەش [سەرۆکی هەرێمی کوردستان] لەنێو پرۆسەکەدا بن. رازی بووم، گەڕامەوە هەرێمی کوردستان، یەکسەر نامەم نارد بۆ قەندیل خۆیان ئامادە بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و بێدەنگکردنی تفەنگەکان. بەڵام هەفتەیەکی نەخایاند، لە شاری هەولێر دیپلۆماتکارێکی کۆنسوڵخانەی تورکیایان کوشت و ئێستاش پێشمەرگە شەهید دەکات. ئەمە وەڵامی پەکەکە بوو بۆ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان!
 
لە ماوەی سێ رۆژدا شەش پێشمەرگە لەسەر دەستی پەکەکە شەهید بوون، دوایین پێشمەرگە رەزوان سندی بووە، کە سێ منداڵی لەلایەن پەکەکەوە بێباوک کران. خەڵک زۆر پرسیار دەکات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەم دەستدرێژییانەی پەکەکە ناداتەوە؟ هەندێک دەڵێن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمان بە هێزی پێشمەرگە نادات، پەکەکە لەنێو خاکی باشووری کوردستان دەربکەن؟
 
ئەوەی راستی بێت، پارتی باش دەزانێت لە کوێوە هانی پەکەکە دەدرێت بۆ ئەوەی ئەم شەڕە رووبدات، پەکەکە وەک کارتێک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی دواتر بڵێن، پارتی شەڕی براکوژی دەکات و پارتی داردەستی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتانەیە؟ بەڵام وەکو دەڵێن (پارتی لەو سەرەوە هاتووەتەوە). عەقیدەی پارتی ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە تەنیا بۆ پاراستنی کوردستان و سەرخستنی کورد لە هەر کوێیەک بێ دروست بووە، نەک بۆ شەڕی (براکوژی). کە ئەم شەڕە (براکوژی)یە دەمێکە لەلایەن سەرۆک بازرانییەوە (حەرام) کراوە، بەڵام مانای ئەوەش نییە، کە پەکەکە و هێزەکانی دیکە ئەم عەقیدەی سەرۆک بارزانی بە خراپ بەکاربهێنن.
 
وەک گوێمان لێدەبێت، دەڵێن پارتی و هێزەکەی ئەگەر بکەوێتە ئەو شەڕە لەگەڵ پەکەکە، نازانم چی و چی بەسەر دێت؟ پارتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2017 بە تەنیا مایەوە، بەڵام لە هەردوو داستانی (پردێ و سحێلا) بەرامبەر هێز و چەکی چەند دەوڵەتێک وەستایەوە و تێکیشکاندن. بەرامبەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هاوکاریی دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە و نێودەوڵەتی و چەکی ئەمریکی، نەیانتوانی هێزی کوردستان و پارتی ببەزێنن. پارتی ئیستاش گەورە بیردەکاتەوە، چاوی لەوەیە کورد لە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا خۆش بژین، لەجیاتی تفەنگ، با دیالۆگ و ئاشتی زمانی خەباتیان بێت، هەر ئەمەش خاڵی سەرکەوتن دەبێت.


PM:05:31:09/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 2460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی