پارێزگارمان بۆچیە؟

‌د. ئیسماعیل نامیق

پارێزگار بەحوکمی ئەوەی بەرپرسی یەکەمی پارێزگایە و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیە، کاتێک روداوێکی نەخوازراو روودەدات، یان بابەتێک یاخود کەیسێک لەپارێزگاکەدا ئەوروژێنرێت و کاریگەرییان ئەبێت لەسەر رای گشی، پێویستە یەکەم کەس بێت لەدەرکردنی فەرمانی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا بەرچاو روونی بداتە خەڵکی پارێزگاکە.

بەڵام بەداخەوە ھەر چوار پارێزگارەکەی کوردستان، زۆر جار بێدەنگ و بێ رەنگن لەئاستی رووداوە گەورەکانی پارێزگاکەیاندا، یان لەباشترین حاڵەتدا ئەوانیش وەکو رۆژنامە نووسان و چالاکوانان قسە لەسەر روداوەکە ئەکەن و مامەڵەی لەتەکدا ئەکەن.

ھەمومان ئەزانین، پارێزگارەکانی کوردستان بێدەسەڵاتن  و کەسی یەکەمی پارێزگاکەیان نین، بۆیە وا مامەڵە ئەکەن. ئەمانە لەراستیدا فەرمان لەئامۆزاکانەوە وەرئەگرن، قاڵبێکی یاسایین بۆ شەرعیەتدان بە وویستی ئامۆزاکان. 

ئەم مۆدێلەی پارێزگار مۆدێلێکی بێ کەڵکە و خەڵک لێی وەڕس بووە و چیتر گەرەکی نیە. بۆیە پێشنیاز ئەکەم لەجیاتی پارێزگار و پەرلەمان و حکومەت و ئەو شتانە کە تەنھا بارگرانی دارایی بۆ خەڵک زیاد ئەکەن، چوار ئامۆزاکە ھەر یەکە و  حوکمڕانی شارێک بکات، بەدەستوری میرەکانی کۆن!!!

 ئەوە باشتر و بێ کێشەترە، با لەوە زیاتر بەناوی دامەزراوە و دەوڵەت و چەمکی بریقەدار خەڵک فریو نەدرێت!!


PM:03:22:04/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی