دینداریی و سەما و سیاسەت

‌مه‌ریوان قانع و ئاراس فه‌تاح

شەپۆلێک لە دین، دینێکی خنکێنەر و داخراو، دینێک پڕ لە ڕق و شەڕانگێز و زۆربڵێ، دینێکی بوغزاویی و توڕە و پەلاماردەر، بەسەر ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە ناوچەکەوەیە. دینێک دەیەوێت دەستبھاوێتە ناو ھەموو وردەکارییەکی ژیانەوە، ناو کەسایەتی منداڵان و ناو قووڵترین و تایبەتیترین پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە خۆی و بە کەسانیتر و بە دەوروبەریەوە. دینێک سڵ لە ھیچ سنوور و ڕێگرێکی شەخسیی و ویژدانیی و ئەخلاقیی ناکاتەوە، بێھیچ ھەستکردنێکیش بە بەرپرسیارێتی، شوناسیی دیندار و بێدین، باوەڕدار و کافر، بەھەشتیی و جەھەنەمیی و گومڕا و ناگومڕا، بەسەر مرۆڤەکاندا دابەشدەکات و بەشێوەیەکی شاقوڵیی کۆمەڵگا بۆ دوو بەرەی دژبەیەک پۆلێندەکات.

نەوەیەک لە بکەری دینییش دروستبوون لە یەککاتدا ھەم وەک واعیزی کۆمەڵایەتیی و ھەم وەک دەرونناس و ھەم وەک  لێکۆڵەرەوەی کۆمەڵایەتیی و ھەم وەک ئەخلاقناس و ھەم وەک ھەقیقەتفرۆش و ھەم وەک نوێنەرێکی ڕاستەوخۆی خودا لەسەر زەوی، قسەدەکەن و لەناو ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەجوڵێنەوە. لەیەککاتدا ھەم ئاکاری پیاوی دین و پیاوی ئەخلاق و پیاوی مەعریفە و پیاوی سزادان و پیاوی خودا بەخۆیان دەبەخشن، ھەم ئاکاری ئەکتەرێکی شانۆیی و تەلەفیزیۆنی و سینەماییش. ھەم ھەڕەشەدەکەن، ھەم ھەقیقەت ئەفرۆشن، ھەم خۆیان و دینەکەیان نمایشدەکەن. جارێک لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە دەدوێن، جارێک لەناو کەناڵی تەلەفیزیۆنە عەلمانییەکانەوە، جارێکی تر لەناو ئەو تۆڕە میدیا دینییە گەورەیەوە کە دروستکراوە و بە بەردەوامیش لەڕێگای سۆسیال میدیاوە. ئەم بکەرە دینییانە لە ھەر شوێنێکدا دەربکەون بە دەوری خۆیاندا سوپایەک لە ھەواداری گەنجی توندڕەویان دروستکردوە کە بستێک لە جیھاد و پەلاماردانی ھەموو ئەوانەی لە خۆیان ناچن، دوورن.

بەبۆچوونی ئێمە ئەم فۆرمە تازەیە لە دین و دینداریی ڕەگوڕیشەکانی لە مێژووی کۆنی کۆمەڵگای ئێمەدا نییە، لە ڕابردوەوە نەھاتوە، دەرکەوتێکی تازەی جەوھەرێکی دینیی دێرین نییە، بەڵکو دیاردەیەکی تەواو تازەی ناو دونیایەکە کە کۆمەڵێک بنەمای ئابوریی و کۆمەڵایەتیی وسیاسیی و دەرونیی تازەی ھەیە، دونیایەک بەرھەمی ئەم چەند دەیەی دواتری مێژووی ئێمەیە.

بەر لە ھەموو شتێک ئەم فۆرمە تازەیە لە دینداریی لەناو ئەو خەرەند و نشێوییە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە گەورانەی دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. بەرھەمی فۆرمە جیاوازەکانی نائومێدبوون و پشێویی و دڵشکانی کۆمەڵایەتییە، لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە بە دۆخی ھاتنەکایەی نایەکسانییەکی ڕێکخراو و سیستماتیکییەوە، وەک دەرەنجامی ئەو فەشەلە ئابوورییە گەورەیە و ئەو تاڵانکارییە مافیاییە بێوێنەیەی لە ھەرێمدا دروستبووە. دروستبوونی نەوەیەکی بێئیش و نائومێد، کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا لە لێواری هەژارییەکی ھەمەلایەندا دەژیی، نەوەیەک بێئاسۆ و بێداھاتوو، بەڵام تا ڕادەیەک خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە. ئەم نەوەیە بەشێکیان لە ڕێگای جیھانی دیگیتالییەوە لە دۆخی تەماھیکردنێکی گەورەدان لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا، ئەوانیتریان لە پەیوەندییاندا بە بکەرە دینییە تازەکانەوە تا دێت دادەخرێن و توندڕەودەبن. ھەندێکیان وەک ئەستێرەکانی پۆپ کەڵچەری ناو جیھانی دیگیتاڵی سەما دەکەن و ھەندێکیتریان دژ بە سەما و لە ڕقی سەمادا کۆدەبنەوە و نوێژدەکەن و بە توڕەییەوە ڕوو لە کۆمەڵگا و لە ئاسمان دەکەن. ھەمووشیان لە ناو شێوازێک لە حوکمڕانیی سوڵتانیی توندوتیژ و مۆدێلێک لە دەوڵەمەندبوونی مافیایی و چەندان ئیمپراتۆریەتی میدیایی مێشکشۆرەوەدان، کە پێکڕا لە سادەترین بەھای ئینسانیی و ئەخلاقیی و لەلانی ھەرەکەمی بەرپرسیارێتی، دابڕاون. ئەم گشتە وێرانە ئەم نەوە دینییە توندڕەوە و ئەم شێوازە لە دینداریی داخراوی پێباشترە لە ھەر ھۆشیارییەکی تر کە خاوەنی ڕەھەندێکی سیاسیی ڕەخنەیی و عەقڵانییەتێکی پرسیارکەر بێت. ئەم دیندارییە تازەیە، کە بە پلەی یەکەم دیندارییەکی سەلەفیی پەلاماردەرە، یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ئەو مۆدێلە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا سەروەرکراوە. لەپشتی ئەم دیمەنە گشتییەشەوە جوڵەیەکی گەورەی پارە و سەرمایەی کۆنەپارێز لەناوچەکەدا ئامادەیە، لە پارە و سەرمایەی ھێزە ئیخوانیی و سەلەفییەکانەوە بیگرە، بۆ دۆلاری نەوتی شیعیی ئێرانی و دۆلاری نەوتی سونی سعودیی و خەلیجیی و دۆلاری نەوتی دزراو لە ھەرێم خۆیدا.

یەکەمین وانەیەک بکرێت لە کۆمەڵناسیی دینەوە فێریببین ئەوەیە کە دین بە دین و دین بە کولتوور تەفسیر ناکرێت، مەسەلەکە بوون و ئامادەگیی ”فەرھەنگێکی خۆرھەڵاتیی" دێرین نییە کە لە ڕۆژی دروستبوونی مرۆڤەوە، تا ئەمڕۆکە وەک خۆی و بێ گۆڕانکاریی ئامادەیە و ئیشدەکات، مەسەلەکە پەیوەندیی بە بوونی ڕەگوڕیشەی گریمانکراوی دێرینیشەوە نییە، پەیوەندیی بە بونیادێکی عەقڵیی و سایکۆلۆژیی نەگۆڕیشەوە نییە لە کۆنی کۆنەوە ھاتبێت، بەڵکو مەسەلەکە پەیوەندیی بە مەسەلەی ”ئابوریی سیاسیی" و ”ھەندەسەی کۆمەڵایەتیی" و ”پەیوەندییەکانی ھێز" و ”فۆرمی مەعریفە" و ئەو ”تۆڕە لە گوتار"ەوە ھەیە کە لەناو ئەو دۆخە مێژووییە کۆمەڵایەتییەدا سەروەرکراون. دین بە نادین، بە ئابوریی و سیاسەت و، بە گەشە و داڕمانی کۆمەڵایەتیی و، بە پرۆژە و پلانی گۆڕانکاریی تایبەت و، بە مۆدێلی دەسەڵات و حوکمڕانیی باڵادەست و بە بوون و نەبوونی بەرگرییەوە، تەفسیردەکرێت. ”پەیوەندییەکانی دەسەڵات" و ”پەیوەندییەکانی مانا" و” پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنان" ناوەرۆک و فۆرمەکانی دینداریی سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراو، دەستنیشاندەکەن. ھاوکات دین بە پرۆسە سەرەکییەکان و بە پرۆژە جیاوازەکانی گۆڕانکاریی و بە تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و ڕەمزیی ناو کۆمەڵگا، لێکدەدرێتەوە. لە ئێستادا بە لەدایکبوونی ئەو شێوازە لە مۆدێرنیزەکردنەوە پابەستە، کە بەردەوام فۆرمی تازە و ترسناکیی ھەژاریی و دەوڵەمەندیی، فۆرمی کوشندەی ئومێد و نائومێدیی، فۆرمی تازەی مانا و بێمانایی و کێشەی مادیی و سایکۆلۆژیی نوێ، چێژ و خولیای بەرخۆریی، بەرھەمدەھێنێت.

دروستکردنی ڕێکخراو و پارتی سیاسیی دینیی جەماوەریی تازە، لەدایکبوونی میدیای دینیی جەماوەریی، بوونی دین بە یەکێک لە دیاردە سەرەکییەکانی ناو دونیای دیگیتالی، شۆڕکردنەوەی دین بۆ ناو سیستەمی پەروەردە و فێربوونی نوێ، دروستبوونی بکەری دینیی نوێ لە دەرەوەی پیاوانی دینی تەقلییدیدا، ھاتنەکایەی دیاردەی ئیمامی تەلەفیزیۆنی و بانگخوازیی گەڕۆک و مەلای فەیسبووکیی، تێوەگلانی ڕاستەوخۆ و ھەمەلایەنی دین لە سیاسەت و تێکەڵبوونی بە جوڵەی پارە و سەرمایە و دروستبوونی بازاڕێک بۆ توریزم و سیمیۆلۆژیای دینیی، بوونی دین بە بەشێک لە ململانێی ئیقلیمیی نێوان چەندان دەوڵەتی دەوڵەمەند و خاوەن پارە، ھەمویان دیاردەی تازەی ناو واقیعی مێژوویی ئەمڕۆکەن.

ئەم گشتە گەورەیە سەرقاڵی دروستکردنی ئینتیمای دینییە لە شوێنی ئینتیمای مەدەنیی و لەناو ئیتیمای دینییش خۆیدا سەرقاڵی دروستکردنی ئینتیمایەکی تائیفیی و سەلەفییە، لە شوێنی فرەڕەنگییەکانی ئینتیمای دینیی خۆی. لەم ژینگە پڕ لە ململانێ و پڕ ڕق و پڕ پارەیەدا ئینتیما بۆ تەفسیرێک لە تەفسیرە زۆرەکانی دین و بۆ جۆرێک لە جۆرەکانی بکەری دینیی، دەچێتە شوێنی کۆی ئینتیماکانی تر. لەشوێنێکی وەک ھەرێمەکەی ئێمەدا ئینتیما بۆ عەبدولەتیفی سەلەفیی و ھاوشێوەکانی دەچێتە شوێنی ئینتیما بۆ خودا بە مانا گەردونییەکانی و مەسافەیەک لە نێوان عەقڵی عەبدول لەتیفی سەلەفیی و عەقڵی خودادا ناھێڵدرێتەوە.

بەم جۆرە ئەوەی لەم ژینگە بیمارەدا دروستدەبێت، دین نییە بە مانای ڕووبەرێک بۆ پەیوەندیی ڕۆحانیی و ھێزێک بۆ دروستکردنی تاکەکەسێکی بەرپرسیار لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیی و ئیستاتیکییدا بە ئاسمانەوە، بەڵکو دروستکردنی سوپایەکە لە گەنجی نائومێد و دۆگمایی لە دەوری ئەو بکەرە دینییە تازانە. لە ڕاستییدا ئەوەی لێرەدا ئامادەیە نە دینە و نە خوداناسیی و نە تیۆلۆژیا، بەڵکو سۆسیۆلۆجیایەکی ھێجگار سادەی دروستبوونی بکەری کۆمەڵایەتیی نوێ و پەیوەندیی ھێز و دەسەڵاتی تازەیە. ئەم بکەرە تازانە لە پرۆسەی دروستکردنی خۆیاندا وەک بکەری کۆمەڵایەتیی نوێ، خۆیان وا نمایشدەکەن کە گوایە تەنھا ئەوانن دەزانن خودا کێییە و ئیرادەی خودا داوای چی لە مرۆڤەکان دەکات، تەنھا ئەوانیش ھەڵگری شەھادەی ناسینی خودا و زانینی نھێنیەکانین. لەسەر بنەمای ئەم ناسینە گریمانکراوەش بەگژ ھەموو ئەوانەدا دەچنەوە کە خودا لە ھەمان وێنەدا و بە ھەمان ئیرادەوە ناناسن. ھەموو ئەمانە وادەکەن ململانێکردن لەسەر چییەتی خودا و لەسەر وێنەکانی ئەو لە ئاسماندا، ململانێیەکی دینیی نەبێت، بەڵکو ململانێیەکی سەرزەمینیی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بێت لەسەر فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات. گروپە سەلەفییەکانی دونیای ئێمە و زۆرێک لە دیندارە سیاسییەکانی تریش، وێنەی خودایەکیان دروستکردوە دژ بە سەما، دژ بە تێکەڵبوونی نێر و مێ، دژ بە بەشێکی گەورە و گرنگی ئازادییەکانی ناو ژیانی ڕۆژانە. وێنەی خودایەک بەرگریی لە بەشودانی منداڵ دەکات، بۆ پیاو چوار ژن حەڵاڵدەکات، بە گێڕانەوەی دوو ژنیش نرخی گێڕانەوەی یەک پیاو دەبەخشێت، کەسێک نوێژنەکات وەک کافر دەیبینێت و مامەڵەیدەکات، خودایەک مرۆڤ لەسەر گوناھەکانی بۆ ھەتاھەتایە دەسوتێنێت، کەی بیەوێت باران دەگرێتەوە و قاتوقڕیی دروستدەکات، یاخود لافاو دەخوڵقێنێت و ئەوەی ئینسانەکان بە ماندووبونێکی زۆر دروستیانکردوە، لە چەند ساتێکی کەمخایەندا نووقمدەکات، ھتد. بەشێکی زۆری ئەو وێنانەی ئەم ھێزانە بۆ خودا دروستیدەکەن، ئامرازی سەرەکیی ناو ئەو ململانێ کۆمەڵایەتییەن ئەم بکەرە دینیانە لەسەر پێگە و شوێن و جێی و دەسەڵاتی خۆیان لە کۆمەڵگادا پەنای بۆدەبەن. ئەم گروپە تازانە واینیشاندەدەن خودا لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، کەسێکە لە ڕێگای عەبدول لەتیفی سەلەفی و مەلا ھەڵۆ و ھاوشێوەکانیەوە  قسەدەکات، ئەوان نوێنەرەکانی خودان لە کوردستاندا و ئەوان دەزانن خودا داوای چی لە مرۆڤەکان دەکات و چیشیان لێ یاساغ و حەرامدەکات.

لەزۆر سەرەوە ئەم فۆرمە تازەیە لە دین لەسەر دنەدان و فووکردن بە سایکۆلۆژیای برینداریی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە و لەسەر فوکردن بە عاتیفە و سۆزی دینییدا، کاردەکات. خەریکی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دینە وەک ھێزێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، بۆ جۆش و خرۆش پێدان و کۆکردنەوەیان لەدەوری ئەم یان ئەو بکەری دینیی. ئەم فۆرمە لە دین دینێکە لەناو ھەراوھۆریا و قەرەباڵغییدا دەژیی: لەناو مزگەوتی قەرەباڵغدا، لەناو پارتی سیاسیی قەرەباڵغدا، لەناو کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆنمایشکردنی قەرەباڵغدا. لەناو ئەو ھەراوھۆریا و قیڕەقیڕ و ھێرشبردن و ئیدانەکردنە بەردەوامانەشدا کە ڕێگا لە بیرکردنەوەی ھێمن و عەقڵانیی و بەرپرسیار، دەگرن. ئەوەی لەناو ئەم ھەراوھۆریا و قەرەباڵغییەدا ئیشدەکات، گوتارێکە لەسەر نەفیکردنی ھەموو کەس و ھەموو شتێک کاردەکات کە لەو بکەرە دینییانە نەچێت کە ئامادەن و قسەدەکەن، کە دەقیڕێنن و توڕەدەبن، کە بە چەندان شێواز و تەکنیکی جیاواز قەرەباڵغیی دروستدەکەن.

کردنی دین بە تاکە سەرچاوەی ئەخلاقی گونجاو و قبووڵکراو دژ بە فۆرمە ئەخلاقییەکانی تر، دانانی زیکری دینیی لە شوێنی سەما، بەپیرۆزکردن و بەڕەھاکردنی جلوبەرگی دینیی لە پەیوەندییدا بە جلوبەرەگەکانی ترەوە، دانانی ڕیشی دینیی لە شوێنی فۆرمەکانی تری ڕوخساری ئینسانیی، بەڕەھاکردنی سروت و جوڵەی دینیی لە شوێنی ھەموو سروتە ئینسانییەکانی تر، ھەموویان بەشێکن لەم دیندارییە خۆسەپێن و یەکشێوەیە. ئەوەی ئەم ھێز و کەس و بکەرە دینییانە دەیانەوێت ئەنجامیبدەن، بریتییە لە کۆپیکردنێکی فراوانی کەسایەتی خۆیان و سەپاندنی ئەو کۆپیە، بەسەر ھەموواندا. گۆڕینی ھەموومان بۆ عەبدولەتیفی سەلەفیی، لەڕێگای بە موتڵەقکردنی کەسایەتیی و شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی تایبەتی ئەوەوە بۆ دین، ئەو پرۆژە و پەیوەندیی دەسەڵات و ھەندەسە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم فۆرمە تازەیەی دینداریی دەیەوێت بیسەپێنێت.


لە وێبسایتی درەو وەرگیراوە


PM:02:09:03/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی