ئەگەر ھەر دەتەوێ دەنگ بدەی

‌حاکم شێخ لەتیف

1- تکایە دەنگ بە کاندیدێک مەدە خۆی ناوچەکەی خۆی جێھێشتوەو لەشارێکی تری خۆشگوزەران دەژی ، واتە ئەو خۆی لەتۆ جیاکردۆتەوە، ئیتر ھەموو بەڵینەکانی کەدەڵێ ئەگەر دەنگم پێ بدەن خزمەتتان دەکەم جگە لە ھەلخەلەتاندنو وەرگرتنی دەنگ نەبێ چیتر نیە، ئەمە بۆ ھەموو بازنەکان راستە بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان و ناوچە جێناکۆکەکان.

چونکە سودی ھەلبژاردنی بازنەیی بچوک بۆ ئەوەیە خەلکی ناوچەکە کەسێکی ناوچەی خۆیان ھەلبژێرن کە لەناوخۆیاندا بێت و بیناسن و بیانناسێتو رۆژانە لەگەل کێشەو ئازارەکانیان بژی.

2- دەنگ مەدە بەدوبارە بەتایبەتی بۆ بەغدا چونکە ناتوانێ بەراستەوخۆ ھیچ بکات بۆ ناوچەکەی بۆیە کە ھەر دەبێ ژمارەیەک لە ھەربازنەو پارێزگایەک دەربچن با خەلکی نوێ بن، حیزبە ئۆپۆزسێۆنەکانی جاران  رەخنەیان لە یەکێتی و پارتی دەگرت کە پەرلەمان و پۆستە حکومیەکانیان بۆ ھەندێ دەم و چاو قۆرخ کردوە، کەچی دەرکەوت ئەوان بە ئیسلامیەکانیشەوە زۆر خراپترن، تۆش کەدەنگدەری ئەو حیزبانەی چسودێک لەوە دەبینی غەیری ئەوەی ھەموو جارێک ببیتە پەیژە خەلک بەسەر پشتدا سەرکەوێت و ئەوانی پێ خۆشگوزەران بژین.

3- لای ھەندێک لە پەرلەمانتار، پەرلەمانتاری لەکوردستان یان ئەنجومەنی پارێزگا یان پەرلەمانتاری بەغدا ھەر لەیەکەم رۆژیەوە چونکە بەنیازی خۆ کاندید کردنەوەیە چوار  ساڵەكە وەك بانگەشە بەکار دەھێنێ بۆ دوبارە خۆ کاندید کردنەوە ، بۆیە لەناو پەرلەمان ھیچ کارێکی ئەو تۆ ناکەن بەڵام لە میدیاو سۆشیال میدیاوە ژاوەژاوو قسەی بێ بێکردار زۆر دەکەن و خۆیان دەکەن بەپاڵەوان، بۆیە ھەقە دەنگیان پێ نەدرێتەوە ، بۆ لەمەودوا بۆ ئەوەی لە ژاوەژاوو موزایەدەچی رزگارمان بێت، ھەقە کەس دەنگ بەدوبارە نەدات ، ئەگەر کەسەکە چالاک بوبێت و ئینجازی ھەبوبێت لە ماوەی پەرلەمانیەکەی باھیچ نەبێ خولێکی دواتر خۆی ھەلبژێرێت واتە چوار ساڵ ڵەمالەوە بێت، ئەگەر دەسکەوتی راستەقینەی ھەبوبێت خەلک بیری دەمێنێ، پەرلەمانتاریش ئیتر ئەوەندە موزایەدەو ژاوەژاوی بێ کردارو موزایەدە ناکات.


PM:02:06:03/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 3072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی