ڕونکردنەوەیەکی پێویست...زۆر بەکورتی

‌به‌هێز حسێن

ماوەی چوار ساڵە وەک بندیوار مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی مووچەی 425 دۆلاریان بۆ بڕیومەتەوە ( ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی) و لەماڵی خۆم بێ کار دانیشتووم ، هۆکارەکەش ئەوەیە برادەرێک لە ناو ڕاگەیاندن دەموچاوی منی بەدڵ نییە ، گرەویان لەسەر کردبووم کە سێ مانگ ناخایەنێت و بەهێز حوسێن خۆی دەکات بە کەناڵێکی نەیاردا ، بەڵام ئەوە چوار ساڵ تێپەڕی و سەرتان دای لەبەرد !.

لە دواین هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا بۆ پەرلەمانی عێراق خۆبەخشانە ماوەی یەک مانگ لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بەرنامەم پێشکەشکرد و سەربەزانەش دڵسۆزیم بۆ یەکێتی دووپاتکردەوە.

چوارساڵە دانم بەخۆمدا گرتووە و لەبەر ڕێزی مێژووی خۆم و 15 ساڵ کار و داهێنان لە ڕاگەیاندنی یەکێتی و 27 ساڵ ئەزموونی کاری میدیایی قسەم نەکردووە ، ئەگەر نا ئەوەندە دەست و پێ سپی نیم لە کاری میدیایی تا کارم دەست نەکەوێت یان لێی نەزانم! ، تەنها مانگانە 550 هەزار قیستی شوقە دەدەم و ئەرکی بژێوی خێزانێکیشم لەسەرە ، هەڤاڵێکم نەیپرسی باشە تۆ بەچی دەژیت !؟.

ماوەی چەند مانگێک بۆ دابینکردنی سفرەی مانگی ڕەمەزان لە دوکانێکی بچوکدا عەریزە نووسیم دەکرد ڕۆژی بە 15 هەزار دینار ، کامتان ئاگاتان لەم وەزعەی من هەبوو!؟.

کامتان ئاگادارن لەبەر نەداری هەردوو کوڕەکەم نەتوانی بخەمە باخچەی ساوایان و ساڵێک گەورەکەیانم دواخست لە قوتابخانە و بە 7 ساڵی داخڵم کرد !؟.

کامتان هاتن لەوە بکۆڵنەوە کە دیارترین میدیاکارتان بۆ لەسەر شاشە نەماوە!؟.

هەڤاڵانی ل. مەکتەبی ڕاگەیاندن و لێپرسراوی سکرتارییەتی هەڤاڵ مام جەلال و زۆرێک لە م.س و سەرکردایەتییەکانیشم لەم بێ ئەرزشکردنەی من ئاگادار کردۆتەوە ، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەبووە و لەم چوار ساڵەدا کەسێکیان تەلەفۆنێکیشیان بۆ هەواڵپرسین بۆ نەکردووم .

وەک ئەرکێکی ئەخلاقیانەی خۆم بەرامبەر بە هاوسەر و مناڵەکانم و ئەو پاپەندە داراییانەی لەسەرمن ، لێرەوە ڕادەگەیەنم کە چیتر دەستەوەستان نامێنم و بەدوای کاردا دەگەڕێم ، بەداخەوە دوای ئەم هەموو ساڵە لە خزمەت و دڵسۆزییەم هەڤاڵەکانم ناچارم دەکەن لە دەرگای ئەم و ئەو بدەم بۆ کارکردن و لەو میدیایەی شەونخوونی و دڵسۆزیم تێداکرد و بێ مووچەیم تێدا قەبوڵکرد شوێنم نەبێتەوە ، وەزعەکەتان بۆگەن کردووە و ئەوەی بەرامبەرم دەکرێت بە ئیهانەی دەزانم...

داوای لێبووردن لە کەسە دڵسۆز و خەمخۆرە بێدەسەڵاتەکانی یەکێتی دەکەم و هەموو لایەکتان هەر شاد و سەلامەت بن .


AM:08:47:12/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی