زەریف لە هەولێر و بەغدا

‌به‌هێز حسێن


» پاش دوو هەفتە لە گەیشتنی مووشەك و درۆنەكان بۆ فڕۆكەخانەكانی بەغدا و ئەربیل ، فڕۆكەكەی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەسەر هەردوو فڕۆكەخانەكە هەڵنیشت .
  وەستانی دەستە و نەزەری زەریف لەو شوێنەی قاسم سولەیمانی تێدا تیرۆر كرا و پێداگری لەوەی ( ئەمریكاییەكان و بێگانەكانی تر عێراق جێدەهێڵێت و ئێمە دەمێنینەوە) ناوەڕۆكی سەردانی ئەم وەفدەی تارانە بۆ بەغدا و هەولێر.
زەریف بە عێراقی و كوردەكانیشی وتووە كە داهاتوویان لەگەڵ ئێراندا دەبێت، بەتایبەتی كە چاوەڕێدەكرێت لەبارەی دۆسێی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا ڕێبكەوێت كە ئەوكاتە ئێران ڕۆڵی میحوەریی گەورە لە سەر ئاستی ئیقلیمی دەگێڕێت.
بەڵام مەبەستی سەرەكی زەریف لەم سەردانەدا بریتیبوو لە دیداری لەگەڵ خەمیس خەنجەر و مەحمود مەشهەدانی كە دوو سەركردەی كاریگەری سوننەی عێراقن و نزیكن لە میرنشینی ئیمارات، دڵنیایی داونەتێ كە ئێران دژایەتیان ناكات و لە ڕێگەی شیعەكانی عێراقەوە مافەكانیان دەستەبەر دەكات.
هەموو ئەمانە وەك ڕووە ئاشكرا كانی سەردانەكە دەركەوتن ، ئەوەی كە ئاشكرا دەرنەكەوتووە كۆبوونەوەی زەریف بووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیا كە چەند هەفتەیەكە عێراق نێوەندگیری دەكات و لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەر لەبەغدا كۆبوونەوەی سعودیا و ئێران لە ئاستی مامناوەند بەڕێوەچوون.

»خواستی  ئاشتبوونەوەیەكی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیدەكرێت لە نێوان توركیا و میسر لە لایەك و لەلایەكی تریش ئێران و هەریەك لە سعودیا و ئیمارات.
توركیا بەرامبەر بە دەستبەرداربوونی لە ئیخوانەكانی میسر و داخستنی كەناڵەكانیان و دەركردنی سەركردەكانیان لە توركیا داوا لە قاهیرە دەكات پەكەكە بە تیرۆریست بناسێنێت و نیو بەنیو لیبیا بەسەر نفوزی خۆیاندا دابەش بكەن.
ئێرانیش بەرامبەر دوورگەكانی هەردوو تومبی بچوك و گەورە و ئەبو موسا و ڕێڕەوی ئاویی كەنداو ، دۆسێی یەمەن لەگەڵ ڕیاز و ئەبوزەبی پاكتاو بكات.


PM:11:29:27/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 1328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی