ساڵ رۆژی شەهیدی یەكێتی ئاكارە یان یادگارە؟

‌‌مەلا بەختیار

(٤٥)  ساڵ لەمەوبەر، وەكو روداوەكانی ئەمڕۆ، وردەكاریم لەبیرە، شەوی ٢١/١١/١٩٧٦-٢٠ چۆن بروسكەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی گەیشتە
 
شێخ جەناب، بۆ دوا دیدار، سەردانی شیهابی برای بكات. هەر ئەو شەوە، بەشێكی شار لەناخەوە بەرگی رەشی پۆشی. نیوەڕۆكەی كە تەرمی شەهید شیهاب گەیشت، ماتەمینی سلێمانی داگرتبوو. ئەو رۆژە و شەوەكەشی لە مزگەوتی بن تەبەق هێشتمانەوە. هەتا بەیانی كەمال مەزهەر و روشدی و فاروق  مەلا مستەفا و خزمانی شەهید ئارام و شیهاب و دەیان هاوڕێی كۆمەڵە ئێشكی تەرمەكەمان دەگرت، دلێری سەید مەجید و لەتیف شێخ عومەر و بەندە سەرپەرشتیمان دەكرد. شەوێكی هەتا بڵی سامناك و دەردەناك بوو. مەفەرزەی پاراستنی تەرمەكە و تا ڕادەیەك ئاگادارییان لە بەندە، سپێردرایە شەهید ( یاسین رەش ) ئەم مەفرەزەیەش، تا بەیانی پڵنگ ئاسا، ئاگایان لیمان بوو. دوو دەمانچە و نارنجۆكێكیان پێ‌ بوو. تا بەیانی كەسمان نەخەوتین. بەیانیەكەی شكۆمەندانە، كەژاوەی تەرمی شیهاب برایە گردی سەیوان. بیستمان لە كۆیەش، خەڵكەكە، بێ‌ سڵەمینەوە، تەرمی شەهید جەعفەریان بەدەم سرودەوە سپاردبووە خاك. خالید دلێر بە دەستی خۆی خستبویە گۆڕی نەمری. تەنها شەهید ئەنوەر بێ‌ ناز و بێ‌ كەس، نێژرابوو. كەركوك لە دۆخێكدا بوو، نەدەكرا، وەكو سلێمانی و كۆیە، مەراسیم بۆ تەرمی ئەنوەر زۆراب بكرێ‌. هەندێكیش لە هاوڕی و كەسوكاری، خۆپارێز بوون!

سەرەڕای ئەوەی دەكرا شیهاب و هاوڕێكانی نەكەونە داوی رژێمی شای ئێران و رادەستی عێراق نەكرێن، بەڵام شیهاب، بەڕاستی رابەرێكی چەپی كەم هاوتا بوو. ئەگەر نەیتوانیبێ‌ لە خەباتی خۆشاردنەوە و شاخدا، ببێتە سومبولی چەپەكان، بەڵام لە دامەزراندنی كۆمەڵە و زینداندا، نەك سمبولی رابەرێكی بێ‌ وینەبوو، بەڵكو بەكاریگەری خۆی توانی زۆرێك لە هاوڕێیانی كۆمەڵە لە هەرەسی دەرونی – جەستەیی بپارێزی و چەندین كەسیشی لە كەوتنە داوای جەلادەكان پاشگەز كردبوەوە.. بە ئەندامانی حیزبی شیوعیشەوە. بڕیاری لەسێدارە دان و جێ‌ بەجێ كردنیشی ترسێكی گەورەی رژێم بوو، لەم كەڵە رابەرە ، كە بە هەق شەهید جەعفەریش هاوتای شەهید شیهاب بوو، لە خۆ راگری و بەرزی ورە و دەم بەبپێكەنین، روەو پیری مەرگ، هەروەها ئەنوەر زۆرابیش.

پێشم وایە، كۆمەڵە، دوای داستانی شەهید كردنی شیهاب و هاوڕێكانی، هاوزەمانی بەرپابونی شۆڕشی نوێ‌ ( كە هەبوون دژی بەرپاكردنەكەی بوون بە پاساوی لەرزۆك لەرزۆك ) هەردوو روداوەكە كۆمەڵە و یەكێتی و شۆڕشی نوێیان، لەو زەمان و زەمینەدا، بردە قۆناغی باڵای متمانەی جەماوەر و قوڵكردنی گیانی شۆڕشگێڕانە. بۆیە، نەك رۆژی شەهید كردنی شیهاب و هاوڕێكانی، كە كراوەتە رۆژی شەهیدی یەكێتی، شایەنیانە، بەڵكو هێشتا داستانی شیهاب و هاوڕێ‌ زیندانەكانی زۆر زۆریان بەبەرەوە ماوە، بۆ مێژوو تۆمار بكرێن. 
هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە، جەزرەبەیەكی كوشندە بوو، لە بزاڤی چەپ و دیموكراسی درا. كاریگەرە نالەبارەكانی هەتا دێت دەردەكەوێ. دۆخی گەندەڵی و هەلپەرستی ناو یەكێتی، هۆكارە سەرەكیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی پەیوەندی حیزبایەتی و رێبازی دادپەروەری و مۆراڵی چەپگەرایی، كەلە كۆمەڵە رابەرایەتی دەكرد.

لە كۆتاییشدا دەڵێین: رۆژی شەهیدی یەكێتی، كە رۆژی شیهاب و هاوڕێكانێتی، تەنها یاد نییە.. بەڵكو ئەركە. بەڵێ‌..
ئەركە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە خراپەی یەكێتی خراوەتە ناو بازنەیەكی داخراو، بازنەكە متمانە لاواز و جەماوەر بێزار دەكات. هەر تێكۆشەرێكیش دەركی ئەركی دەربازكردی یەكێتی لە ناو ئەو بازنە داخراوە بكات.. خاوەن كەرامەتی سیاسییە. ئەوەی دەركیشی پی نەكات.. با خوێنەر پێناسەی بكات!!


PM:01:13:21/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 1720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی