ئەسڵی گومانەکە !

‌دڵشاد ئەنوەر

ماوەی چەند ڕۆژێکە باس لە هێرشی عێراق بۆ سەر بیرە نەوتیەکانی هەرێم دەکرێت، پێش ئەوەی بچمە نێو ئەسڵی بابەتەکەوە، دەمەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، گومانی پێکدادان بۆ؟

کاتێک لە شەنگال کێشە لە نێوان یەبەشەو سوپای عێراق دروستبوو، پارتی لەسەرەتاوە پشتگیری سوپای عێراقی کرد، وەک هۆشیار زێباری نەیشاردەوەو بە ئاشکرا ئەم پشتگیریەی دەربڕی، بەڵام دواتر هاوکێشەکە پێچەوانە بوویەوە.

پارتی لە چەند شتێک کەوتە گومانەوە لەمەسەلەی شەنگال دا ، ئەو هێزەی ڕەوانەی شەنگال کرا، زۆر زیاتربوو لەوەی پێویست بێت، پاشان هیچ جوڵەیەک بەرامبەر یەبەش نەکراو شتەکە پێچەوانە کەوتەوە، بۆیە لێرەوە گومانەکانی پارتی چڕ بوویەوە، هێنانی هێزەکە بۆ ئامانجی تر بێت.

هاوکات لە کۆنگرەی مەغریبیش دا، کە پەنجا وڵات تێیدا بەشداربوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای بە تیرۆر ناساندنی پەکەکەی کردبوو، بە بیانووی هەبوونی پەیوەندیان لەگەڵ داعش، بەڵام چەند وڵاتێک دەنگیان هەڵبڕیبوو، لەوانە وڵاتانی ئەفریقی تیابوو، وتبوویان؛ ئێوە کێشەتان لەگەڵ پەکەکە هەیە، ئینجا باس لە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ داعش دەکرێت نەک پەکەکە، بۆیە وەزیری دەرەوەی تورکیا وێڕای هەڕەشەکردن لە عێراق بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال، کۆنگرەکەی جێهێشتبوو.

هاوکات لەگەڵ جوڵەی هێزیشدا بەرەو شەنگال، کە هێشتا ڕوون نیە پەیوەندی بەو هەڕەشەی تورکیاوە هەیە یاخود هەرێم، پارتیش بە شێوەیەک لە شێوەکان گومانی لە نیەتی عێراق هەیە و کەوتووەتە خۆی.

ڕوونە ئێران لە ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە توڕەیە و دوور نیە فشاری عێراق بۆ سەر پارتی بکاتە مەرج بۆ بەردانەوەی ئاو، کە ئێستا گەورەترین گرفتی عێراقە، هاوکات لەهەموو کات زیاتر دۆخی هەرێم ئاڵۆزە، دۆخی ئێستای هەرێم لە دۆخی پێش ڕیفراندۆم دەچێت، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە ئێستا عێراق یەک نیە، سەدر وەکو گەورەترین کوتلە ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی هەیە، حکومەت سەرلێشێواوە، هێزە شیعەکانیش خەریکی ململانێی یەکن، بەڵام هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە دۆخی هەرێم باش نیە.


PM:08:10:17/05/2022

ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی