پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران !

‌دڵشاد ئەنوەر


ئەو ململانێ و خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەی لە عێراق دا دەگوزەرێت، گرێدراوی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقە، نەک پەیوەست بە ئەنجامی هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن تێپەڕی و گوزەشت، ئەوەی ماوەتەوە چارەنوسی ئەو پۆستەیە، کە ململانێ یە لەسەری، بەو پێ یەی گرنگترین پۆستە لە عێراق دا.

سەدر خۆی بەگەورەترین کوتلە دەزانێت و دەیەوێ لە ڕێگەی وەرگرتنی ئەو پۆستەوە، ڕکابەرەکانی زیاتر لە قاڵب بدات، ڕکابەرەکانیشی لە نیەتی سەدر گەیشتوون، نایانەوێت لە یاریەکە دەربکرێن، تەبعەن ئەمە جیا لەو ململانێ نێو دەوڵەتی و ئیقلیمیەی لە پشتەوە دەگوزەرێت و دۆخەکەی زیاتر تێک و پێکداوە.

ئێران ئەنجامی هەڵبژاردنی قەبوڵ کردووە، بەڵام دەیەوێت ڕای هەبێت لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران دا، لایەنە شیعەکانیش نایانەوێت پۆستەکە بۆ سەدریەکی زەق بێت، سەدریش پۆستەکە بەئیستیحقاقی خۆی دەزانێت، گرنگترین شتیش بەلای ئێرانەوە ڕيککەوتنی هێزە شیعیەکانە، بۆیە کورد و سونەی ئاگادار کردووەتەوە، نەبنە بەشێک لە کێشمەکێشی نێو ماڵی شیعی.

کازمی تا پێش هێرشکردنە سەر ماڵەکەی، چانسی دانانەوەی لەدەستدابوو، بەڵام ئێستا چاوی لەسەر ڕێکنەکەوتنی هێزە شیعەکان و جارێکی تر نیشتنەوەی بازەکەیە لەسەر سەری، گەرچی هێزە شیعەکان بەهەموو جۆرێک ڕەتیدەکەنەوە. 

لەهەموو حاڵەتەکاندا، ئاقاری کێشمەکێشەکە بەرەو ئەوە دەڕوات، دواجار هێزە شیعەکان کەسێک بهێنن بۆ ڕاسپاردنی حکومەت لەدەرەوەی ململانێکانیان بێت، جا کازمی بێت، یاخود کەسێکی تر.

ڕاستەوخۆ دوای یەکلایی بوونەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، کێشمەکێشەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دێنەگۆڕێ، کە پارتی و یەکێتیش بەشێک دەبن لێی و ئیقلیم و نێودەوڵەتیش لەپشتەوە قسەیان دەبێت.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەکتەب سیاسیەکی پارتی و کەسایەتیەکی دیاری یەکێتی، بەجیا چوونەتە لای ئێران و هێزە شیعەکانی دەرەوەی عێراق، داوای پشتگیریان کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام هەردوولایان بەدەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە.

هەرچی بەرهەم ساڵەحیشە، چانسێکی هەیە بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، گەرچی تا ئێستا پارتی ڕازی نیە، بەو پێ یەی پارتی گەر پۆستەکە نەبات، دەیەوێ کەسێک بێت، ڕای لەسەری هەبێت، هەموو ئەم کێشمەکێشانە، دوای ڕێککەوتنی شيعە، یەکلایی دەبنەوە.

تەنانەت لەسەر پۆستی سەرۆک پەرلەمانیش ململانێ هەیە لە نێو سونەدا، بەتایبەت باڵی عەزم ی خەمیس خەنجەر کە بە نزیکایەتی لە ئێران و تورکیا سەیر دەکرێن، پێیانوایە باڵی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی حەلبوسی کە بە نزیکایەتی سعودیە و میسرو ئیمارات و ئەردەن لێیان دەڕوانرێت، بەسود وەرگرتن لە پۆستی سەرۆک پەرلەمان کورسیەکانیان زیاد کردووە.

بۆیە پۆستی سەرۆک پەرلەمانیش، هاوشێوەی پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بێ گرفت نیە، گەرچی حەلبوسی زۆر لە پێش خەنجەرەوەیە و زیاتر چاوەکانی کورد و شێعەی لەسەرە بۆ هاوپەیمانێتیکردن.


PM:09:36:13/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 2756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی