ره‌ووف حه‌يامان چوو!!

‌ئاریان فەرەج


به‌ حوكمى ته‌مه‌ن، زۆر كه‌مپينى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووترم بينيون و به‌شداريشم تێدا كردوون، هه‌رگيز پێم شك نايه‌ت هيچ بانگه‌شه‌يه‌ك به‌م ئاسته‌ نابه‌رپرسيار و بارگرژه‌ى ئه‌مجاره‌ ده‌ستيپێكردبێت. جا كاره‌سات ئه‌وه‌يه‌ هێشتا بانگه‌شه‌كه‌ ئيجازه‌ نه‌دراوه‌ و به‌ ڕه‌سمى ده‌سپێنه‌كراوه‌ كه‌ هه‌موو سنورێكى موهاته‌راتى تێپه‌ڕاندوه‌، داخۆ ده‌ستپێبكات و گه‌رم بێت، ده‌بێ به‌ كوێ بگات. وه‌ك ده‌ڵێن خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ (لێ لێ)يه‌كه‌ى بێت، ئه‌وا (لۆلۆ)يه‌كه‌ى، دوور نييه‌ ببته‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ئاشتى و ئاراميى خه‌ڵكه‌كه‌ش‌.

راسته‌ هه‌ر لايه‌نێك بۆى هه‌يه‌ هه‌ر ڕێگه‌يه‌كى ره‌وا له‌ كێبه‌ركێى بانگه‌شه‌ و به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگدا، بگرێته‌به‌ر، به‌ڵام خۆ ده‌بێ ئه‌و رێگه‌ و رێكارانه‌ له‌ ڕيشى ئه‌و لايه‌نه‌ بوه‌شێته‌وه‌ و لايه‌قى مێژوو، سه‌نگ، پێگه‌ و خه‌بات و ئامانجه‌كانى بێت. 
من له‌ خه‌م و په‌رۆشيم بۆ حزبه‌كه‌ى خۆم، له‌ پارتيمانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌م و ده‌پرسم: با له‌ وه‌ڵامى تۆمه‌ت و ته‌جاوز و زمانى زبرى خه‌ڵكى ديكه‌شدا بێت، چۆن ده‌بێ پارتى به‌ هه‌شتا ساڵ خه‌بات و شۆڕش و شكۆ و قوربانى و ده‌ستكه‌وه‌ته‌وه‌، به‌ دونيايه‌ك قسه‌ و ئارگۆمێنتى جدييه‌وه‌، به‌ زمانێك وه‌ڵامى نه‌ياره‌كانى بداته‌وه‌ كه‌ نامۆ بێت به‌و‌ فه‌رهه‌نگ و به‌ها و ئاكاره‌ به‌رزانه‌ى پێى ناسراوه‌! يان ڕێ به‌ كه‌ره‌سته‌ و ده‌مودويه‌ك بدات داكۆكى لێ بكه‌ن كه‌ بۆهه‌موو باس و بابه‌تێك ده‌ست ده‌ده‌ن جگه‌ له‌ بابه‌تێكى جددى وه‌ك سياسه‌ت و چاره‌نووسى گه‌ل و ووڵات. من ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌م بۆ يه‌كێتيش ( جا با يه‌كێتييه‌كى نوێش بێت) به‌لاوه‌ راسته‌ و پێم وايه‌‌ نه‌ده‌بوا به‌ خيتابى گاڵته‌جاڕانه‌ى( ره‌ووف حه‌يامان چوو)بێته‌ مه‌يدان و  په‌ل ڕاكێشانى خه‌ڵكى تريش بۆ ئه‌و مه‌يدانه‌ نزم و نشێوه‌ به‌ ئازايه‌تى بزانێت. 

من نازانم ئه‌وه‌ى له‌ ته‌ڕه‌فى يه‌كێتييه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێ به‌ ئه‌مر و ئافه‌رينى كێيه، به‌ڵام ‌له‌ ته‌ڕه‌فى پارتييه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌و شاهيدى و راستييه‌ بدركێنم كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌مان كه‌ ده‌ست و قه‌ڵه‌مێكمان هه‌يه‌ يان به‌ حوكمى پێگه‌ى حزبيمان، قسه‌كه‌رى نێو خه‌ڵك و ميدياين، ئه‌و رێنوماييه‌ نێوخۆييه‌ى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانيمان پێگه‌يشت كه‌ به‌ پێداگيرييه‌وه‌ فه‌رمانمان پێ ده‌كات (خۆ له‌ زمانى زبر و گرژ و ناشايسته‌ به‌دوور بگرين و، مێژووى پارتى و گه‌وره‌يى رێبازى بارزانى له‌به‌رچاو بگرين و بۆ هيچ ئاستێكى نزم و نه‌شياو، دانه‌به‌زين). 

هه‌ڤاڵ نێچيرڤان بارزانى، له‌ باسى ڕه‌وايى داواكانى خه‌ڵكدا، وته‌يه‌ك زۆر جار دووباره‌ ده‌كاته‌وه، ‌ده‌ڵێ: هه‌ر خێزانێكى كوردستانى بدوێنى، چيرۆكێك له‌ مه‌ينه‌ت و كۆڵبه‌كۆڵى و قوربانيدان و به‌سه‌رهاتى له‌ هه‌گبه‌دايه‌ كه‌ تا گه‌يشتن به‌م رۆژگاره‌، به‌سه‌ريهاتووه‌.

جا ئه‌گه‌ر هه‌ر خێزانێك چيرۆكێكى له‌و جۆره‌ى له‌ هه‌گبه‌دا بێت، ئه‌دى داخوا هه‌ر حزبێك به‌ پێى سه‌نگ و قورسايى خۆى چه‌ند چيرۆكى پر به‌هاى قوربانيدان، به‌گژداچوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگارى، داستان و ده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتن، هه‌وراز و نشێو و ئامانج و هيوا و ئومێدى له‌هه‌گبه‌دايه‌ كه‌ ميلله‌ته‌كه‌مان سه‌ربارى دڵڕه‌نجان و ناڕه‌زايى و ساردبوونه‌وه‌شى، هێشتا ئاماده‌يه‌ گوێيان لێ بگرێ و قه‌دريان بزانێ وله‌ پێناو مانه‌وه‌ و له‌ده‌ستنه‌چوونى ئه‌م نيشتمانه‌دا، ئومێديان له‌سه‌رهه‌ڵچنێ.

كه‌واته‌ هيشتا زۆر زووه‌ وا بزانين جگه‌ له‌ زمانى ته‌نز و لاقرتێ، هيچ قسه‌يه‌كى جدييمان بۆ گه‌لى خۆمان پێ نه‌ماوه‌. وه‌كى ديكه‌ش هێشتا دوو سێ هه‌فته‌مان ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تا ده‌گه‌ينه‌ بانگه‌شه‌ى فه‌رمى، ئه‌م زمانه‌ نه‌شياوه‌ و ئه‌م شێوازى داشۆرينه‌ زبر و تفت و تاڵه‌‌، به‌لاوه‌ بنێين.


PM:02:21:05/09/2024

ئه‌م بابه‌ته 2476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی