وەرن با ئاشتبینەوە

‌د. رەنجدەر قەرەداغی

بێدەنگبوون ڕەنگە لەم ساتەدا بە مانا تر و ڕاستتر بێت لە دەربڕین بە ووشە، ئەو ڕووداوەی لە سلێمانی بەهۆی تەقینی سیستمی گاز لە ماڵێکدا ئەو دەرئەنجامە کارەساتبارەی لێکەوتەوە زۆر بە سوێیە و نانووسرێتەوە، ئێمەی مرۆڤ دەستەوەستانین بەرامبەر ئازارەکانی و ڕەنگە هەر وا زوو نەتوانین بڕوای پێبێنین و لەگەڵی هەڵبکەین. نزاو پاڕانەوەمان بۆ زوو چاکبوونەوەی بریندارەکان و یەزدان قووربانیەکان بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات، ئەو قوورسایی و ناڕەحەتیە لەسەر ڕۆح و دەروونی هەموومان سووک بکات.

ئاخر تێبفکرێ هاوڕێ، ئەو هاوخەمی دەربڕین و هاوسۆزی و بەدەنگەوە هاتن و کاردانەوە دەستە جەمعیە کۆمەڵایەتیە ڕەسەنەی ئەو هەموو خەڵک و عەشاماتەی لە تەکدا نەبێ، وەڵا هیچ دەروون و دڵ و جەستەیەک بە تەنیا بەرگەی تەماشای ئەو دیمەنانە ناگرێ.هاوڕێ جوان بنواڕە، هەر سووچێکی ئەو تراژیدیایە دەگریت دەیان و سەدان چیرۆکی جەرگبڕ خۆی بەرجەستە ئەکات. ئەزانی هەر یەک تەماشای وێنەیەکی پەیوەست بەو کارەساتە، زۆر بە خێرایی میللی کاتژمێرەکەمان ئەباتەوە یەکەم چرکەی بیستنی هەواڵەکەو وەک ئەوەی ئەلعان ڕوویدابێت دووبارە و سەدبارە دەمانتاسێنێتەوە...

حەیف و خەسار هاوڕێ،
بریاو هەزار بریا ئەم مەرگەساتە نە لێرەو نە لە هیچ  قووژبنێکی ئەم جیهانە ڕووی نەدابا. بریا بە لەبری دانان بوایە جگە لە ڕۆحی خەڵک بەهەر شتێکی تر دەفعی ئەم بەڵایە بکرایەو ئەوەی پێمانبکرایە بە هەموو ڕێمان لە ڕوودانی گرتبا. بەڵام مەخابن، ئیدی ئێمە زۆرجاران دەکەوینە بۆسەی ڕۆژگارو وەک ڕۆژنامەیەکی تووڕدراوی نەخۆێنراوە با ڕەشی بەختی  خۆمان هەڵمان دەپێچێ و دوور دەمانڕفێنێ بێ پەروا لە بن دیوارێکی ڕماودا تووڕمان دەدات ...

بەڵام ئایا هاوڕێ ئێوە ئەزانن ئەوە فرسەتێکی خودا کردە کاتێ دەبیە بینەرو بیسەری بارێکی بە زامی وەها، فرسەتە کە ناخت تەواو بشڵەقێنی و هەڵوێستەیەک بەرامبەر ڕووخساری گرژی خۆت بکەیت؟!
 هاوڕێ تۆ ئەزانی زریانەکان، تۆفانەکان، جەنگەکان کاتێ تێدەپەڕن خامۆشیەکی نامۆ بەدوای خۆدا دێنن؟!  لە دوای گریانێکی درێژ هەمیشە بێدەنگیەکی شیرین چواردەورمان ئەتەنێت، ئەو کاسبوونەی چەخماخەی تۆفانەکان مێشکمانی کاس کردووە هێواش هێواش بەرمان ئەدات...ئەزانی دوای گریانی لەکووڵ ئیتر چاوو بیناییمان ڕوونتر ئەبێ، ئەزانی فرمێسکەکان کە خۆشبوونەوە لێڵایی سۆمامان لەگەڵ خۆیدا ئەشواتەوە؟!

هاوڕێ من ئەمڕۆ هەستێکی سەیر وەک تەم دەوری سەری گرتووم و جێمناهێڵێ، تەمێک تابێ چڕتر خۆی دەنەخشێنێ، وا خەریکە دەروونم دەکاتە وەرزی چاندن و بێ ووچان هەر لێزمەیەتی و وا دەیبینیم پەڵە بە پانتایی ڕۆحم ئەدات.
هاوڕێ ئەمڕۆ جووڵەیەکی بزێو لە ڕۆحما شین ئەبێ، وەک کاتژمێری بەرباخەڵی پیرەپیاوێکی ئەو بنارە نسرمانە هێدی هێدی ژەنگی ئەژنۆی گرمۆڵەبووم ئەکڕێنم و فێری گاگۆڵکێ دەبمەوەو بەهەر کلۆجێ بێت دەمەوێ خۆم بگەیەنمە قەراغی قەرەوێڵە ووشکەڵەکەم و سڕیی بەدەنی ژووریی خامۆش  دەرکەم..

هاوڕێ من بە کزەبای بناری گۆیژەدا پەیامم دەگەیەنمە هەموو کووچەو شەقام و سەربان و گوێسوانەو حەوشەو بەرهەیوانەکانی شار...من لە زەنگی دەرگای هەمووتان دەدەم و لێتان دێمە پێشێ و دەستی هەمووتان دەگووشم و پێتان دەڵێم ئیدی پەلەکەن و نامە بۆ دڵڕەنجاوەکان بنێرن، مۆڕەو  بێزاریەکانتان لەیەک بخەنە لاوە، ئەو دڕدۆنگیەی لە سیماتانا لکاوە بە کەفاوی لێبووردەیی بشۆنەوە، باوەش بۆ گەڕانەوەی تۆراوەکان بکەنەوە، دەرگا لە چاوەڕوانەکان بکەنەوە، ئەو دیوارانەی کینە ڕایگرتوون بڕمێنن،نووکی دڕکی ڕقەکانتان بشکێنن، وەرن هەموو ببینە عەترو بڕژێین بەسەر شانی شەکەتی یەکدا، وەرن با لە ئافات ژیان مووتووربەکەینەوە، وەرن با ئاشتبینەوە....


AM:10:38:20/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 2024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی