سلێمانی چی ناوێ؟

‌د. رەنجدەر قەرەداغی


زۆر ووتراوەو نووسراوەو کیتابوناو کیتابوکووم، سلێمانی چی بۆ بکرێ و شایەنی چیە و ئا بەم جۆرە، من هیچ لە ئەندازەو تەلارسازی و ڕێگاو بان و ئاوو ئاوەڕۆ نارانم، نە ئەزانم ماستەر پلان ئەبێ چۆن بێ و نە ئەشزانم لە نەخشەدا سلێمانی لە کوێوە دەستپێدەکاو کۆتایی سنووری کوێیە، نە لە سەرژمێری و ئامار خوێندوومەو نە شارەزام لەوەی قەرەباڵغی و ترافیک چۆن چارە کەم. بۆیە من هیچ نازانم کەئەبێ چی بۆ ئەم شارە بکرێ. 

بەڵام تێفکرام لەوەی چی نەکرێ باشە لەم شارە، تا کۆڵنجەکانی بتەقێنێ، تا هەناسەیەکی پڕ ئۆکسجین فوو بکاتە سیەکانی، تا شەوان ئارام بنوێ و سەرمای نەبێ، تا دەنگی گۆرانی لە دەنگی بۆڵەو بێدادی  لەم شارەدا بەرزتربێ. 

زۆر تێفکرام، باڵی خەیاڵ هەڵیگرتم، بەسەر ئاسمانی ئەم شارە چەندین خوولی بە بەرزی ئەزمەڕو گۆیژە سووڕاندم، لە سەیوانەوە پیا هاتم، ئازیزانی خەوتووی ئەبەدی ڕاکشابوون، چوومە سەر گڵە زەردەو لای چەپم زەردیاوا لە دوورەوە هێشتا چای بەیانی لەسەر ئاگردان دانابوو، ڕووەو کەرکووک ڕووانیم تا چاو بڕکا شار کشاوە، بینای نوێ بەڵام کوورتە باڵا، دیواری زۆر بەڵام ڕووپۆش بە ئایزۆگام، شەقامی پڕ تڕومبێل،  بەڵام قەقناس و بێ جووڵە، گەشتمە سەر سەرای شار، باوە خوولەی عەشامات بە دەوری فلکەی ناوەڕاستی شارو ڕەشچوونەوەی جووڵەی پیادەی شەقامی مەولەوی....هەموو شتێ دووبارەیە، ئەم دیمەنانەم زۆر دیوە، باشە من بۆ شتێک ڕامناوستێنێ و وام لێکا ڕاوەستم و تۆزێ بەدیاریەوە ڕابمێنم؟!

ئەم شارە لە بەرزاییەوە کە لێی دەڕوانی، وا هەستەکەی لەسەر گازی پشت کەوتووەو دەستێکی لە پشتی سەری و تەماشای ئاسمان ئەکات و دوای شەکەتیەکی زۆر گوێ لە گۆرانیەکی دیلان یا شیعرێکی ئەحمەد مووختار جاف بە دەنگی شووکرەڵای بابان یان باستی مووزیع ئەگرێ.....ئەم شارە خەندەیەکی سارد لەسەر لێوەکانێتی، بەس نازانم وەک ئەوەی لە دڵی خۆیا خۆی بدوێنێ و گاڵتەی بە شتێ بێ، یا یادگارێکی کۆنی هاتۆتەوە بیرو بزەی پێ دێ؟! ئەم شارە کە سەیری ئەکەم وا هەستەکەم ئەگەر سەلامێکی لێکەم زۆر تاقەتی وەڵام دانەوەشی نەبێ. بێباکیەک، پەشیمانیەک، لە ڕووخساریا زەق دیارە، لەچی ؟ نازانم.

شار لەو بەرزەوە لەوە ئەچێ بیری شتێ بکا، هەست ناکەم خەیاڵی لای سبەینێ بێ، لەوە ناچێ پلانی داهاتوو  سەرقاڵی کردبێ، زیاتر هەستەکەم ڕۆچۆتەوە ڕابردوو، وەک ئەوەی بەدیار ئەلبوومی یادەکانیەوە هێواش هێواش پەڕەکانی هەڵباتەوەو هەندێ جار غەمبار و تاوێ تر ڕووخۆش دەردەکەوێ.

کە ئەمەم دی، زانیم ئەم شارە چی ناوێ؟ زانیم ئەم شارە تا جارێکی تر بتریقێتەوەو ببزوێ،  شەقامی شووشەو باڵەخانەی سەر لە هەورو مۆڵی براندی مۆدێل و کڵەبی شەوانەی ناوێ، ئەم شارە ڤیستیڤاڵی یاپراخ و دووگمەو دۆڵاب و جرت و فرتی ئۆتۆمبێلی گرانبەهای ناوێ. ئەم شارە ووڕکی لەم تەتکەو پەتکەو مت و مووروانە نەگرتووە،  ئەم شارە خەیاڵی لای شتێ ترە، خەیاڵدانی پڕی خۆزگەی خەوزڕاوی خەم داگرتووە.

 ئەم شارە بە سووشتێکی سادەی خواکردو بە خانووە قووڕەکان و باخی لە بیرنەماوی شێخ لەتیف و ئەسحابەسپی و کۆڵانە لارو تەسکەکانی مەڵکەندی و پردە گچکەکەی سەرشەقام و بازاڕە کۆنەکەی بەربەلەدێکەو پیره دارەکانی باخی گشتی ببووە شاری شاران و سەرمەشقی ئاوەدانی و لانکەی شاعیرو شۆرشگێڕان، ئی ئیتر بۆ ئێستە لەم دنیای پڕ تەکنەلۆجیاو داهێنان و نوێگەریەدا ئەو نەشئەیەی بۆ نایە؟! ئەم شارە دیارە مەلوولی شتێ ترە، ئەم شارە خەمی ئەوە ناخوا کە شەمەندەفەری نیەو شەقامی پان و پۆڕو پاسی دوو قاتی نەگەشتۆتێ، ئەم شارە لە خەمی ئەوەدا غەرقە کە وەک جاران تاقەتی سەیرانی سەر مامە یارەی نەماوە، هەستەکا وەک جاران سەرچنار تامی نەماوە، پیاسەی ئێوارانی شاڕێی سالم وەک جوابی چامەکەی نالی پڕی پرتەو بۆڵەو داخ و ئاخە. ئەم شارە بیری کۆڕەکانی بێکەس ئەکا، بیری ئەو جەژنانە ئەکا کە پێڵاو لاستیک و سک بەتاڵ و قژ ئاڵۆزاو بوو، بەڵام دڵ ئارام و دەروون ساف و جەستەی شار پڕ نەشئە بوو. 

ئەم شارە بۆی لەسەر گازی پشت چیدی لانەواز نەگەوزێ و لە خەیاڵی ڕابردوویا سبەینێ و داهاتووشی لێ گووم نەبێ، دەنگە نەزانم سەد دەر سەد دڵی لای چیە، بەڵام ئەزانم و یەقینم هەناسەی قووڵی ئەو بۆ باڵەخانەی شووشەو ڕیزە دووکانی پڕ عەتر نیە، بە مەزەندەی عەقڵی مووتەوازعی من، ئەو بۆ ئێستا پشوویەک و دەست بە سەرا هێنانێک و باوەشێکی دڵنەوایی و ئاشتەوایی و سکوونی دەوێ.


PM:02:18:14/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی