بنیادەم کاتێ دەبێتە سفری دوای فاریزە!

‌د. رەنجدەر قەرەداغی

دەروونی بنیادەمی ئەم سەردەمە، زۆرێکی، چی زۆرێکی وەڵا تۆ بڵێ زۆرینەی، خوا هەڵناگرێ، خۆ چاویشی دەریەت خۆی لێرە نیە خوای لێرەیە، ڕاستە کەمێ عەسابی گەرم و زوو کەف ئەکاو ئەیشێوێنێ و تووندو زبر خۆی دەرەخات و لە دوورەوە وا دەنوێنێ کەم هێز هەیە بتوانێ سەرەخەری و ململانێ و زۆرانبازی لەگەڵ بکا ، بەس گەرەکت بێ چۆنت ئەوێ وەک بووکەڵە بیجووڵێنە، وەک هەویر بیشێلە، وەک ڕۆژنامەی کۆن بیکە بە سفرە، دواتر چرچیکەو بیسووتێنە.

 ئەزانی چی؟ حەزەکەی خوێی بۆ بکە چاوە لەجێی شەکر، تەقوولبابی دەرگاکانیان بکە کاتێ لە خەوو پشوودان هەر بۆ بەزم، مەشغووڵیکە و بینێرە بۆ ڕاوە ژیشک، شەربەتی ترشاوی پێ نۆش کە، فاسۆڵیای دوودانی بۆ بکە بە شلە، نۆکی نەکڵۆکی بۆ بکە بە لەبلەبی، وەک قووتیلکە کەی بێتاقەت بووی یاری پێبکەو بیقووپێنە.

هەندێجار وەرە سەر ڕێگاکەی، جارجار مۆڕەیەکی تۆزاوی لێکە تا ترس دێتە گیانی، دواتر زەردەخەنەیەکی تێگرەو دەستێ بخە سەرشانی و بڵێ سووعبەت بوو مەتۆقە! هەندێ جاریش دنیای لێبکە بە چەرمی چۆلەکە، با شپرزەبێ، با  تەنگەتاوبێ، با هێند سەرقاڵ بێ و با وا گێژ ببێ تا وای لێدێ بە مۆبایلەکەی جەڕەس بۆ سویچی سەیارەکەی لێبا بۆی بیدۆزێتەوە! هەندێ کاتی تر دەرگاکانی گشت لێداخە، گڵۆپەکانی لێبکووژێنەوە، ئینجا ڕایکێشە دەرەوەو هەموو ئاسمانی لێبکە بە گڵۆپی سەوزو سووریی فسفۆڕیی و بەر شەوارەی بدە، عەرزەکەی بە توێکڵەمۆز بۆ ڕاخەو پاشقوولێکیش لە هەنگاوەکانی بگرە، با سەرسم بات، لێگەڕێ بزانە زرم لە کوێ خۆی دەگرێتەوە، دواتر تەپوتۆزی گیان و ڕۆحی بتەکێنە، قوومێ ئاوی سازگاریشی بەرێ، هێمنی کەرەوە، گۆرانی بۆ بڵێ، موزیکی بۆ بژەنە، دواتر بیکەرە باوەش و هەڵیدە بۆ ئاسمان و بەس کە هاتەوە خوار ، ئینجا خۆت گێلکەو مەیگرەوە با شڵپەی بێ!

 هەمیشە ئاوا لاستیک ئاسا گەمەی پێبکە، قەد لێمەگەڕێ هیچکات هەست بە بەردەوامی هیچ جۆرە دۆخێک بکات، لێمەگەڕێ تیبفکرێ، با نە هەست بکا لە شەڕدایە، نە ئاشتی، با خۆی و سێبەرەکەی خۆی لێ ببێتە تۆم و جیری!

بەردەوامبە لە ڕاهێنانی ئەم بنیادەمە، هەموو کوونجەکانی ژیانی بتەنە، دەست بۆ هەموو ڕەفەکانی ژیانی بەرە، دگ دگ وەک بزمار بچەقێرە سەری، ئەزانی چۆن؟کام هەواڵە پووچ و کرچە و لە هیچ قووژبنێکی دونیای ڕاستەقینە فلسێ ناکا، فلسی قەڵب، تۆ لێرە مانشێتێکی بۆ بدوورەو لێی بنووسە ئەم هەواڵە شۆکت دەکا،دەفعیکە تا کلیک بکا،  جا بزانە چۆن وەک مێروولە کاتێ سەما لە دەوری شیلەی ڕژاوی سینیە لووقمەقازی ئەکا، هەر ئەوا چۆن تێی دەئاڵێ و نووقتەو فاریزەکانیشی ئەلێسێتەوەو دەروونی شەکەتی خۆی پێ تێرەکا! 

ئەم مرۆڤەی ئێستا لەسەر شۆکبوون ئەژی، دەیەوێ هەمیشە ڕاچڵەکێ، دابخوورپێ، چونکە بەرگەی سکوون و ئارامیی ناگرێ، سەیرە ها؟! منیش ئەڵێم سەیرە، بەس ئیدی وایە، ئەو ئیتر گەشتۆتە قۆناغێ دوای ئەو هەموو ڕاهێنانە، بە موزیکی هێمن و شیعری ناسک و کراسی پەمەیی و عەتری شیرین و قاوە خواردنەوە پەستە بێ،  ئەم بنیادەمە ئیتر لێرە بەدواوە ئاڵوودەیە بە نغرۆبوونی خۆی، بە کەوتن و سەرمەو قوولات ، خل بوونەوەی بەردەوام،نسکۆی دووبارە. ئەم بنیادەمە دەتوانیت هەموو جوانی و پیرۆزی و بەها ئینسانی و کەسییەکانی بکەیتە کاڵای گاڵتەو بەزم و ڕابوواردن و هەر بە خۆیشی  بفرۆشیتەوە، گەر بتەوێ  گرانیش پێی بفرۆشە، کورە خاتریشی مەگرە، بڕواکە دوای ماوەیەک خۆی داوای هی تریشت لێدەکا!

ئەو ئێستا ئەو ڕۆبۆتە دڵتەنگەیە کە بە سەرکەوتوویی هەموو ڕاهێنانەکانی بە سفر بوونی بڕیوە، ئیدی دەبێ هەموو ڕۆژێ بیری بخەیتەوە کە ئەو هیچە، دۆڕاوە، گچکەیە، جێماوە، دەبێ کە فێرت کرد ئەو ئیتر بەشخووراوە، بەردەوام تێریشی بکەی لەوەی سەما لەگەڵ ڕووخانی خۆی بکا، باوەش بۆ ئازارەکانی بکاتەوە، خۆی بلاوێنێ، ئەو ئێستا لە پێکەنین ئەسڵمێتەوە، چما نابینی گەر ڕۆژێ بە ڕێکەوت چەند جارێ تووند پێبکەنێ، ڕێک وەک ئەوەی حەرامێکی لە خۆی حەڵاڵ کردبێ، بیسمیلایەک دەکاو دەڵێ خوایە خێر ئەمڕۆ زۆر پێکەنیم، ئێمە پێکەنینمان پێوە نایە!  

ئەو تازە پێی وایە هەژاری و نەخۆشی و مەینەتی نیعمەتن، ئەو بیانوو لە خۆی کۆ دەکاتەوەو خۆی پێ دادەسەکنێنێ کە نەگبەت خۆشەویستی خودایە! جا ئەم بنیادەمە هەموو زیندوێتی خۆی لە تێرکردنی وورگ و چەند حەزێکی  گچکەی ترا دەبینێتەوە، ئێستا ئەو لە دۆخی یەقینێکایە کە بوون و مانەوەو ژیان جگە لە وەهمێکی کرچ و کاڵی هەرزەکارانەی تێپەڕیو چی تر نیە! دنیا هیچە، تڕوهاتە، ئێستا ئەو پێی وایە لە شوێنێکی ڕابردوودا دەمێکە مردووەو ئەوەی ئێستا دەیگووزەرێنێ تەنها سووڕانەوەی ناو بازنەیەکی داخراوە، ئەو پێی وایە گەشتۆتە حەقیقەت، پێی وایە تێگەشتووەو وەڵامی مەتەڵەکەی داوەتەوە، سۆفیانە لە خۆی دەڕوانێ، بەس نازانێ زۆر بە سادەیی ئەمە تەسلیم بوونە بەو سەرابەی تەکنەلۆجیای گەیاندن و جەنگی بازرگانی  سەردەم و میدیا بە هەژموونە جیهانی و لۆکاڵیەکان لە پانتایی بیرو قووڵایی بینینیدا بۆیان نەخشاندووە، ڕوونتر بیڵێین نازانێ خەوێنراوە، لە خوودی خۆی دابڕێنراوە، هەرچەندە لەناو  کۆمەڵگادایە، بەس نازانێ بە تەنێ جێهێڵدراوە، دەترسم زوویر بێ گەر بڵێم بێ ئەدەبی نەبێ گەوجێنراوە !!))


PM:07:51:29/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 2912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی