لەنێوان مام جەلال و نێچیرڤان بارزانی دا
بایەخی سازان و عەقڵیەتی میانڕەویی

‌ ئەبوكاروان

شەوی ٢٠٠٩/١٢/٢٩ كاتژمێر ١٠ی شەو، ڕاستەوخۆ تەلەفونێكم بۆ مام جەلال كرد یادی بەخێر و دوای ھەواڵ پرسین وتم: دەمەوێ سبەینێ گەر دەرفەتت ھەبێت سەردانێكت بكەم، بێ وەستان و بیركردنەوە ووتی سبەینێ كاتژمێر ١٠ چاوەڕوانت دەبم، منیش لای خۆمەوە سپاسم كرد.

ڕۆژی ٢٠٠٩/١٢/٣٠ لە كەركوكەوە بەڕێكەوتم و كاتژمێر ١٠ گەیشتمە دەباشان و پێشوازییەكی یەگجار گەرمی لێكردم، دوای بەخێرھاتن و چاخواردنێك ئەو دەربارەی بەستنی پلنیومی یەكێتی و وتارەكەی لە پلنیومەكە دەستی كرد بەگفتوگۆ و ووتی: گوێت لێگرت و خوێندتەوە؟  ڕات چیی بوو؟ بەتایبەتیش ئۆباڵی تێكچوونی پەیوەندی حیزبەكان و شەڕی ناوخۆی و ھەڵبجەی خستە سەر كاك نەوشێروان و چەند بەرپرسێكی یەكێتی،  لە بنەمادا وتارەكەی زۆر تووند بوو بەتایبەتیشی بەشێكی ھێرش كردن بوو بۆ سەر نەوشێروان مستەفا، منیش خۆم دوور گرت لە وەڵامەكەو زیاتر بەستمەوە بە پەیوەندی نێو حیزبەكان و لە ڕابوردو و ئێستادا و وتم: مام من ھەر بۆ ئەو مەبەستە ھاتووم و لە شاخیش و لەكاتی شەڕی ناوخۆدا بەڕێزت لینكێكت دروستكردبوو لەگەل حیزبی سۆشیالیست لەگەل كاك شێخ محمد شاكەلی و كاكە حمەی حاجی محمود، لەگەل ھاوڕێ كەریم ئەحمەدی حیزبی شیوعی بەڵام لە پشتەوە عەقڵیەتی چەند سەركردەو كادرێكی یەكێتی شەڕیان گەرمتر دەكرد بۆیە ھەست دەكەم ئێستاش ئەو كارانە دووبارە دەبێتەوە، یەكسەر نەیھێڵا قسەكانم تەواو بكەم و ووتی: چیبووە پێم بڵێ؟

ووتم : ئێمە بەرەو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڕۆین ، لایەنە كوردستانییەكان ململانێ یان لە گەڵ لیستەكانی عەرەب و توركمان ھەیە، یەكێتی و پارتی و شیوعی و سۆشیالیست ھاوپەیمانییەكیان پێكھێناوە لە گەل بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی لە ململانێ دان، كەچی برادەرانی ئێوە لەكەركوك بەربوونەتە گیانی ھاوڕێیانی ئێمەو داوایان لێدەكەن ھەر شیوعییەك ببێتە یەكێتی پارچەیەك ئەرزەو یەك دەفتەر دۆلاریان دەدەنێ، پۆلیسەكان بەشێكیان دەكەنە ئەفسەر و بەشێكیان دەنێرنە ماڵەوەو مووچە وەردەگرن و دەوام ناكەن، ئەمە چ عەقڵیەتێكە ؟ 

زۆر توڕە بوو، بەسكرتێرەكانی وت بەجوێن داناوە ئەوانم بۆ وەرگرە( ...)!، پەیوەندی كردو دیسان زۆر بەتوڕەیەوە قسەی پێكردن و وتی: ئەوا ئەبوكاروان دانیشتووە، ھەرچی شیوعیی لاتانە بینێرنەوە بۆ بارەگاكانیان و قبوڵتان لێناكەم، منیش لە پاڵەوە وتم لەگەل زەحمەتكێشان یش خەریكی ئەو كارەن و بەردەوام بوو ووتی زەحمەتكێشانیش وەر ناگرن ، سۆشیالیست و پارتیش....

دوای پەیوەندییەکە کۆمەڵکێک قسە و باسمان، بەڕێزەوە باسی ڕۆڵی مێژوویی حزبی شیوعی و ئەکاتەی کردو، تەنانەت ئامادەیی و پشتیوانی دەر بڕی بۆ هاوکاریی مان .

دەمەوێ ئەو هەڵوێستەی مام جەلال لەو کاتەدا ببەستمەوە هەوڵەکانی ئێستای نێچیرڤان بارزانی، ماوەیەكە ناوبراو بەسەنگ و قورسایی خۆیەوە، بەتكاو پاڕانەوە دەیەوێ بەشێك لەم قەیرانەی ھەرێم چارەسەر بكات ، سەردانی بەغداو توركیاو ئێران دەكات ، لەگەڵ ئەمریكاو فەرەنساو وەڵاتانی دونیا كۆدەێتەوەو ھەست بەكاریگەری دەكرێت  و ھەنگاوەكانیشی بەرەو ڕێككەوتن و چارەسەری مام ناوەندی دەڕوات، كەچی لە پشتەوە كار دەكرێت بۆ تێكچوونی پەیوەندییەكان و دروستكردنی لەمپەر لەبەرانبەر ھەوڵەكانی.

 چ مام جەلال و چ نێچیرڤان بارزانی دوو کاراکتەری نێو مێژووی سیاسی ئێمەن و بەدەر نین لە کەمووکورتی و هەڵە، هەر یەکەیان بەجۆرێک ئۆباڵی ئەم دۆخە ناهەمووارەی گەلی کوردستان لە ئەتستۆدایە، بەڵام گەر بەراوردێکیان بکەین بە بەشێکی تری سیاسیەکانی دوو حیزبی دەسەڵات بۆ سازان و دانوستان و ڕوحیەتی سازش بۆ باش بوونی دۆخی نێوماڵی كوردستانی باشترن.

ئەم ئان و ساتەدا کە پارتی و یەکێتی لەمیانی ململانێی  ناڕەوایاندا بیریان چووە چ ئێمە لە چ دۆخێکی هەستیارین، دۆخێک کە سیستەمی جیهانی و ناوچەیی شکڵگیر دەبێتەوە، بۆ یە پێویستە لانی کەم جڵەوی سیاسەتیان بدەن دەستی عەقڵیەتێکی هێمن و میانڕەوتر.


PM:03:30:16/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 1492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی