سەرە قەڵەمێک دەربارەی تیرۆر

‌شەنگار سابیر

 پرسی تیرۆر پرسێکی جیهانییە،مێژووییەکی درێژی هەیە لە ناو ئەفسانە و حیکایەتە دێرینەکاندا،مێژووی تیرۆر هیچی کەمتر نییە لە مێژوویی ژیاندۆستی.دیارە تیرۆرە وەک مامەڵەیەک بۆ مردن و وێناکردی مەرگی ئەویدی.لە تیرۆردا مردن بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو ئامادەیە،ئەو کەسەی تیرۆر دەکرێت مردنی خۆی مسۆگەر کردووە و دەبێت بمرێت.مردن لە ڕێگەی تیرۆرەوە پێچەوانەی ـ قەدەر ـ دەوەستێت و شتێک نییە بە ڕێکەوتێکی ئیلاهی یان سروشتی ڕووبدات،بەڵکو شتێکە لەلایەن دزگایەکەوە کورت دەکرێتەوە.

مردنی ئاسایی یان ئەوەی لە ژێر ناوی قەدەر و سروشتدا ڕوودەدات مردنێکی ئۆنتۆلۆجییە،بڕێک لە هێزە میتافیزیکییەکان ڕۆڵیان تێیدا هەیە،زانست پاساوی خۆی بۆ هەیە،دین مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ دەکات.مردنی سروشتی مردنێکە لە ژێر جەبری چاکە و خراپە دەرناچێت،بەشێک نییە لە پلان و وێنەی جیاوازی کولتوری دوای مردنەکە.مرۆڤێک کە بە شێوەیەکی سرووشتی دەمرێت کەمتر پاساو بۆ مردنەکەی دەهێنرێتەوەو تەنها بەشێکی وەک نۆستالۆژیا مامەڵە دەکرێت،کەمتر هەڵگری قسەکردنە ـ هەموومان هەر دەمرین ـ ڕەنگە ئەمە دوا قسەیەک بێت کە ئاڕاستەی مردنەکە دەکرێت،کەس کونجکوڵی ناکات و مردنێکی بێ گرێ و گومانە،بۆ ئامادە بووانی مردووکەش زیاتر پرسێکی وجودییە،تێڕامانە لەوەی لە کوێدا ئێمەش دەمرین،بۆ دمرین و بۆ دەژین؟ هەڵبەتە لێرەو لە دونیایی ئێمەدا مردن کەمتر ڕەهەندێکی وجودی هەیەو زیاتر بارکراوە بە ئایدۆلۆژیایی دینی و تێڕامانەکەی دوای مردن.

مردنی دینی مردنێکە کە بە دابەش بوون بەسەر قیامەتدا کۆتایی دێت،هێشتاش ئیمکانی بینینەوە هەیە لە دوای مردن،بو نمونە گوێمان لەوە بوو کە سێک پەیوەندی بە مەلایەکی ئایانییەوە دەکات و دەڵێت تۆ بڵێیت لە قیامەتدا یان لە بەهەشت فڵان کەس ببینمەوە و لەوێدا پێی بگەم..! واتا مردنی دینی کەمتر مردنە بە مانا ئۆنتۆلۆجییەکەی،کەمتر جێگەی تێڕامانە لە دیوە فەلسەفییەکەیدا و زیاتر لە ئاماژە دەچێت بۆ شوێن و مەکانیتر.بەڵام مردن بە هۆی تیرۆرەوە تەواو جیاوازە،کاتێک کەسێک تیرۆر دەکرێت کۆمەڵگە تووشی ڕامان دەبێت،لە تیرۆردا کەمتر پرسیاری مردن چییە دێتە ئاراوە،کەمتر تێڕامان لە نێوان ژیان و مردن درووستدەبێت بەڵکو تیرۆر لە ئاستی زماندا جێگە بە مردن وەک پرۆسەیەکی ئەبەدی لێژ دەکات.

تیرۆر تەنها مردن نییە بەڵکو لێسەندنەوەی مافی ژیانە لە لایان ئەویدییەوە،مردنە بە هۆی هەڵوێست و ئاکتەوە ـ جا ئاکتەکان هەر چییەک بن ـ لە تیرۆردا سەبجێکت بەهۆی ئەوەی بەشێکە لە سیستم تیرۆر دەکرێت،زانست بەهانەیەکی بایۆلۆجی بۆی نییە،دین ناتوانێت پرسیار لە عیبادەتی تیرۆر کراو بکات،بەڵکو ئەوە کۆمەڵگایە پێکڕا دێنە دەنگ و شوناس بە تیرۆرکراو دەدەن،گەورەی دەکەن و دەیبەخشن بە یونیڤێرساڵ،بچوکی دەکەنەوەو دابەشی دەکەن بەسەر ئەخلاق و کولتوردا.لە مردنی سروشتیدا کەمتر سیستم ئاگادارە وەک چۆن لە تیرۆردا کەمتر سروشت ئاگاداری ئەم مردنەیە.

تیرۆرکراوان لە ژێر جەبر و بەهانەی ئەویدیدا دەکوژرێن و دەمرن،بەڵام لە مردنی سروشتیدا بەهانەکان میتافیزیکیتر و ئایدیاڵترن.کاتێک کەسێک تیرۆر دەکرێت لەلایان ئەویدییەوە ئەم مردنە کۆتایی نایات بەڵکو وێنەیەکی سیمبولی وەردەگرێت،توانای یادکردنەوە و ئیدامەدانی زیاترە،درێژ دەکرێتەوە بۆ پرسی سیاسی و کولتوری،لە ڕێگەی تیرۆرەوە پرسیار لەسەر ئازادی و جڤات دروستدەبێت،فیلمی لێدروستدەکرێت و دەکرێت بە ڕۆمان،بەڵام کە سێک کە بە سروشتی دەمرێت کەمترین کەرەستە دەدات بەدەستەوە بۆ سەر لە نوێ یادکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیدا.


PM:09:23:25/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 1992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی