هاوخوێن و حزبەکانی کوردستانی ئێران بە تەنیا جێ ناهێڵین

‌بارزان شيخ عوسمان

خۆپیشاندانەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کورداتان و گەلانی تری ئێران دژی سەرکوتکەران زیاتر لە دومانگ و دەرۆژی تێپەڕاندوە، کە پزیسکەکەی  لە کوژرانی ژینا ئەمینیی  لە چەخماخەی دا.

راستە  چەخماخەی  ئەم  قوربانیدانەی رێگای ئازادیخواهیە کچێکی کورد بو بەڵام  بڵێسەی سەند بۆ سەرتاسەری ئێران و هەموو ئێرانییەکان جامی توڕەیی  خۆیان رژاند بەسەر سەرکوتکەراندا لە دەسەڵاتدارێتی  کۆماری ئیسلامیی دژە ئینسان.

نەك هەر نیرویی سەربازیی، ژاندرمری، ئیتلاعات و سپای پاسداران بێ رەحمانە لە ناوخۆدا کەوتونەتە وێزەی ئەو خەڵکە ئازادیخواهەی کورد و تەواوی ئێرانییەکان، بەڵکو بەوەشەوە نەوەستاون داخی شکستیان لە سەرکوتکردنی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییە دەرێژن بەو هێزە سیاسییە کوردانەی کوردستانی ئێران کە لە عێراق و هەرێمەکەی کوردستانی داڵدە دراون و ژیانی ئاسایی سیاسیی مەدەنییانەی خۆیان و خێزان و مناڵەکانیان لە ئۆردوگا مەدەنییەکاندا بەڕێ دەکەن.

هێرشە موشەکیی ودرۆنە بێ پاساو و بیانوەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ ناوچەکانی کۆیە و زڕگوێز لە هەولێر و سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکن بۆ دوژمنداریی سەختی سەرانی ئێران لەگەڵ ئەو هێزانە و هەموو دەنگێکی ئازادیی و چالاکییەکی سیاسیی مەدەنیی بێ چەكی دیکە.

حزبەکانی کوردستانی ئێران زیاتر لە سی ساڵە رێز لە سەروەریی خاك و ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان  دەگرن، هەرگیز لەم ناوچەیەوە هەڕەشەیان لە ئەمنیەتی ئێران نەکردوە، هەر بۆیە پێویستە تەواوی هێزە سیاسییەکان، رێکخراوە دیمکراسیی یەکان و مەدەنییەکان و چالاکوانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی لە کوردستانی عێراق هێز و توانای تەواوی خۆیان چڕ بکەنەوە بۆ رێگرتن لە هەر شەڕ فرۆشتن و گێچەڵ پێکردنێکی هێزەکانی جمهوری ئیسلامیی بەم هێزە نیشتمانیی -دیمکراتیی و مەدەنییانەی  کوردستانی ئێران  ،تا لەوە زیاتر بیانویان پێ نەگیرێت  و خوێنیان نەڕێژێت.

ئەگەر بیانوەکانی کۆماری ئیسلامیی بەم هێزە سیاسییە  تێکۆشەر و خاوەن مێژوە  پرشنگدارانەی رێگای ئازسدیی و سەرفرازیی، ئەو شەپۆلی ناڕەزاییانە بێت کە لەودیو سنورەکانی ئێمەوە پەرەیان سەندوە، پەیوەندیی بە بەرخوردی دژە مرۆییانەی خودی کاربەدەستانی جمهوری ئیسلامییەوەیە، کە لەلایەك بەو پەڕی وەحشتگەریی کەوتونەتە وێزەی  هەموو دەنگێکی ئازاد و سەپاندنی ژیانێکی کولە مەرگیی و بێ چارەیی بەسەر تەواوی خەڵکی ئێراندا، لە لایەکی تریش بە هۆی نالۆجیکیی بیرکردنەوەکانیانە لە ئاست  کۆمەڵی نێودەوڵەتیی کە وڵاتیان رووبەڕووی قەیرانی جۆراو جۆر کردوەتەوە ئەمەش هەلومەرج و شەرایتێکی وای خوڵقاندوە تا دێت دەنگی ناڕەزایی زیاتر بەرز بێتەوە، ئەوەش  هیچ دەخالەت و دەستوەردانێکی بیانیی، یا هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی تیادا نییە.

ئەوەی لەئارادایە  تەنیا پشتیوانیکردنیانە  لەداواکارییەکانیان کە نەك هەر ئەوان بەڵکو ئێمەی کوردی عێراق و تەواوی عێراقییەکان و ئازادیخواهان لە جیهاندا پشتیوانیانن.

ئێمەی کوردیش کە لەم گۆشە بچکۆلەیەی  ناوچەکەدا بە لانی کەمی ئازادییەکانمان گەیشتوین، هاوڕا و هاوخەباتی خوشك و برای کوردمان تەواوی گەلانی ناوچەکەشین بۆشاد بون بە ئازادیی کە مافی هەر مرۆڤێکەو خوداوەند بەخشیویەتیی پێمان نە جمهوری ئیسلامیی نە  تورکیا نە هیچ کۆمار و رژێمێکی تر بۆیان هەیە لە ئێمە و لە هیچ  کەس و مرۆڤێکی تری زەوت بکەن  و بسەننەوە ،جا کورد بن یا فارس ،تورک ،ئازەڕی ،بەلوچ  یا عەرەب  یا هەر زمان و رەنگێکی تر بن.

پێویستە کۆماری ئیسلامیی پەی بەو راستیە ببات کە گەلی کوردستانی عێراق  وەك چۆن خۆی بە قەرزباری کوردی ئێران دەزانێت کە لە کاتی میحنەتەکاندا بە فریای کەوتون، ئەوهاش بە ئەرکی سەرشانی دەزانێت کە  لەم میحنەتەی ئەوانیشدا بە تەنیا جێیان نەهێڵێت بێ جیاوازیی کردنیان لەم دیو لای ئێمە میوان بن، یا لە شارو گوندەکانی خۆیان لەودیو درێژە بە خەباتکردن لە پێناوی بەدیهێنانی داوا و خواستە سەرەتاییەکانی ژیان کە  ئازادیی  بنچینەی ئەو خواستانەیە.

چونکە ئەو شەپۆلە بەرفراوانەی ناڕەزاییەکان هەر بە تەنیا پەیوەست نییە بە لەچك و حیجاب و مانتۆی سەپێنراوی ئیسلامییەوە وەك هەندێك بیرتەسك و وشکی لای خۆشمان ئیدعای دەکەن و دنە و هانی هێزە دینیە سونییەکان دەدەن تا ناڕەزاییەکەی خەڵك بە ئاقار و دیوێکی تردا ببەن.


AM:10:47:29/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 1816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی