بگەرێرەوە بۆ وڵاتە بەرازەکەت، پۆلیسێک بە وشەی نەژادپەرستیی سوکایەتیی بە بێگانەیەک دەکات
بارزان شيخ عوسمان
فەرماندەی پۆلیس :” بۆتان دوپاتدەکەمەوە ئەو گرتە ڤیدیۆیە کاری تێکردم .
دوێنێ دوای بڵاو بونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ،کە نازانرێت چ کات و رۆژێکە و ئەفسەرێکی پۆلیس لە شاری گیسن ( Gießen)سەر بە هەرێمی هیسن Hessen ی دۆیچلاند(ئەڵمانیا)، بە وشەی نەژاد پەرستیی سوکایەتی بە پیاوێکی بێگانە دەکات و پێی دەڵێت "بڕۆ لاچۆ و بۆ دەرەوە ،دەنا خۆم ناگرم ،بڕۆرەوە بۆ وڵاتە بەرازەکەت” ، بێرند پاول فەرماندەی پۆلیسیش لەگەڵ بێزاریی خۆیدا. لە ئاست ئەو قسانە ، رایگەیاند "ئەو گرتە ڤیدیۆیە کاری تێکردم ".
ئێستا پۆلیس ئەفسەرەکەی ناسیوەتەوە و بەدوای ئەو هاوڵاتییەدا دەگەڕێت تا سکاڵا تۆمار بکات ،پۆلیسیش ئەرکە قانونییەکانی خۆی بەرامبەر ئەفسەرەکە جێبەجێ بکات .
پاول ئەوەیشی رونکردەوە بارودۆخەکە هەرچۆنێک بوبێت ، ئەو جۆرە قسانەبەهیچ جۆرێک قبوڵ و پەسەند نییە، دیارە دواتریش راستییەکان بە جوانیی روندەکرێنەوە .
تا ئێرە هەواڵەکە بو .
کۆمێنتەکە ئەوەیە ، ئەو ئەفسەری پۆلیسە تەنیا بەقسەیەک کە بۆنی رایسسیزمی لێ دێت ،کەوتۆتە ئەو گێژاوەوە ، دامەزراوەی پۆلیس بەدوای کەسەکەدا دەگەڕێت تا سکاڵا تۆمار بکات ،بۆ ئەوەی پۆلیس کاری قانونی خۆی بکات ،تادەستور و قانونەکان پێشێل نەکرێن .
من ناڵێم با عێراق و هەرێمی کوردستان وەک دۆیچلاند بن ،بەڵام با لانی کەم شتێکی زۆر کەم لە فەرهەنگ و کلتوری پۆلیس ، ئاسایش وهێزە ئەمنییەکانی تر لەوان بچن .تا روداوی شەق و تێهەڵدانەکەی رۆژی دوشەممەی دادگای گەورەی سلێمانی و ئەوانی رابردو دوبارە نەبنەوە .
بەهۆی دیمەنی قێزەونی لەو جۆرە و رەفتاری ئەفسەر و پۆلیس و ئاسایشێک هەمو ئەو هێزانە بەراورد نەکرێن بە سەربازانی سەدام حسێن و جاش و جەیشی شەعبییەکان ،لە هێزێکی قانون چەسپێنەرەوە نەبنە سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەر .
با ئەو هێزانە قانون بە حوکمی جلوبەرگی رەسمییان ،بە حوکمی رەفتار و هەڵسو کەوتی قانونیی و رەسمیی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن ،نەک بە ئارەزو و میزاجی خۆیان کە توڕە کران ئیتر کۆنترۆڵ لەدەست بدەن . تەنانەت لە ئێران و تورکیای دراوسێش پۆلیس زۆر بە ئەعسابی ساردەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکان دەکەن ، بەندە هەڵس وکەوتی پۆلیسی هەردو وڵاتم بینیوە کە هیچ خۆیان تێک نادەن بە (نەمیشیە ،ئۆڵماس) کۆنترۆڵی بارودۆخەکە دەکەن .لە کاتی ئاشوب و پاشاگەردانییەکانیشدا لە چوار چێوەی ئەو قانونەی بۆیان دانراوە و رێگەیان پێدراوە،بەگژ ئەو کەسانەدا ئەچنەوە کە هێرش دەکەنە سەریان یا رێگەی هاتوچۆی خەڵک و جادەکان دەگرن .
لە ئەوروپا و ئەمریکای شارستانیی و مەدەنییەتیش ئەوە هەموان دەزانین کە چۆن بە وردیی ودیقەت پۆلیس قانون ئەچەسپێنن(دیارە لەوێش شت روئەدات بەڵام زۆر کەم) .
لەو روداوی شەق تێهەڵدانە لە مرۆڤێک لە بینای دادگا زۆر نیگەرانیی تر بەبیرمان هاتەوە ، هەمو بەتوندی مامەڵە لەگەڵ روداو و حاڵەتەکاندا دەکەین .
دادوەرەکان بە توڕەو تڕۆکی و بەفیزەوە قسە دەکەن تەنانەت لەگەڵ شایەتەکانیشدا چ جای تۆمەتبار .
پیاوانی ئاینیی سەر بە مەدرەسە جیاجیاکانی هێزە ئیسلامییەکان بە توندی قسە بە ژیانی مەدەنیەت ئەڵێن ،مێرد و باوک و برای ژنان و کچانی بێحیجاب،بەر نەفرەت و جنێوی ناشرین دەدەن تا رادەی فتوا دان بۆ کوشتنیان ،بێ ئەوەی کەس بوێریی هەبێت رایان بگرێت!
لەسەرەی نان وەرگرتندا یەکتر دەکوژن !،لە رێگەو بان بەتیژڕەوی و بە مێشکی گەرم و توڕەییەوە ئۆتۆمبیل لێدەخوڕین !، ئەوەش لەوێ بوەستێت کە پێشنیاز بۆ حکومەت و پەرلەمان دەکرێت هەر بە زمانی شەق و توڕەیی وەڵام دەدەنەوە!خۆ حزبەکان هەر هیچ کەس ناتوانێت بڵێت فڵانە حزب و فیسارە جوڵانەوە گەردو تۆزی گەندەڵیی ،نادیمکراسیی،کەللەرەقیی ،موزایەدە لە خۆتان بتەکێنن!
هەموان بەزمانی شەق و توندوتیژیی و توڕەیی مامەڵە لەگەڵ یەکتر دا،مامەڵە لەگەڵ پێشهات و بارودۆخەکاندا دەکەن ،با کەمێک بەخۆدا و بە مامەڵەی پۆلیس و ئاسایش یشدا بچینەوە ،تا ئابڕو بردنی تر نەبینینەوە .
AM:11:46:15/06/2022
ئهم بابهته 1252
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی