شۆرشی عەمامە بەسەر

‌ هاوڕێ تۆفیق

بە راستی هەزاران خۆپیشاندەر کە لە بەغا ئەبینین، ئەو دیمەنە میلییە رووخساری شۆرشی هەڵنەگرتوە؟ئاشکرایە شۆرشەکان هەموو وەختێک رەشوروتەکان دەیکەن ، بەڵام خەرمانەکەی ڕێکپۆشەکان و خواپیاوەکان دەیخۆن.

هەموو شۆرشێک چیرۆکێکی هەیە، ئەمەی سەدر ئەیکات شکشتی پرۆژەی چەپ و هێزی پێشکەوتووخوازە.گۆرینی گوتاری دینی بۆ بەرنامەی سیاسی لە ناو عەرەبا وەکو رەگی پیرە دارێک وایە کە رۆچوە بە ناخی خاکا، لە جەنگی جیهانی یەکەما شەریفی کوڕی حسێنی مەکە کە کلیلی  کەعبەی پێ بوو ، فەرمانراوەی حیجازی کۆن و سعودیەی ئێستابوو، بە رەگوریشە درەختی خێزانیان دەچوەوە سەر هۆزی قورەیش. شەریفی مەککە پیرۆزی ئاینی بۆ خزمەتی بیری نەتەوەیی عەرەب بەکارهێنا، گوێی نەدا بەو وتە رۆژهەڵاتیە کۆنەپارێزەی کە دەڵێ؛ ئینگلیز کافرن ! بەڵکو بێ دوو دڵی پشتی لە دەوڵەتی ئیسلامیی عوسمانی کرد و خۆی کرد بە برای شیرینی ئینگلیزو سەربەخۆیی گەلەکەی بەدەست هێنا.

سەدر هەمان رەفتار دووپات ئەکاتەوە، پیرۆزی عەمامەکەی سەری کە لە پایتەختی رووحی شیعەی دونیا لە نەجەفەوە وەریگرتوە، ئەمە لەپاڵ ئەو راستیەی کە پایتەختی سیاسی شیعە لە جیهاندا تارانە! بەڵام ئەو بیری نەتەوەیی عەرەبیی هەیە، لە نێوان تارانی پایتەختی سیاسی شیعەو و واشنتنی پایتەختی سیاسی لیبرالیزم، دووەمیان هەڵدەبژێرێ! ئەم پرۆژەیەی سەدر لە جەوهەرا پرۆژەیەکی ناسیۆنالیستی پاڵڤتەکراوی ناوەندگەرایی عەرەبییە. پرۆژەی عێراق وەکو نیشتیمانێک بۆ هەموان دڵی سەدرە، بەڵام بە عەمامەیەکی رەشی عەرەبی شیعیەوە، سەدر هیچ دۆستایەتیەکی لەگەڵ پرۆژەی گەشەپێدان و فراژووبونی ئابوری وڵاتدا نیە.  

بەڵام ئاشکراشە کە  عەرەبی عێراق هەر لە کۆنەوە دڵوگیانیان لەگەڵ سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان بوە. سەدر جگە لەو پرۆژە درێژخایەنە هیچ ئامانجێکی تری لەم بێنەو بەرەیەدا نیە.  ئەمەی رەوتی سەدر دەیکات شۆڕش نیە، شۆڕش میتۆدی خۆی هەیە، بنەمای فکری خۆی هەیە، لە راستیدا ئەمەی سەدر دەیکات تەنها جوڵانەوەیەکی میللی بەرهەڵستکارانەیە.

پاشان راستیەکی ژمارەیی گرنگتر  هەیە کە پێویستە بیخەینە روو ،ئەویش رەوتی سەدر لە کۆی گشتی کورسیەکانی پەرلەمان کە ٣٢٩ کورسیە .تەنها ٧٣ کورسی هێناوە! کەواتە لە پاکترین هەڵبژاردندا ،سەدر رێژەی ٪٢٢ کۆی دەنگی پەرلەمانی هەیە! کەواتە کەمینەی خەڵکە ! ئیتر چۆن لە جیاتی هەموو گەل ،داوای گۆرین دەکەیت!



PM:10:58:03/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 1152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی