لە دیداری 15 و 16ی سێدا، سلێمانی لە خۆی دەچێ

‌عوسمان گوڵپی

بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دیداری سلێمانی بەڕێوە بچێت، ئەم دیدارە ئەوە بۆ حەوتەم جارە بەرێوە دەجێت و دەتوانم بڵێم کە تاکە وێستگەیەکە بۆئەوەی وێنەی زیندوێتی سلێمانی بهێڵێتەوە، بە جۆرێك دەبێتە شوێنی گفتووگۆ گرنگەکانی ناوچەکەو جیهان هاوشێوەی پایتەختە ناسراوەکان.

 جگە لە کەسایەتی و نوخبەی بوارە جیاوازەکانی چوارپارچەی کوردستان، سەدان بەرپرس و بڕیاربەدەست و کەسایەتی ئەکادیمی و میدیایی و سیاسی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهانەوە ڕوودەکەنە کورستان و لە کوردستانیش لە سلێمانی دەگیرسێنەوە بۆ ئامادەبوون لە دیدارێك کە دەبێتە کۆکەرەوەیەکی جیاوازی باڵا

ئەم دیدارە ئاست بەرزەی زانکۆی ئەمریکی کە بە ناونیشانی(پاش 20 ساڵ عیراق و ناوچەكە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەكان) دەستپێدەکات و تیایدا بیرمەندو وپسپۆڕ و شارەزایانی ناوچەکە و جیهان لەبارەی پرسە هەر دیارە ناوچەییەكان و خستنەڕووی بیروبۆچوونەكانی ئێستا و ئەو خاڵانەی جێی ناكۆكین کۆدەبنەوە و گفتووگۆ دەکەن

"سلێمانی وەك شارێکی زیندووی دوور لە ململانێ بچوکەکان خۆی نمایش دەکات و سەرقاڵی خۆی نابێ بەڵکو گفتوگۆ لەبارەی ئەوانیترەوە دەکات"

ئەوەی گرنگە سلێمانیە، کە جارێکیتر دەبێتەوە چەقی کۆبوونەوە و گفتووگۆ گرنگەکان و سەدان میوانی ئاست بەرز لە بوارە جیاوازەکاندا لەم شارە ئاشنای یەکتردەبن، لێرەوەش سلێمانی وێنە ڕاستەقینەکەی خۆی دەدۆزێتەوە و وەك شارێکی زیندووی دوور لە ململانێ بچوکەکان خۆی نمایش دەکات و سەرقاڵی خۆی نابێت و گفتووگۆ لەبارەی ئەوانیترەوە دەکات، ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ ئەم شارە و پێویستە لێرەوە بێینەوە سەر دێڕ و جارێکیتر سیاسەت و ئیدارەدانی بە جۆرێك دابڕێژرێتەوە کە شایستەی بەردەوامی زیندوێتی و قوربانیدان و پێشەنگی ڕابردوی بێت، کە لە ڕاستیدا چەندین ساڵە خەریکە بەمەبەست و لەدەرەوەی ئیرادەی خۆی سلێمانی لە وێنە ڕاستەقینەکەی دوور دەخرێتەوە و سەرقاڵ دەکرێت بە هەندێك شتی لاوەکیەوە کە هیچ کات نابێت شاریكی گرنگ و خاوەن پێگەی وەك سلێمانی پێوەی سەرقاڵ بێت، چونکە وێنە ڕاستەقینەکەی سلێمانی ئەوەیە کە ڕۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگە دەیبینین و لە دیدارێکی ئاستبەرزدا دەدرەوشێتەوە و دەتوانم بڵێم لێرەدا سلێمانی لە خۆی دەجێت.


PM:03:05:13/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی