زیادەکۆیلەیی

‌په‌یكار عوسمان


- کۆیلەیی خۆی ناشرینە، بەڵام زیادەیەکی هەیە، کە شتەکە تا ئەوپەڕی قێزەونیی ئەبات. عادەتەن مرۆڤیش تەحەمول و تێگەیشتنێکی هەیە بۆ ئەوەی کە ناچارییە، بەڵام کۆیلە، خۆی زیادەیەک ئەخاتە سەر ناچاریی، کە ئیتر شتەکە بێئەندازە ناشرین و تەحەمولنەکراوە!

- هەمیشە کۆیلە لەوە زیاتر ئەکات کە لێ ی داواکراوە، چونکە "دۆخی کۆیلەیی" کەسایەتی ئەوی شکاندوە، ئیتر جێبەجێکردنی ئەرکەکەی، پەرچەکرداری شکاوییەکەشی ئەچێتە سەرو ئەو ئەبێت بە دوو دڕندە. جارێك کە مەئمورەو ستەمێك بۆ ئاغاکەی جێبەجێ ئەکات، جارێکیش کە خۆی لێئەبێت بە ئامرو زیادەستەمی خۆی ئەخاتە سەری.

- کۆیلە لەوێدا خەتەرە، کە پڕئەکرێتەوەو ئیملائەکرێ بە ئیرادەی ئاغا، بەڵام لەوێدا خەتەرترە، کە خۆی بەتاڵئەکاتەوەو مەساحەیەکی هەیە بۆ ئیملای خۆی. ئەوەش تەنیا مەساحەی ئیزافەیەو تۆ لە کۆیلایەتییدا ئەتوانی زیاتر بکەیت و زیاتر کۆیلەبیت، بەڵام هەرگیز ناتوانی کەمتر بکەیت. دەی ئەوەش ئیرادەیەکی درۆزنەو ئیرادەی ئازادیی نیە، ئازادی ئەوەیە کە بتوانی بکەیت و نەشکەیت، بتوانی زیادیش بکەیت و کەمیش، بتوانی بەڵێ و نەخێریشت هەبێ، نەك تەنیا بەڵێ و زیادەبەڵێ!

- ئەو مەساحە ماوەیەی کۆیلە، بۆ ئازادی نیە، بۆ ئەوەیە کە لە سیستەمی کۆیلایەتییدا زیاتر خۆت بەریتە پێشەوە، یان بۆئەوەیە کە بوارێکی خۆبەتاڵکردنەوەت هەبێ بۆئەوەی سیستەمەکە بەردەوام و مومکین بێت و کۆیلایەتی نەبێت بە مەحاڵ و خۆی خۆی هەڵوەشێنێتەوە! 

- یەعنی کۆیلایەتی لەسەر یەك ئاغا دانەمەزراوە، بەڵکو لەسەر شۆڕکردنەوەی ئاغایەتی دامەزراوەو هەرکەس بۆی هەیە لاوازتر لەخۆی بچەوسێنێتەوەو بڕێك چێژی ئاغایەتی وەرگرێ، ئیتر  سیستەمەکەش ئەبێتە هی هەمووان و بە هەمووان ئەیپارێزن و بەرهەمی ئەهێننەوە!

- هیچ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بە ڕەهایی ناشرین نیەو هەمیشە پەراوێزێکی جوانیی هەر هەیە لەپێناو مانەوە. پیاوسالاریی کە بە هەزار دەس ستەم لە ژن ئەکات، جار جار دەسێكیش بە سەریدا ئەهێنێ و لە سەرەی نانەواخانە پێشی ئەخاو لە پاسدا لەبەری هەڵئەستێ.. پیاوسالاریی کە تا ژنکوشتنیش ئەڕوا، هێشتا بەهای خۆی هەیەو مەسەلەن شەقتێهەڵدانی ژنی لا عەیبەیە، بەڵام ئێمە، تەنانەت پیاوسالارییەکەشمان گەندەڵبووەو عەیبەو بەهاکانی خۆی لەدەستداوە!

- خەباتکردن بۆ ئازادی، ئەرکی ئەخلاقیی ئینسانە، بەڵام ئەبێ سەرەتا مرۆڤ خۆی ئازادبێ، ئینجا ئەتوانێ بەردێك بخاتە سەر دیواری ئازادی گشتی. ئازادی ئەوەنیە کە لە هەموو فکرو ئایدۆلۆژیایەك بەدەربیت، ئەسڵەن بێلایەنی موجەڕەدو پەتیی بوونی نیەو مرۆڤ لەناو شانۆی ژیاندایەو ئەکتەرە، نەك ئەوەی لە دەرەوەی ژیانەوە سەیری فیلمی ژیان بکات.

- جاری وایە تۆ باسی حیزبێک فیکرێک.. ئەکەیت، کەچی کەسێك دێت شەڕی شەخسیت لەگەڵ ئەکاو وائەزانێ تۆ قسەت بەو وتووە! ئاخر ئەو لەگەڵ شتەکەدا بوون بەیەك و لەو یەکگرتنەشدا ئیتر ئەو خۆی نەماوەو تەنیا شتەکە ماوە! ئازادی ئەوەیە کە مەساحەیەك هەبێ و خۆت و فیکرەکەت نەبووبن بە یەك. دۆگما ئەوەیە کە بتپەرست لەگەڵ بتەکەیدا تەماهیی ئەکەن، لێرەشدا ئەگەر تۆ دەسکاری بتەکە بکەی، بتپەرستەکە ئەشکێ، ئیتر ئەویش دێ شەخسی تۆ ئەشکێنێ. (ئا ئەوە تێستێکی باش و سادەی ئازادییە) ئەگەر لەو تێستە دەرنەچووی، واز لە ئازادی ئەوانیتر بێنەو مشورێکی ئازادی خۆت بخۆ!

- سیاسەتی ئێمە فەسادبووەو بە ئەنواع شیوازی کۆن و نوێ فەساد بەرهەمئەهێنی. مەسەلەن مەسول خۆی گەندەڵەو بەڕێگای زاوزێش گەندەڵی بەرهەمئەهێنێتەوە، یەعنی ئەم سی ساڵە، هەر مەسولێك سێ مناڵی گەورەبووبێ، ئێمە هیچ کیشەو قەیرانێکیشمان نەبێت، هەر لەویا گەندەڵی زەڕبی سێ بووە!

- بۆشاییەك لە سیاسەتدا هەیە تەنیا بە ئەخلاق پڕئەبێتەوە، ئێمەش لە هەموو سیاسەت، هەر ئەو جوملە نەفرەتییەمان وەرگرت کە ئەڵێ سیاسەت و ئەخلاق جیان، ئیتر بۆشاییەکی گەورەمان لە نائەخڵاقییەت دروستکردو ناومان نا سیاسەت، بۆشایی لەو جۆرەش تەنیا بە فەساد پڕئەکرێتەوە، ئەوەش شەقێکە کە هەزار شەقی تری لێئەبێتەوە.

بژی شەق

حەرام ئێرە دۆزەخ ئەوێ 
بڤە لێرە مەلها لەوێ 
تۆ بمرەو بژی خودای شەق

دوێنێ شۆڕش ئەمڕۆ دزیی
وڵات دۆڕا میلەت بەزی
تۆ بمرەو بژی هێزی شەق

ژیان گران مەرگ بەلاش
کەرامەت پووش مرۆڤ پەڵاش
تۆ بمرەو بژی یاسای شەق

پارە زۆرو ئەخلاقیش کەم
جەهل ڕوون و هۆشیاری تەم
تۆ بمرەو بژی حیزبی شەق

ئابووری نەوت و تاڵانیی
گەڵ ئاوەدان گەل وێرانیی
تۆ بمرەو بژی حوکمی شەق

جنێودان و شەقی زمان
کۆیلە ڕازیی یاخیی نەزان
تۆ بمرەو بژی فەزای شەق

پۆستاڵ و غەدری نیشتمان
یەخت و حیکایەتی خنکان 
تۆ بمرەو بژی دنیای شەق

لە مامۆستا لە پیاو لە ژن
ئیمڕۆ لە تۆ سبەی لە من
تۆ بمرەو بژی ئاڵای شەق

هەموومان شەقێ قەرزارین
لە دەس کڕو لە دەم هارین
تۆ بمرەو بژی ئەهلی شەق  

ڕۆم و عەجەم و خۆمانە
شەق هەر شەقەو تێهەڵدانە
کە تۆ نەتدا ڕەنجێ بۆ حەق
ئیتر تۆ بمرەو بژی شەق


PM:12:20:14/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 1344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی