سەرۆکتان زێڕە

‌کاوە ئەمین

لەم رۆژانەدا لەگەڵ پێشمەرگەیەکی سەرەتای دامەزراندنی قیادەی موقەتە گفتوگۆیەکی دۆساتەنەمان کرد، باسی گەڕانەوە بۆ سێکوچکەی سەر سنوو، شەڕی هەکاری، برسێتی و نارەحەتی ئەو رۆژانەی بۆ گێڕامەوە کە دڵنیام کەمی نەگوتبێت زۆری نەگوتووە.

گەنجێکی قۆز لە هەرەتی لاوێتیدا، لە بەهەشتی ئەوروپاوە لە ساڵی ١٩٧٧ "جانتای سەفەر دەکاتە شانی”،  بەڵام بۆ گەشت و گوزار نا، بۆ گەرانەوە بۆ سەر چیاکانی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا کوانووی خامۆشی شۆرشی ئەیلوول بگەشێنێتەوە، کردیشیان.

جگە لەوەی ئەو سەردەمە گەنجێکی بزێو، رووخۆش، خۆشەویست و جێگای بڕوا بووە و کەسێکی قسە خۆشیش بووە. باڵا کورتێکی کەمێک بەخۆە و تازە لە ئەوروپا گەراوەتەوە، بەڵام دەبوو وەکو کەڵە کێویەکان بەناو بەرد و بەفر و دار و بەردی ئەو سنووە دەستکردانەدا بێن و بچن، وەکو خۆی دەڵێت:ئای لەو رۆژانەی کە هەرجارە و خۆمان دەکرد بە گوندێکی ئەو دیوو، نا ئەم دیوو یاخود هەردوو دیوودا، کاتێک ریشسپی گوند، موختار یان ئاغا، ئێمەیان دەبینی، یەکراست منیا دەبردە لای سەرەوە و  سۆپای داریا پێدەکرد، ئاخر ئەوان حسابی ئەوەیان دەکرد کامە لە هەموان خڕ و پڕتر و پۆشتەتر بوایە، ئەو کەسە بەرپرس بوو.

هەرچۆنێک بووە حسابی تایبەتی بۆ کراوە. بە پێکەنینەوە دەڵێت: تامەوەیەکی زۆر  هەر وایاندەزانی من بەرپرسی هەموانم، بەرپرسە راستەقینەکەش کە باڵا بەرزێکی بەلەباریکەلە بوو، لەناخی خۆیدا هەر پیشی دەخوردەوە، بەڵام چوونکە کۆنە فەریکە مارکسیست بوو و  هشتا بە دەمارەکانیدا دەهات و دەچوو، دەیویست شۆرشەکە بە تیۆری مارکسی – لینینی ئاو بدات، متەق لە خۆی دەبڕی و تەنها پیشی دەخواردەوە.

لە لایەکی دیکەوە خەڵکانێک کە بەشێکیشیان لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا بوون، دوای نەکسە دەگەڕێنەوە، هەر زوو خۆیان بە کەشتیەکەی بەعسدا هەڵدەواسن، دەبنە جاسووس و سیخوڕ، ماستاوچی و پیاهەڵدەری بەعس. هەندێکیش کە هەر لە ناو شاردا بوون و دەستیان بە کڵاوەکەی خۆیانەوە گرتبوو (با) نەی بات، دەکەونە پیاهەڵدان بە بەژن و باڵای بەعس و سەددام حسێندا، هەندێکیان کە بڕویان بەوە نەبوو رۆژگارێک دێت بەعس دەروخێت، تەنانەت دوای راپەڕینیش کەری خۆیان وا بە مێخزنجیری بەعسەوە بەستبووە ، وا چارەنووسی خۆیان بە بەعسەوە گرێ دابوو، هەتاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ لە بەغدا مانەوە، یەکێک لەوانە خاوەنی گۆرانی (زێڕە) بوو کە لە هەشتاکدا بۆ سەدامی دانابوو،  ئەوکاتە کەوتە بەر تف و نەحلەتی خەڵکی دژە بەعسی.

رۆژ هاتن چوون، رژێمەکەی بەعس و سەددام لە گۆڕ نران و بوون بە بەشێک لە مێژوو. دەبوو هەر هیچ نەبێت کورد هەموو ئاساوارێکی بەعس نەهێڵێت، دەبوو ئەوانەی خزمەتی بەعسیان کردبوو بکرێنە پەندی زەمانە و لە هەموو داو دەزگایەکی کوردی بێ بەری بکرانایە، من نالێم دەبوو هەموو ئەوانە بکوژرانایە، بەڵام دەبوو بە گوێرەی تاوان و نۆکەرایەتیان بۆ داگیرکەر سزا بدرانایە، کەچی بەشێکی زۆریان لە شەو رۆژێکدا بوون بە شۆرشگێر، یەکێک لەوانە خاوەنی گۆرانی (زێرەیە) کە نەک سەری لووتی خۆی رەش نەکرد، قیت و قۆز لە پایتەختی کوردستانەوە سەری دەرهێنا و  بوو بە بەرپرس. و شاباش کرا ، پاشان بە پلەیەکی بەرزی سەربازی خانەنشین کرا.

ئێستا گۆرانیەکەی ئەو موقاتیلە لە ناو پایتەختی هەرێم لێ دەدرێت و خەڵکانێکیش بۆی بادەدەن. جا پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر لە کاتی خۆیدا خاوەنی زێڕە شاربەدەر بکرایە، تۆ بڵێی ئێستا خەڵکانێک بوێری ئەوەیان تێدابوایە لە خەویشدا باسی زێرە بکەن؟ بێگومان نەخێر.

وەختی خۆی کە دەگوترا با دوو موستەشاری ئەنفالچی بدرێنە دادگا لەبەر ئەوە بوو کە کورد لە رووی بێت داوا بکات ئەو تاوانبارانەی کە کوردیان ئەنفال کرد بدرێنە دادگا، بەڵام نەکرا، کورد گوتەنی دۆ و دۆشاو تێکەڵ کرا، ئێستایشی لەگەڵدا بێت بەکەس جیاناکردێنەوە.

دەبوو پارێزگاری هەولێر، پێش هەموو شتێک خاوەنی گۆرانییەکەی پەلکێشی دادگا بکردایە، پاشان ئەوانە کە شەرم نەیگرتوون و گوێیان لەو گۆرانییە گرتووە بە توندترین شێوە حکوم بدات، دوای تەواوەکردنی حوکمەکەیان بە پەرۆیەکی پیس کلکیان بگرن فرێیان بدەنە ئەو دیوو سنووری حەمرین. ئاخر کورد دەمێکە گوتوویەتی: گۆشتەکەی دەخوات بەڵام گۆشتاوەکەی ناخوات، کو وادەبێت خوا عافوتان بکات؟

چۆن دەبێت خەبات و ماندووبونی برادەرەکەی قیادەی موقەت کە لە بەهەشتی ئەوروپاوە بە مەبەستی شۆڕش و تۆڵەکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول رووی لە چیاکانی کوردستان کرد، لەگەڵ خاوەنی گۆرانی زێرە و هاو ئاخورەکانی بەیەک چاو سەیر بکرێت، لە یەک پایتەخت دابنیشن و لەیەک بانک موچەی خانە نشینی وەربگرن.، چۆن دەبیت؟


AM:11:03:18/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 2056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی