ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتی لە نامەكەی سەرۆكی هەرێم دەكات

‌جەواد قادر

 
بڕیاری ئەمڕۆی نەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان (٢٥٧٦) بۆ عێراق، ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە دەستەبەر دەكات كە هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە قووڵانەی چەند ساڵی ڕابردوو، پێویستییانە و لە نامەكەی مانگی ڕابردووی سەرۆك نێچیرڤان بارزانیدا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان، جەختی لێكرابووەوە. 

ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەكان و پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەت بەر لە هەڵبژاردنەكانی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ.

بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاساییش، مانەوەی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقدا بۆ ساڵێكی تر درێژ دەكاتەوە.

دوو لە داواكارییەكانی سەرۆكی هەرێم كە لە نامەكەیدا جەختیان لێ كرابووەوە، بە ڕوونی خراونەتە ناو بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش. یەكەم: پاڵپشتیكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بوودجەی ساڵی ٢٠٢١. دووەم: پاڵپشتیكردنی هەمەلایەنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ لە ڕێگەی بەهێزكردنی نوێنەرایەتیی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە لە عێراق.

سەرۆكی هەرێم هەروەها داوای كردبوو كە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕۆڵی زیاتر و فراوانتری هەبێت لە پاڵپشتیكردنی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان. ئەم خاڵەیش بە ڕوونی لە بڕیارەكەدا ئاماژەی پێدراوە.

لە بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا پاڵپشتی بۆ دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان سەرجەم لایەنەكاندا جەختی لێ كراوەتەوە كە پێشوازیكردنە لە بانگەوازەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی هەرێم.

ئاماژەدان بە یاسای بوودجە و ڕێككەوتنەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و ناوهێنانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاساییشدا، گرنگییەكی تایبەتی هەیە. ئەم بریارە وەك بەڵگەیەكی بەهێزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە و یارمەتیی تیمە دانوستاندكارەكانی كوردستان دەدات.

لە بڕیارەكەدا هاوكات ئاماژە بە بەردەوامبوون شەڕی دژ بە داعش دراوە و داواكراوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مكوڕ بێت لە پاڵپشتیكردنی عێراق و پێكهاتەكانی دژ بە داعش.

بۆ پرسی هەڵبژاردن، بڕیارەكە دەڵێت نەتەوە یەكگرتووەكان هەموو ئەو پێداویستییانە دەستەبەر دەكات كە بۆ هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو و بێگەرد پێویستن، لەوانە، تیمی تایبەت بۆ چاودێری پێش هەڵبژاردن و نووسینی ڕاپۆرت لەبارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كە دواتر دەدرێتە دەستی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرۆكی هەرێم بە بەردەوامی جەختی لە دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەركردنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی كردووەتەوە. سەرۆكی هەرێم هەروەها داوای ڕوانگەی هاوبەش و ڕێككەوتنێكی نوێی سیاسیی لەنێوان سەرجەم لایەنەكان لە عێراق و كوردستاندا كردووەتەوە. بڕیارەكەی ئەمڕۆ، ڕێخۆشكەر و پاڵپشتی ئەو هەوڵانەیە و دەستكەوتێكی نیشتمانیی گەورەیە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت و لە عێراقدا بە گشتی.



AM:11:46:28/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی