چەمکی بەرپرسیاریتی و هەلی مێژوویی

‌عوسمان زیندانی‌

گەلانی دنیا لەناو ‌ بۆتەی ناکۆکیەکی نەبڕاوەدا چەندین قۆناغی جیاوازی پڕلەتراژیدیای تێپەڕاندوە بەبەرتاقایی مێژوویی بێ سەرەتایی تا دەگات بەئێستای بێ کۆتایی، بەهەزاران هەلی گەورە هاتۆتە ڕێگەی بۆ دیاریکردنی ئایندەی خۆی ، زۆر گەلی چەوساوە کەڵکی تەواوی لە فرسەتە مێژوویەکان وەرگرتوە و توانیویانە لەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ژیاندا بگونجێن و هاوتەریب لەگەڵیدا ڕێبکەن و کاروانی خەباتیان بە دوا کەناری ئارامی ناو دنیای مافەکان بگەیەنن.
 
بەڵام ئەنگڵس:
(دەڵێ هەندێ نەتەوە هەن مێژوو بەجێی هێشتوون)
پرسیار ئەوەیە کام نەتەوانەن کەوا مێژوو ماڵئاوایی لێکردون . بێ ڕەحمی بەسەریاندا باراندوە وتا چەندین نەوەی دواتریش هەردەبێ باجی ئەو بەجێماویە بدەن.

پرسیارێکی تری گرنگ ئەوەیە بۆچی گەلانی بەجێماو هەیە ؟ ئەی بۆچی گەلانێكی تر بەرەو پێش چوون؟
ئەو گەلەی زیندوە و پرسیاری جەوهەری دەکات لەبوونی خۆی لە بوونی ئەوانی دی، لەناو خۆیشیدا دەپرسێ بۆچی مرۆڤەکان بەئازادی و یەکسانی ناژین ودوو چین هەیە ئەی بۆچی یەکێکیان سەروەر و ئەوی دیان کۆیلەیە؟

پرسیارکردن بەرئەنجامی بیرکردنەوەی عەقلانیە لە مێژووی پر لە ململانێ لەنێوان ( هەبوونو نەبووندا) لەنێوان ( بەرپرسیارێتی و هەلی کوژراودا ) کەدەبوو بەرپرسیارێتی لەکاتی دەرفەتی مێژوویدا فرسەتی کار کردن بێت بۆ گۆڕان، بەڵێ بۆ ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لە ژیانی گشتی و دواتریش لە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و هەژاراندا بخوڵقێنێت.

هندیەکان و چینیەکان لەگەڵ بوونی مێژوویەکی دێرین ومیراتێکی گەورە لە شارستانیەت بەڵام زەمەنێکی زۆر بە ژێر دەستەیی مانەوە و قوربانی زۆریاندا ، ڕەنجیان بە با چوو ، بەڵام دواجار بیریان لە دواچارەسەر کردەوە ئەویش بە ( خەباتی بێووچان و ئیرادەی سەربەخۆ و بیروباوەڕی ئینسانی و دیاریکردنی ڕوانگە و شێوەی تێکۆشانیان کە بۆ ئاییندە ی هەمووان بێت )ئازادبوون.

لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو دەوڵەتەکە لە ساتەوەختێکی مێژوویدا ڕزگاریان بوو بەڵام دواتر بەدوو ئاراستەو دوو ئەزموونی جیاوازوە بە ناو مێژوودا گوزەریان کرد بە دوو سیستەمی تاڕادەیەک جیاواز لەڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە بینای ژیانی سیاسیان دامەزراند و ژیانی کۆمەڵگەیان ڕێکخست.

ئێستا هندستانێک پڕ لەبێکار و هەژار و دواکەوتویی کۆمەڵایەتی لەڕووی ژیانی ملیۆنان مرۆڤی بێ ماڵ و بێ ژیانێکی شایستە ، دەوڵەتێکی لاوازیش لە سەرئاستی ململانێی جیهان بەڵام خاوەنی بۆمبی ئەتۆمیە سەیری ئەم (بوون و نەبوونە )لەیەک دەوڵەتداپارە هەیە بۆ بۆمبی ئەتومی بەڵام سکی هەژاران تێرناکرێت چونکە دەوڵەت و سیستەمەکەیان سەرمایەداریە .

بەڵام چین بەبەراورد لەگەڵ هندستاندا سەرباری ئەوەی پرسیار و ڕەخنەیەکی زۆر و هەمەلایەنە هەیە لەسەر سیستەمی سیاسیەکەی ئەوەی پێدەوترێیت.

(بنیاتنانی سۆسیالستی بە تایبەندمەندی چینی )

بەڵام ووڵاتێکی بەهێزتر لەڕووی سیاسی و ئابووری و تەکنەلۆجی ولەمەش گرنگتر لە ڕووی ژیان وگوزەرانی خەڵک بەگشتی هەوڵ وبەرنامەدانان بۆ کەم کردنەوەی هەژاری و بێکاری بەتایبەتی فراوان بوونی فرەسەت و شانصی بەرەو پێشچوون یەکجار جیاواز و لە ئاستێکی باڵاتردایە لەچاو یەکەمدا.

بۆچی یەکەمیان وایە، چونکە سیستەمی سیاسی و ئابووریەکەی بۆ خۆم و لەناو خۆیشیدا هەربۆچینێکی دیارکراوه کە دەسەڵاتە یان سەربەخۆیانە.

بەڵام دووەمیان کار و ئامانجەکانی گشتگیرتر و لەناو گشتیشدا بەرنامەیەکی لایەنی کەمی مرۆیی هەیە بۆ چینە نەدار و کەمدەرامەتەکان ئەمە ئەو فەلسەفە سیاسیەیە کە گۆڕانێکی ڕێژەیی دروست کردووە لە ناو دوو دنیای تاڕادەیەک جیاواز لەیەکتر نەک تەواو جیاواز لەیەکتری.
 
هەرێمی ئەمڕۆ لەگەڵ بوونی مێژوویەکی دێرین و پڕ لە کارەسات و خەباتکردن و بوونی گەلێگی قوربانیدەر ئێستاشی لەگەڵ بێت ، لەگەڵ بوونی سەروەت و سامانێکی سروشتی و ئابووری هەمەجۆری کەم وێنە ،
وە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و زلهێزەکان بۆ دەسەڵاتداران.

بەڵام لەئاستی ناوخۆیدا دنیا هەمووی بووە بەکۆمپانیا و پارە کۆکردنەوە هەر لە ئاو و کارەبا تا بەنەخۆشخانە
و قوتابخانە دەکات و نوێترین هەوڵی قێزەونیان (تیژڕەوی لە لێخوڕینی ئوتومبێلدا ۱۰۰ مەتر جیاوازی لەگەڵ ئامێری کۆمپانیادا هەبێت بەمانای لێوەرگرتنی ۱۰۰ هەزار دینار لەشوفێر . ئەمە وەک نموونەیەک.
 
سەرانەیەکی بێ شەرمانەی دەسەڵاتە بۆ خۆیان و بۆ کۆمپانیاکانیان، ئەمە جگە لەبێکاری درێژخایەن و هەژاری و بوونی سەدان هەزار دانەمەزراو و خێزانی کرێچی، بێ ئەوەی هەستی لێپرسراوێتی هەبێت بەرامبەر بە مافە و ئازادیەکانی جەماوەر.

لەسەر ئاستی حکومڕانی و مافە نیشتمانیە گشتیەکان هەمیشە لەبەردەم دەست درێژی و تجاوزی ئەم ووڵات و ئەو ووڵاتداین بێ ئەوەی دەسەڵات هەڵوێستێکی ڕاستی نیشتمانی و گونجاوی بەرپرسیارانەی هەبێت.

هەرێمی کوردستان زیاتر لە ۳۰ ساڵە بەهۆی هاوتابونی بەرژەوەندی زلێهزەکانی دنیا لەگەڵ بەرژەوەندی هەرێم ، دەرفەتێکی گەورەی مێژووی بۆ ڕەخساوە بەئێستاشەوە دێن و هۆشداری دەدەن لە مەترسی لەدەستدانی ئەوەی هەیە و بەخوێنی سەدان هەزار کەس بەدەست هاتووە ،بەئاشکرا پیان وتون کێشەکانی خەڵک و ناکۆکیە ناوکۆیەکان چارەسەر بکەن و ئامادەی ململانێ بن و ڕۆڵ بگێڕن لەچارەسەری کێشەکانی ناو عێراق کە بمانەوێ و نەمانەوێ کاریگەری هەیە لەسەر دەسەڵات و خەڵکی هەرێم.
 
بەڵام عەقڵی بەرپرسیارێتی و هۆشیاری قۆستنەوە و سوود وەرگرتن لە فرسەتی مێژووی غایبە لای دەسەڵاتداران و بەو هەموو نەهامەتیەی بۆ خەڵکیان دروست کردوە تۆوی بێ هیوایان لەدڵی هەزاران کەسدا چاندووە ، دنیای بێ ئومێدی و حکومڕانی شکستخوارد و لەدەستدانی هەل و دەرفەتی ژیانێکی باشتریان لەدەستداوە ، ئەمە ئەو کۆمەڵگە و نەتەوانەن کە مێژووی گەر بەتەواوی بەجێی نەهێشت بن بێگومان لە داهاتوویەکی نزیکدا دوا ماڵئاواییان لێ دەکات لەبەر ئەوەی هەست بەبەرپرسیارێتی ناکەن و هەلە مێژوویەکان دەکەن بە قوربانی دارایی و قازانجی کۆمپانیا حزبیەکانیان.


PM:07:29:15/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی