حیزبەکان ئەرکی سەرشانیانە ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن

‌د.ساماڵ مانیی

گرنگ نیە لە پرسە سیاسیەکانیتردا تا چەند فڵان حیزب و فیسار حیزب باش ئیش دەکات لە مەسەلەی نەوت و گومرگ و باج و موچە و گەندەڵی وپێشخستنی  ژنی ناو حیزبەکەی خۆیان. چونکە کە دێتە سەر پرسی ژن  گرنگ نیە ئاراستەی حیزبەکان بەرەو ئاڵای شۆڕشی باشووری کوردستان بێت یان کوردستانی باشوور یان کوردستانی عێراقی عەرەبی. هەرچۆنێکی لێک بدەیتەوە بەهەر لایەکی سیاسیدا بیبەیت، نیوەی هەرکام لەو کوردستانەی هەر حیزبێک وێنای دەکات و پلانی بۆ دادەڕێژێت؛ ژنە.

هەموو ژنی کورد لەناو یەک حیزبدا نین، هەموویان حیزبی نین، هەموو ژنی کورد لە خێزانی بەرپرسەکان و توێژی باڵای چەکدار نین لە کوردستاندا هەتا کەس پێیان نەوێرێت ئەگەر خراپەکاریش بکەن.

ئهەموو دەزانین چ ژن بیت یان پیاو،  زیاتر (گەر نەڵێم هەموو) پێگەی باشی بەڕێوەبردن و کارمەندیی و پێشخستن و 'یەکسانی جێندەریی' لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ ئەندامی حیزبەکانە لە باشوری کوردستان دا. لەگەڵ ئەوەشدا، حیزبەکان ئەندامەکانیان لە هیچ پۆستێکی بەرز و نزمدا نە ژنیان و نە پیاویان ئەرکی بەرپرسیاریاتیان بۆ دانانێن سەبارەت بە پرسی ژن.

هەموو ڕۆژێک بە جۆرێک لە جۆرەکان نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن دەکرێت،  چ ڕق لێهەڵگرتن بێت، چ سڕکردن و دواخستنی موعامەلات بێت، چ  ڕێ لێگرتنی بێت،  چ دەرپەڕاندنی بێت لە ئیشەکەیدا،  چ بەکەم گرتنی بێت، چ بە شەق تێهەڵدانی بێت، چ کوشتنی بێت، چ ئیهانەکردنی بێت، چ بەزۆر حەزلێکردنی بێت، چ فریودانی بێت ،هتد لە هەموو دامەزراوەکاندا کە حیزبەکان و حیزبییەکان بەڕێوەیان دەبەن لە ژن و پیاویان.

 ڕێنمایی من بۆ حیزبەکان ئەوەیە، ئەگەر حیزبەکان (هەموویان و یەک بەیەکیان) ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن بە تێگەیشتنێک کە دژ بە ژن نەبێت، ئەوا لەسەدا نەوەدی هەموو کارمەندان و بەڕێوەبەرانی ناو هەموودام و دەزگا و دائیرەکانی کوردستان پەروەردە دەبن لەبەرئەوەی هەموویان(یان زۆربەی ەهرە زۆرینەیان) حیزبین.
ئیتر نموونە و هاوچەشنی ئەو ئەفسەرە شەقوەشێنەی ئەمڕۆ و ئەوی دوێنێ و ئەوانەی سبەینێ، نە لە دادگاکاندا و نە لە زانکۆکاندا و نە لە هیچ کام لە دام و دەزگا و دائیرەکاندا و نە لەسەر شەقامەکاندا نامێنن.

پرسی ژن، شەڕی نێوان ژن و پیاو نیە، شەڕی نەزانی یە، پێویستی بە تێگەیشتنە، تێگەیشتنێکی تایبەت بە خۆی پێویستە کە سەبارەت بە پرسی ژنە. گرنگ نیە فڵانە ئەندامی حیزبێک ژنە یان پیاو کە پلە و پێگەی بەرز وەردەگرێت لە کۆمەڵگەدا، گرنگ نیە فڵانە ئەندامی حیزبێک چی دەزانێت سەبارەت بە پرسەکانیتری ناو کۆمەڵگە یان ناو حیزبەکەی خۆی یان سیاسەت بە گشتی. بەڵکوو کە دێتە سەر نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینەی ناو کۆمەڵگە. پێویستە و دەبێت پەروەردەکراو بێت لەسەر پرسی ژن ، دەبێت تێگەیشتنی هەبێت بۆ پرسی ژن.
هەموو حیزبەکان، یەک بەیەکی حیزبەکان ئەرکی سەرشانیانە ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن دژە ژن نەبن پێش ئەوەی پلە و پێگە و ئیشیان بدەنێ و بەڕەڵایان بکەنە سەر ژیان و گیانی خەڵکی لە دام و دەزگا و دائیرە و بەڕێوەبردنەکاندا. من بینیوومە کارمەندەکان لە فەرمانگە جیاوازەکاندا چۆن هێزی حیزبی بوونیان دژ بە ژن و خەڵکی بێ پشتیوان بەکاردەهێنن، چۆن یەک ڕەخنە لە نەکردنی ئیش پێویست بگریت لە موعآمەلەیکدا بە ساڵ موعامەلەکەت ڕادەگرێت و بانگەوازی ئەوە دەکات لەبەر ئەوەی ڕەخنەت لێگرتووە ئیتر  دەنگۆ دەکات و ڕاپۆرتی حیزبیت لەسەردەنووسێت کە تۆ دژ بە حیزبەکەیت و دەبێت هەموو ئەندامی حیزبەکەی یەکبگرن و دژایەتیت بکەن، ئەمە وتەی یەکێکیان بوو لە وەزارەتێکدا کە ئیشم کەوتبوە لایان.

نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن زۆر زۆر دەکرێت وکەمی دەبینرێت، ئیتر بە پەلاماردانی جەستەیی بێت وەک لە زانکۆکاندا و لە دادگاکاندا دەکرێن و بینیومانن،  دواخستن و ڕێگریکردن لە موعآمەلات بێت وەکو لە وەزارەتەکاندا دەکرێن و بینومانن، یان قسەکردنی تیژ و توانج وەک تیری سەردڵ بێت کە لە دەزگا ڕۆشنبیریەکاندا دەکرێن و بینیومانن، یان بەکارهێنانی لێکدانەوەی نادروست بێت،هتد و بەهەر شێوەیەکی کە  ئەندامێکی حیزبی بۆی بکرێت دەیکات و ئازادە، هیچ رێگرێک نیە جگە لە تێگەیشتنی خۆی.

 لەبەر ئەمەیە دەڵێم: دەبێت و پێویستە و چارەسەرە،  ئیش لەسەر تێگەیشتنی ئەندامەکانی ناو حیزبەکان بکرێت سەبارەت بە پرسی ژن/ پرسی جێندەر و جۆرەکانی نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن، چونکە بەداخەوە تەنها ئەوانن( تەنها حیزبیەکانن لە نێر و مێ) کە پێگە و ئیشی باشی کاریگەر و بەڕێوەبردنیان دەدرێتێ لەناو کۆمەڵگەی کورد دا.
د. ساماڵ مانیی


AM:09:46:14/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی