مەرج نیە ڕۆشنبیر و فەیلەسوف لە نادادپەروەری جێندەریی تێگەیشتبێت

‌د.ساماڵ مانیی


هەڵەیە وابزانرێت لەبەر ئەوەی کەسێک ڕۆشنبیرە یان فەیلەسوف، نادادپەروەریی جێندەریی ناکات. 

ئەم نادادپەروەرییە جێندەرییەی باسی دەکەم لە بواری فەلسەفەدایە لە بوارەکانی ڕۆشنبیریدایە، کاریگەرترن لەوەی  ڕۆژانە لە شەقام و بازاڕەکاندا هەن و بەرچاومان دەکەون.

ئەو جۆرەی نادادپەروەری جێندەریی 'سەربارن'، واتە هەن سەرەڕای کۆمەڵێک لە جۆرەکانیتری خراپەکاری و خراپ مامەڵەکردنی جێندەریتر بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە، سەرباری هەبوون وکردنی بۆ نموونە: ژن کوشتن، لێدان، ترساندن، هەراسانکردنی جێندەریی، دەست بۆبردن، دەستدرێژی کردنی سەکسی، جنێو و سوکایەتی پێکردن، لێدان، هەڕەشە لێکردن، ناوزڕاندن، بەئاسانی بەدناو کردن، بەزۆر حەزلێکردن، خۆساغکردنەوە بەسەرا، درۆ بۆ هەڵبەستنی پێکەوە نووستن و پەیوەندی بەزۆر هەڵبەستراوی سۆزداری، بەکارهێنانی هونەری زمانەوانی بۆ شکاندن و شکاندنەوە، بچوکردنەوە و بەکەمزانین، هتد، لەو کارە خراپ و بەدکارییانەی پەیوەندییان بە جێندەرەوە هەیە و ڕۆژانە دەکرێن لە بازاڕ و ناوماڵ و سەر شەقامەکان و لە دوکان و شوێنی ئیشکردن و هەموو کونج و قوژبنی کۆمەڵگەکەدا.

هەموو ئەو جۆرانەیتر لە خراپەکاری جێندەریی چ ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکردوون و چ ئەوانەشی لەلایەن خەڵکیترەوە زۆر باس کراون و دەستنیشان کراون و زیاتریش هەن کە باس ناکرێن. هەندێک لەوانەش لە ناو بواری فەلسەفەشدا و لە ناو بوارە ئەکادیمیەکانیتریشدا هەن، چ لە ناو زانکۆکاندا و چ لە دەرەوەی زانکۆکاندا لەو بنکە و دەزگایانەی پەیوەندیدارن بە فەلسەفەوە.

 بۆ نەهێشتنی هەموو ئەوانە، پیویستی بە پلان و بەرنامە و یاسا دانان هەیە بۆ قەدەغەکردنی پراکتیزە کردنیان لەناو بوارە ئەکادیمیەکاندا. هەندێک وڵات بۆ ڕێگەگرتن لەمە پلان و بەرنامەیان هەیە و بە یاسا قەدەغەیان کردوە و لەهەندێک وڵاتدا هێشتا ئەو بازاڕە گەرمە بێ لێپرسینەوە.

فەلسەفە و هزراندنی فەلسەفی و ئیشکردن لە فەلسەفەدا، ئیشکردن و بەرکەوتنە بە کایەیەکی بیرکردنەوەی گرنگ لە باشترین هزراندنی مرۆڤدا. هەرئەمەشە کە دەبێتە یەکێک لەو هۆکارە چاوبەستانەی وادەکات ناداپەروەری جێندەریی نەبینرێت لەناو بواری فەلسەفەدا. ئەمەش بۆخۆی وا دەکات فەلسەفەی جێندەریی پێویست وگرنگ بێت لەناو بواری فەلسەفەدا.

ئەمە لەبەر ئەوەی بیرکردنەوە فەلسەفییەکان وەکو پاکژ و بێ غەلوغەش دەبینرێت لەناو کۆمەڵەگەدا و هەروەها لەلایەن ئەوانەوە کە ئیشی تیا دەکەن. چونکە فەلسەفە و مێژووی فەلسەفە لە کۆدا، قوڵ و فراوان و پڕە لە داهێنانی فیکری و باس لە هەبوونی دنیا و مرۆڤ و بیرکردنەوەکان و هەموو بوارەکانیتری هزراندن دەکات؛ ئەوەی هەیە و نییە. 

هەروەها، ئەوانەی ئیش لە بواری فەلسەفەدا دەکەن، واتە فەیلەسوفەکان، هەندێکیان پێیان وایە فەلسەفە بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی. هەر وەکو چۆن، لای هەندێک لە هونەرمەندان هونەر باڵا و مەزنە و بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی، یان لای هەندێک شاعیر شیعر باڵاو مەزنە و بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی، یان لای هەندێک لە سیاسیکار ئەو سیاسەتەی کە باوەڕی پێیەتی باڵا و مەزنە و بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی، هەروەهاش لای هەندێک لە زانای زانستەکان زانست باڵا و مەزنە و بەدەرە لە نادادپەروەریی جێندەریی، لای هەندێک لە فەیلەسوفیش بەهەمان شێوەیە.

هەموو ئەو تێڕوانینانە، وای کردوە کە نادادپەروەریی جێندەریی لەناو بواری فەلسەفەدا هەبێت و بەڵام سەختتر ودرەنگتر لە بوارەکانیتر باسی بکرێت. 

نە فەلسەفە و نە بواری فەلسەفە ونە هیچ ڕەوتێکی ناو فەلسەفە و نە هیچ فەیلەسوفێک، نە ئەو دەزگایانەی کە پەیوەندیدارن بە فەلسەفەوە و نە ئەو دەزگا ئەکادیمیانەی کە ئیش لە فەلسەفەدا دەکەن، لەدەرەوەی کۆمەڵگە نین.

 نادادپەروەریی جێندەریی کە لە ناو بواری فەلسەفەدا هەیە و ئەنجام دەدرێت، پشت دەبەستێت بەوەی ڕەگەزی مێینە لە دەسەڵاتدا نییە لەکۆمەڵگەکەدا، ئاسانترە زوڵم لێکردنی/نادادپەروەرییکردن بەرامبەری.

 زۆرجار لەوە ئاسانتریشە، چونکە نادادپەروەریە جێندەریەکە دەکرێت خۆی بئاڵێنێت بە کۆمەڵێک لە نادادپەروەرییترەوە کە لە کۆمەڵگەدا هەن و پرسی جێندەر نین بەڵام تاک و گرووپی بەرکەوتوو هەڵگری شوناسێکن ئەو نادادپەروەریانەیتر دەیانگرێتەوە. لەم حاڵەتەدا لەبەر ئەوەی نادادپەروەرییە جێندەرییەکە دەئاڵێت بە یەک پێکهاتەی گەورە لە نادادپەروەریتر، هەم بەهێزتر دەبێت لە کاریگەرییە نیگەتیڤەکەیدا بۆ سەر کەسی بەرکەوتوو، هەم لەبەر هەمان هۆ زۆر ئاسانتر دەبێت ئەنجامدانی ئەو نادادپەروەریە لە هەموو شێوە و فۆرمێکیدا.

کتێبی' ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی'  پەڕەی ٦٩- ٧١


PM:08:58:29/03/2021

ئه‌م بابه‌ته 2088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی