کۆتایی گەمە نزیکە

‌د.سەنگەر سەید قادر

زۆر بەکورتی....
عێراق لە دوای سێبتەمبەری ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ستراتیژێکی ڕوونی ئەمەریکا هەنگاو دەنێت، ئامانجیش لەم ستراتیژە ڕاستکردنەوەی ئەو دۆخە خراپەیە کەلە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق خولقاوە و سەر ئێشەیەکی زۆری بۆ ئەمەریکا دروست کردووە.

هەڵبژرادنی پێشوەخت و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دور لە هەژمونی سیاسی پرۆ ئێرانیەکان ئامانجەکەیە و بۆ ئەمەش باشترین بژاردە موقتەدا سەدرە (دوژمنی دوژمن دۆستە)،حەشدە وەلائیەکانیش لە هەمانکاتدا دوژمنی ئەمەریکا و سەدریشن.

ئامانجی ئەمەریکاش گێڕانەوەی سەنترالیزم و حکومەتێکی ناوەندی بە هێزە لە عێراق،لەم ڕوانگەیەشەوە هێزە کوردییەکان بەشێک نین لەو ستراتیژە بەڵکو تەنها تەواو کارن و ئەوەی یاریکەرە سەدرە بەتەنها نەک بارزانی یان حەلبوسی و خەنجەر و عەبادی و عامری.

سەدریش لە ووردەکاری گەمەکە تێدەگات و کوردی دابەش کرد، چونکە وەک نوێنەری نەتەوە و هەرێم هاوبەشیان پێ ناکات و وەک هێزی سیاسی دەستبار بۆ قۆناغی شوێن پێ قایم کردن بەکاریان دەهێنێت.

هەر بۆیە سەدر بە دوو دیدگای جیاواز و دوو ڕێکەوتن و مامەڵەی جیاواز لە گەڵ یەکێتی پارتیدا دەکات(مامەڵەیان لەگەڵ دەکات نەک ڕێکەوتن هاوبەشی) هەرچەندە خواستی کەسی هەبێت سەدر ناتوانێت لە ستراتیژەکەی ئەمەریکا لابدات و ئەم ڕێکەوتنانەی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان کاتیە و تەنها مامەڵەیە.

ئەوەی گرنگە بۆ پارتی دەبیت هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ سەدردا بکات چونکە سەدر و ئەمەریکا کار لەسەر پرسی سەنترالیزم دەکەن و ئامادەکاری بۆ دوای سیستانی دەکەن، گرنگە پارتیش لەگەمەکە تێبگات.

هەرچی یەکێتیە لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا گەمەیەکی ژیرانەی کرد، بەڵام مەرجی سەرکەوتنی بەردەوامییە لە درێژەدان بە گەمەکە و هاو ئاراستە بوونە لەگەڵ ستراتیژی ئەمەریکادا لەگەڵ بەهەند وەرگرتنی سەرنج و هێڵە سورەکانی ئێران، بە واتایەکی تر پێدانانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی ئیران و ئەمەریکا و ناوەندێتیە لە سیاسەتدا هاوشێوەی ئەو ستراتیژەی مام جەلال پەیڕەوی دەکرد(خۆستنە نێو سەبەتە هونەر نیە بەڵکو دروست کردنی سەبەتەکە گرنگە بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان سێوێی تێبخەن هونەرە).


PM:12:37:11/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 1780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی