بەڕێز نێچیرڤان بارزانی

‌هیڤیدار ئەحمەد

لەهەر مەجلیسێک، دوکاندارێک، کاسبکارێک، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان دوو کەسدا، هەموو دەپرسن، ئەم وەزعەی هەرێم چی لێدێت و هەموومان بەرەو کوێ دەچین؟

لێت ناشارێمەوە، خەڵک دەترسێت و دەمەوێ دەقیقتربم، خەڵک دەڵێت تۆ بڵێ ئەم ئەزموونەو هەرێمی کوردستان بە یەکجاری بکەوێتە دەست حکومەتی عێراقدا؟

وەڵامەکەش هیچ دیار نییە بو ئەم خەڵکە.
جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی، ئێوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراقی فیدڕاڵ و بگرە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەوە ناسراو و لێزانن کە (دبلۆماسیەتی نەرمی ئێوە، هەموو گرێیەکان دەکاتەوە، هەموو دەرگا داخراوەکان وەک ئومێدێک بەرووی خەڵکی خۆتدا دەکەیەوە، هەموو رکابەرەکان بۆ یەک ئامانج لەسەر یەک مێز پێکەوە کۆیان دەکەیەوە، بۆ رزگارکردنی خەڵکی خۆت بەغدا و پایتەختی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت بەسەر دەکەیەوە، هەوڵێر دەبەیە سلێمانی و سلێمانی دەبەیەوە پیرمام) ئێستا ئەم خەڵکە چاوی لە ئێوەیە، رووی لە ئێوەیە. دەستی پێ بکە.

جارێک بەمنت گوت، بو خەڵکی خۆم، ئامادەم هەموو رۆژێ بچمە بەغدا، بۆ ئێستا ناچی؟
دەزانین کۆکردنەوەی رای لایەنە کوردستانییەکان وەک یەک بوچۆن بۆ چارەسەری دۆخەکە ئاسان نییە و بگرە چەقیوە. بەتایبەت پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی و چاکبوونەوەی، وەک ئاو و هەوا گرینگە بو هەرێمی کوردستان.

ئەوەتا زۆر تێنەپەڕیوە، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، موستەحیلت کرد بە حەقیقەت. لەگەڵ بەڕێز قوباد تاڵەبانی پێکەوە لە پاریس و پایتەختی ئەورۆپا و بەغدا بوون. وێنەیەکت پێشاندا کە ناکۆکییەکان چەندە گەورەبن، بو هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکەکەی یەکین. هەر ئەوەش وایکرد، ئەم هەرێمە و دۆخەکەی، بە دبلۆماسیەت و سیاسەتی نەرم و پەیوەندییەکانت، تێپەڕاند.

بە گوێرەی ئەودەسەڵاتانەی لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا، ئێوە بەرپرسیارن لە بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

ئەمە داواکاری خەڵکە لە ئێوە، خەڵک دەپرسێت، کێ ئەم هەرێمە لە نقۆمبوونی رزگار دەکات؟

کاک نێچیرڤان، بەهانای خەڵکی خۆت وەرە، خەڵک ئێستا لە ئەوجی پێویستیدایە بە توانا و لێزانینی ئێوە.
چاوەرێ هەنگاوەکانی ئێوەین تاوەکو ئومێد بگەڕێتەوە.


PM:01:06:10/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی