نهێنیەکان رێکەوتن ویران دەکەن!

‌ئارام سەعید

 کاتێک سیاسەتمەدارانی یەکێتی وپارتی لەبەردەم کامێرادا زەردەخەنە و پێکەنینن دەکەن و بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە، پێدەچێت ئەوە نیشان بدات کە دووری نێوانیان لە پشت پەردەوە تاڕادەیەک بەفراوانی دەمێنێتەوە. بە پلەی یەکەم ئەوپێکەنینە کردەوەیەکە بۆ سوودی سیاسی و پەیامێکە بۆ خەڵک، واتە پێکەنینێکی سیاسی نەک ڕەنگدانەوەی دەروونیی ڕاستەقینە. سازان و هاوکاری ڕاستەقینە کارێکی قورسە، بەتایبەتی لە سەرئەو هەموو ناکۆکیەی هەیە.

لەرابردودا زۆر جار یەکیتی و پارتی رێکەوتون و دواتر ناکۆکی و ململانیکان زیادی کردوە، هەموو رێکەوتنێک ج سیاسی بێت یان بازرگانی بۆ سەرکەوتن پێویستی بەوەیە شەفاف بیت تا بەباشی جێبەجێ بکرێت، چونکە گومان و نەبونی متمانە رێکەوتن لەباردەبات.

شەفافیەت هەبوو لێپرسینەوە دەبێت، کە لێپرسینەوە هەبێت لایەنەکان پابەند دەبن بە بەڵێنەکانیان. شەفافیەت ریگەدەدات بەوەی لایەنی دەرەوەی رێکەوتن چاودیری ئەوەبکات کە رێکەوتنەکە وەک خۆی جێبەجی دەکریت یان نا؟ هەروەها دەتوانریت جارەسەر بخریتە روو بۆ کۆسپەکان ، بەڵام ئەمانە ناکریت و کەس ناوەرۆکی رێکەوتنەکان نابینێت.

 شەفافیەت متمانە زیاد دەکات، ئەوکاتەی خەڵک لە رێکەوتنەکە تێدەگات دەتوانن هەڵسەنگاندن بکەن کەئایا چەند خزمەتی بەرژەوەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تێدایە، گەر وانەبێت ئەوا بێ متمانەیی و دژایەتیکردنی رێکەوتنەکە سەرهەڵدەدات..  

ژان ژاک رۆسۆ دەڵێت" هەموو ئەوانەی لە تاریکیدا دەکرێن، دواتر دێتەوە بەر رووناکی" هەربۆیە شاردنەوەی ریککەوتنەکان لە رای گشتی هیچ وەزیفەیەک بۆ ئەو رێکەوتنە ناهێڵێتەوە...

خاڵێکی تر لەوەی گومان دەخاتە سەر سەرگرتنی ئەم رێکەوتنە، ئەوەیە چاودێری بێ لایەن نیە بەسەر جێبەجیکردنی رێکەوتن و تا هەڵسەنگاندن بکەن لەسەر بەڕیوەجونی پرۆسەکە و هانی لایەنە ناکۆکەکان بدات بۆ پابەندبوون بە رێکەوتنەکەوە! جاران عەزیز محەمەد سکرتیری حزبی شیوعی ناوبژیوان بوو بەڵام ئیستا هەموو ولاتان بە باڵیۆزخانەو قونسلگەریەوە خەریکن کەئەمەش دەرخەری ئەوەیە ناکۆکیەکان رۆژ بەرۆژ قووڵتردەبن.


PM:06:21:11/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی