گۆڕان، بۆ وای بەسەر ھات؟

‌هەڤاڵ کوێستانی

کە گۆڕان دروست بوو، بەرنامەی گۆڕانکاری ریشەیی ھەبوو لەسستمی حوکڕانیدا کە گوزارشت بوو لە خەون و خواستەکانی خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی .بەخێراییەکی بێ وێنە بووە جێی متمانەی خەڵک .

 ئەو متمانەیەیەی خەڵک بە گۆڕان ، سەرباری ھەڕەشە و گوشار و تەزویری زۆری حیزبەکانی دەسەڵات،لە ھەر سێک ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠ و ٢٠١٤ شدا رەنگی دایەوە .لەو کاتەوە گۆڕان بەرنامە بنچینەییەکەی خۆی لە گۆڕینی ریشەییدا جێھێشت و  کەوتە ھەوڵی ھاوپەیمانی بەستن لەتەک حیزبانی ناو دەسەڵات و بەشداریکردن لەو حکومەتە گەندەڵەی کە دەیویست بیگۆڕێ ، وردە وردە متمانەی خەڵکی لەدەست دا ، تا کار بگاتە ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەی ئەمجارەدا تەنانەت یەک تاکە کورسیش نەباتەوە..

ئەم ھەڵبژاردنە دەریخست کە جەماوەر گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی دەوێ نەک ھاوپەیمانی لەگەڵیاندا و بەشداریکردن لە حوکمڕانیە شکستخواردوەکەیاندا.

رەنگە ھۆکاری شکستی ئەمجارەی گۆڕان زۆر بن بەڵام بە بڕوای من گرنگترینیان ئەمانەن:

١- پشتکردنە ئەو بەرنامەیەی کە لەپێناویدا دامەزرا بوو.
٢-ھەوڵی ھاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی و بەشداریکردن لە حکومەتی پارتی دا.
٣-لاوازی و بێ توانایی ھەموو دەزگا سەرکردایەتیەکانی گۆڕان، لەسەرووی ھەموویانەوە خانەی راپەڕاندن و رێکخەرە گشتیەکەی.
٤-ھێنانە پێشەوەی پۆسخوازان و دوورخستنەوە و دەرپەڕاندنی گۆڕانخوازە راستەقینەکان.
٥- گوێ نەگرتن لەھەموو ئەو پرۆژە و پێشنیار و رەخنانەی کە گۆڕانخوازە پەرۆشەکان ھەیان بوو .
٦-ھەموو ئەو کەس و پەیجانەی بەناوی گۆڕانەوە ھێرشیان دەکردە سەر ھەر کەسێک نارەزایی لە سیاسەتی ئێستای گۆڕان دەربڕیبا.
٦-مەسەلەی خاوەندارێتی گردەکە و موڵکوماڵەکانی کۆمپانیای وشە.
لێرە بەدواوە گۆڕان لە دووڕیانی بەخۆداچوونەوە و خۆ راستکردنەوە و ھەستانەوە  یان شکستی زیاتر دایە.
ئەم ھەڵبژاردنە پێمان دەڵێ کە گۆڕان شکستی ھێنا بەڵام ھیچ کام لە حیزبەکانی تریش ، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ،براوە نین  چونکە بە ھەر ھەموویان  دەنگی  لە ٢٥٪‏ ی خەڵکی کوردستانیان بەدەستھێناوە. لە ٧٥٪‏ی  خەڵک  لەو حیزبانە نارازین و نوێنەریان لە پەرلەمانی  عێراقدا نیە.. بۆیە لێرە بەدواوە بەرەی نارازی جووڵانەوەیەکی راستەقینەی دەوێ کە گوزارشت لە خەون و خواستەکانیان بکات.




PM:06:03:11/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 1356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی