پلانی درێژخایان چارەسەرە

‌هەڵكەوت عەبدوڵا

لە هەرێمی کوردستان، هەتاوەکو کارەسات ڕوونەدات، هەڵوێست وەرناگیرێت و هەنگاو بۆ چارەسەرکرد هەڵناهێنرێت. تا کارەساتی سوتانی ئوتێل سۆما لە سلێمانی ڕووی نەدا، بیر لە لایەنی سەلامەتیی باڵەخانەکان و جێگیرکردنی ئامرازەکانی فریاکەوتن و دەربازبوون لە کاتی هەر پێشهاتێکدا نەکرایەوە.

تا تەقینەوەی گاز لە سلێمانی و دهۆک ڕووی نەدا، بیر لە سیستەمی سەلامەتخوازانەی بەکارهێنانی گاز نەکرایەوە. تا بوومەلەرزەکانی تورکیا و ئەو وێرانکاری و قوربانیانە ڕوویان نەدا، بیر لەوە نەکرایەوە ئاخۆ بینا و تەلارەکانمان توندوتۆڵن و هەنگاو بۆ چارەسەری گرفتەکە نەکرایەوە. واتە لە هەرێمەکەی ئێمەدا سیاسەت و هەڵسوکەوتی کاردانەوە پیادە دەکرێت، نەک بیرکردنەوەی دوورمەودا و دانانی پلانی پێشوەخت و چارەسەری گونجاو.

ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە هۆشداری دەدەن بە گوێماندا و کارەسات و قوربانی زۆریان لێ دەکەوێتەوە، کەچی هێشتا حکومەت بێدارنەبووەتەوە و دیاردەکە بەهێند وەرنەگیراوە و چارەسەری ڕێشەیی و یەکلاکەرەوەی بۆ دانەنراوە. تەنیا لەم دوو هەفتەیەی مانگی دووی ٢٠٢٣دا بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە ١٧ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و ٧٢ هاووڵاتیش بریندار بوون و نازانین تا کۆتایی ساڵ قوربانی و بریندارەکان دەگەنە چەند، کەچی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکان حازربەدەستە و بریتییە لە "پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ".

ڕووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانییەکانیان لەمێژە پەیامی خۆیان داوە بە گوێی حکومەتدا و ڕایانگەیاندووە مەترسییەکانی لە کارەساتەکەی ئوتێل سۆما و تەقینەوەی غاز و بوومەلەرزەکان کەمتر نییە و پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە و هەنگاوی خەمخۆرانە و پلانی زانستیی درێژخایان هەیە. لە وڵاتە پێشکەوتووەکان پلانی پێنج یان دە ساڵە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و پارە و وزەی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکرێت. یەکێک لەو پلانانە کە لەسەر ئاستی جیهان بەناوبانگە و گەلێک دەوڵەت پیادەی دەکەن بریتییە لە (Vision Zero) بۆ کەمکردنەوەی مردنی قوربانیانی ڕووداوەکان هاتووچۆ و هێنانەخوارەوەی ڕادەی برینداربوون و پەککەوتنەکان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە ڕەسمی ببێتە بەشێک لەو پلانە و سوود لە شارەزایی و ئەزموونی وڵاتان وەربگرێت و لە ڕێگەیانەوە پلانی پێنج ساڵە دابنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتەی ساڵانە دەبێتە مایەی مردنی سەدان هاووڵاتی و برینداربوونی هەزاران و بەهەدەردانی سامانی زۆری گشتیی وڵات و تایبەتیی هاووڵاتیان.

پلانەکە جەخت لەسەر ئەو هۆکارانە دەکاتەوە کە دەبنە مایەی پێشهاتنی ڕووداوەکان و لە چەند خاڵێکدا چڕدەکرێنەوە: مرۆڤ (واتە شۆفێر و سەرنشین و پیادەکان)، ڕێگەوبان (واتە شێوازی سەلامەتخوازنەی بنیاتنانی ڕێگەوبانەکان و ڕێکخستنیان بە شێوازێکی دڵنیاخوازنە و یاسایی)، ئوتومبیل (واتە توندوتۆڵیی سوارڕەوەکان و چۆنیەتی پاراستنی سەلامەتیان)، فریاگوزاریی سەرەتایی (واتە دانانی سیستەمی فریاکەوتنی ئەوانە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن و دەستەبەرکردنی ناوەندی تایبەت لە دەرەوەی شارەکان و ئامرازەکانی گواستنەوە و چارەسەرکردن).

دەستەواژەی "پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ" ڕێگر و چارەسەر نییە بۆ کەمکردنەوە و ڕاگرتنی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بەڵکو خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گیان و ماڵی هاووڵاتیان و سامانی گشتیی وڵات. چونکە سەرەتا دڵنیاییەکی تەواو نییە بەرامبەر بەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوازێکی زانستی و هاوچەرخ هاووڵاتیان ئاشنا بکەن بەو یاسا و ڕێنماییانە و شۆفێران بە شێوازێکی گونجاو ڕابهێنن بۆ پیادەکردنیان. بۆیە هەرچی زووە هەنگاونان بۆ پیادەکردنی پلانی (Vision Zero) لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویست و بەرپرسیارانەیە و دواخستنی پلانێکی درێژخایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ مانای نەگرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە گیان و ماڵی هاووڵاتیان.


AM:11:39:13/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی