نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز باڤڵ جەلال تاڵەبانی

‌هەڵكەوت عەبدوڵا

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستتان کردووە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن و بە ناهەق دەست دەگرن بەسەر موڵکی گشتیدا. سەرباری تێبینیم لەسەر شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەکە و ڕێکارەکانی، بە کارێکی چاک و پێویستی دەزانم، بەڵام دەمەوێت بە بەڕێزتان بڵێم کە ئەو ناهەقییە تەنیا لە بواری زەوی و زار و بازرگانیدا ناکرێت، بەڵکو زۆر کایەی دیکەی کۆمەڵگەی کوردەواری هەیە گیرۆدەی دەستی ناهەقییە. من لێرەدا یەکێک لەو ناهەقیانە دەخەمە ڕوو بۆ بەڕێزتان بزانین دەربارەی ئەمەیان چ هەڵوێستێکتان دەبێت؟

مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هاتمەوە بۆ کوردستان و کێشەیەکی هاتووچۆم خستە بەردەستی دەستڕۆیشتوانی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی، ئەویش کێشەی قۆرخکارییە لە بواری هاتووچۆدا و بە نامەیەک ئاڕاستەی بەڕێزت و مەکتەبی سیاسی یەکێتی (لە ڕێگەی کاک ستران عەبدوڵڵاوە) کاک قوباد تاڵەبانی (لە ڕێگەی کاک عەتای نووسینگەی سلێمانیەوە) و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد (ڕاستەوخۆ بە مۆبایل و کاک محەمەدی نووسینگەکەیەوە) کردووە و نەک هەر وەڵام نەدراومەتەوە، بەڵکو بیستوومە لەبەر بوونی کەسێک لای بەڕێزت هاوکاریی کەسی قۆرخکار دەکرێت و لە سلێمانی زەمینەسازی بۆ زاڵکردنی دەکرێت و چەند ساڵێکیشە لە هەولێر کاری بۆ دەکرێت و پشتگیری دەکرێت. من لەگەڵ ئەم پێشەکیە ئەو نامەیەت بۆ بڵاودەکەمەوە کە بۆ بەڕێزتم ناردووە و دەقەکەشیم بۆ کاک قوباد و خاتوو شاناز ناردووە، هیوادارم وەک ناهەقییەکانی دیکە ڕووبەڕووی ببیتەوە، تا چاکسازی هەمەلایەن و کاریگەر بێت. شایانی باسە من سەربارەی ئەم نامەیە بۆ بەڕێزت نامەم ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت، وەزیری ناوخۆ، دەستەی دەستپاکیی کوردستان، کاک عەلیی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری کوردستان...هتد کردووە تا ئێستا هیچ هەڵوێست و وەڵامێکم دەست نەکەوتووە.

بەڕێز باڤڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
سڵاو و ڕێزی بێپایانمان قبووڵ بکەن...
 
ئەگەرچی بەڕێزتان سەرقاڵی گەلێک پرسی گرنگن هەرێمی کوردستان، بەڵام پشتئەستوور بە دەربڕینەکانتان لە دیداری یەکێتی و پێش دیدارەکەش، سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی خەڵکی پارێزگای سلێمانی و جێگیرکردنی دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری، ڕێگەم بە خۆم دا ئەم نامەیە ئاڕاستەی بەڕێزتان بکەم تا ئەو دەربڕینانەت دەربارەی پرسێکی گرنگی وەک هاتووچۆ بخەیتە گەڕ، کە ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان بە هۆکاری یەکەمی مردن تیایدا دادەنرێت. هیوادارم بەڕێزت هەڵوەستەی لەئاستدا بکەیت و فریای پارێزگاکەمان بکەویت و سنوور بۆ قۆرخکارییەک لە بوارەکەدا دابنێیت. هەوڵدەدەم بە وردی پرسەکە بخەمەڕوو و دواتریش بە چەند خاڵێک چەند چارەسەرێک وەک داواکاری پێشنیاربکەم:

١- لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٤وە ژمارەیەکی زۆر ڕاهێنەر بە سیستەمی نوێی مۆڵەتپێدان دروستبوون و لە ماوەی دوو ساڵێکدا و پێش لێبڕین و دەستکاریکردنی سیستەمەکە کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و دروستبوونی شۆفێر بە ستاندارتی جیهانی. لە ئیدارەی هەولێرەوە لەوساکەوە لەبری گوێگرتن بۆ داواکارییەکانی خولێخۆشبوو لیوا عومەر بۆ دروستکردنی سیستەمی مۆڵەتپێدانی کوردستان، لە ڕێگەی کۆنفرانسی هاتووچۆ و کۆنفرانسی ئیدارەی سلێمانی و سەردانیکردنی هەولێرەوە، دژایەتی سیستەمەکە کراوە. پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە هەمیشە لە هەولێرەوە دژایەتی ئەو سیستەمی مۆڵەتپیدانە کراوە و هەوڵدراوە لەبەین ببرێت، وەک هەنگاوی دروستکردنی کۆمپانیای زهرة النیل و دژایەتیکردنی سیستەمەکەی سلێمانی لە ڕێگەی ڕێنمایی و فەرمانی نادادپەروەری جۆربەجۆرەوە، دواهەمینیشیان زەمینەخۆشکردن بوو بۆ دامەزراندنی ناوەندی تۆتاڵ و کۆتاییهێنان بە سیستەمەکەی سلێمانی.

٢- ئامانج لە ڕاگرتنی کارکردن بە سیستەمەکەی پارێزگای سلێمانی (کە لە هەڵەبجە و ئیدارەکانیش کاری پێ دەکرا) زەمینەخۆشکردن بوو بۆ کەوتنەگەڕی کارەکانی ناوەندی تۆتاڵ، کە گومان بە شێوازی دامەزراندن و ئاستی زانستی دەکرێت و کارێکە خەمی بازرگانی لەپشتەوەیە و قۆرخکارییەکە لە بوارەکەدا.

ئەگەر مەبەست دامەزراندنی سیستەمێکی یەکگرتووی مۆڵەتپێدا بوو لای دەستڕۆیشتوانی هاتووچۆی هەرێم، دەبوایە ڕاگەیاندی ئاشکرا بۆ هەنگاوەکە بکرێت و ڕێگەبدرێت هەموو ڕاهێنەرەکان دەرفەتی بەشداریکردنیان هەبێت و کتێب و پێشنیاری خۆیان بخەنە ناو پێشبڕکێیەکی دادپەروەرانەوە، نەک کۆمپانیای تۆتاڵ بە زۆری زۆرداری بسەپێنرێت بەسەر هەرێمی کوردستان و لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتدا بخرێتە گەڕ و زوڵم لە ڕاهێنەرانی تر بکرێت. لە کاتێکدا زۆر ڕاهێنەری بەتواناتر و لێهاتووتر لە خاوەنی ئەو ناوەندە لە پارێزگای سلێمانی هەبوو، کە دەیانتوانی زەمینەی چاکتر بۆ شێوازی مۆڵەتپێدانی هاوچەرخانە بڕەخسێنن.

٣- پێگەیاندن و ئەبدەیتکردنەوەی ڕاهێنەرانی شۆفێری لە بنچینەدا کاری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ خۆیەتی و دەبێت ئەو لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی تایبەتەوە، بە سوودوەرگرتن لە شارەزایان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بنیاتی بنێ و قازانج و خێرەکەشی بۆ خزمەتکردنی هاتووچۆ و گەشەپیدانی بەکاربهێنرێت، نەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ ببێتە بەڵێندەری پارەپەیداکردن بۆ ناوەندێکی کەرتی تایبەتی و سوودگەیاندنی دارایی بە هەندێک دەستڕۆیشتوو. ئەگەر تەنیا بڕوانینە ئەو هەنگاوەی ئێستا لە سلێمانی بەڕێوەیە و بیکەینە بناغە بۆ دەرخستنی سوودی ئەو کارە بۆ کۆمپانیای تۆتاڵ و ئەوانەی لە پشتیەوەن و نەخستنەگەڕی بۆ خزمەتی هاتووچۆ، دەردەکەوێت کارەساتەکە لە چ ئاستێکدایە. بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە لە سلێمانی ٦٠٠ ڕاهێنەری مۆڵەتی تایبەت و ٢٤٠ ڕاهێنەری مۆڵەتی گشتی بەڕێوەیە، هەر ڕاهێنەرێک بە ٧٥٠هەزار بەشدار دەبێت. ئەو پارەیە هەژماربکەن و لەگەڵ پارەکەی هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان کۆی بکەنەوە، دەزانن چ پارەیەکی زەبەلاحە دەچێتە گیرفانی ئەو ناوەندە و هاوکارانیەوە.

٤- ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لە هەرێم توانای زانستیان نییە بۆ بەڕێوەبردنی خولی ڕاهێنەران، بە درێژایی شەش ساڵی پێشوو چەند شارەزایەکی هاتووچۆ و ڕاهێنەری لێهاتوو ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بە خۆبەخش خول بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەران بکەنەوە، ئەفسەرەکانیش بۆ هەمان مەبەست پەروەردە بکەن، خێرە ئەم کارە قبوڵ ناکرێت، کە لەسەردەمی قەیرانی داراییدا بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیان کەم دەکاتەوە و دەرفەتی کار بۆ دەیان دەڕەخسێنی، کەچی بۆ گیرفان پڕکردنی ناوەندی تایبەت ئەو کارە دەکرێت.

٥- ماوەی چوار ساڵێکە بەبێ بوونی پاساوی زانستی و لەلایەن ئەفسەرێکی دیاریکراوی بەڕێوەبەرێتی گشتی هاتووچۆی هەرێم و لیژنەیەکی تایبەتەوە، بەکارهێنانی لایەنی تیۆریی سیستەمەکەی سلێمانی بە ڕەسمی ڕاگیراوە، کە بە بڕێاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە پەسەندکراوە و بڕیاری بۆ دراوە. لە کاتێکدا تاکو ئیمڕۆش لە نووسینگەکانی سلێمانی ئەو لایەنە تیۆرییە بەکاردەهێنرێ و بە ٤٠٠ پرسیاری ئەو سیستەمە تاقیکردنەوەی تیۆری ئەنجام دەدرێت و بە بنەماکانی پراکتیکی هەمان سیستەم تاقیکردنەوەی پراکتیکی ئەنجام دەدرێت. ئەمە چەندی بە چەندە. ئینجا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە و لە لایەن بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی سلێمانیەوە پشتڕاسکرایەوە، کە خاوەنی کۆمپانیای تۆتاڵ کتێبی مۆڵەت لە تراکتۆرەوە بۆ قاتیرە و مەقتوورە ئامادەکردووە. ئێمە لیرەدا دەپرسین، سیستەمەکەی سلێمانی وەرگێڕان و ئامادەکراو بوو بەسوودوەرگرتن لە وڵاتی دانیمارک، کە سەدان شارەزای بواری هاتووچۆ لەپشتیەوەن و کاری سەڵتەزەلامی نییە، ئەی خێرە خاوەنی ئەو ناوەندە بۆ خۆی سەڵتەزەلامە و ئەزموونی پەروەردەکردنی ڕاهێنەری شۆفێری نێودەوڵەتی یان ناوخۆیی نییە ئەو هەموو کتێبە بنووسێت؟ ئینجا وا بۆ چوار ساڵ دەچێت ئەو کەسە دەڵێت کتێبەکانی ئامادەن، کەچی چەندین خولی ڕاهێنەری کردووەتەوە و یەک ڕاهێنەری تازەپێگەیشتوو کتێبەکانی لەبەردەستدا نییە، تا بە هۆیەوە فێرخواز پەروەردە بکات، لە کاتێکدا سیستەمەکەی سلێمانی پێش دەستپێکردنی لە ٢٠٠٤دا کتێب و تاقیکردنەوەکانیشی ئامادە بوون.

٦- خۆلی پەروەردەکردنی ڕاهێنەران لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەم شێوەیەیە: ئەگەر کەسەکە دەوامی ڕۆژانەی تەواو (لە کاتژمێر ٨-١٥) بکات شەش مانگی پێ دەچێت، ئەگەر کەسەکە ٢ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا (لە کاتژمێر ٨-١٥) بکات ساڵێکی پێ دەچێت. کاتی خۆی لە ئیدارەی سلێمانی خولی یەکەم سێ مانگی دەوامی ڕۆژانەی پێ چوو، کەچی خولەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ چارەکی ئەوەی سلێمانی ناکات، نەک ئەوەی وڵاتێکی پێشکەوتوو. ئینجا ناوەڕۆکەکەشی کەمترین بنەمای پەروەردەکردنی ڕاهێنەری تیادا نییە. بۆ ڕاست و دروستی ئەم قسەیەمان داوا لە بەڕێزتان دەکەم پەنجا کەس لەو ڕاهێنەرانەی لە تۆتاڵ بڕوانامەیان وەرگرتووە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان "پەروەردەی کردوون" بدەنە دەست ڕاهێنەرێکی شۆفێری کورد لە وڵاتێکی پێشکەوتوو، بزانن چەندیان لە تاقیکردنەوەدا دەردەچن. ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر عەمید فەرەیدوون بەڕێوەبەری هاتووچۆی پێشووی سلێمانی یەکێک لەوانەی تاقیکردەوە، کە لە ئیدارەی ڕاپەڕین خولی ڕاهێنەری بینیبوو و دەیویست لە ناو شاری سلێمانی کار بکات، دەرنەچوو و ڕێگەی پێ نەدا کار بکات.

٧- ئەنجامی کۆڕۆنا و قەیرانی دارایی کاری نووسینگەکانی سلێمانی گرفتی پارەپەیداکردن و بژێوییان هەیە و کەمی ڕاهێنەر لەئارادانەبووە تاوەکو خول بۆ ٦٠٠ ڕاهێنەری تایبەت و ٢٤٠ ڕاهێنەری گشتی بکرێتەوە. مەسەلەکە دەرفەتوەرگرتنە بۆ بەیەکجاری لەناوبردنی سیستەمەکەی سلێمانی و ئەم چەند خاڵەی لە پشتەوەیە:

أ- بەشێک لە خاوەن نووسینگەکانی سلێمانی دەیانەوێ کارەکەیان بە بنەماڵەیی بکەن، واتە کچ و کوڕ و خزمی خۆیان بکەنە ڕاهێنەر و ڕاهێنەرەکانی تر لە کار دەربکەن.
ب- هەندێک ئەفسەر و کارمەندی هاتووچۆ دەیانەوێ کەسوکاری خۆیان بخەنە ناو بوارەکەوە.

ج- پاش دروستبوونی ئەو ڕاهێنەرانە، کە دەبنە زۆرینە، کۆنترۆڵی ئەو ڕاهێنەرانە بکەن کە زانستیخواز و ناڕازین و کۆتایی بە بەرهەڵستیەکانیان بهێنرێت.

د- دواجار کاری نووسینگەکان بکەنە تاقە کۆمپانیایەک بۆ مۆڵەتپێدان و بەبازرگانیکردنی کارەکە لە خزمەتی چەند کەس و بەرپرسێکدا، نەک لە خزمەتی هاتووچۆ و هاووڵاتیاندا.

٨- بۆ دروستکردنی ڕاهێنەر پێویستە ڕەچاوی چەند مەرجێکی بنچینەیی بکرێت، گرنگترینیان ئاستی خوێندن و توانای بوون بە ڕاهێنەرە. لە وڵاتانی پێشکەوتوو و بڕوانامەی ئەکادیمی گرنگە و لە سیستەمەکەی سلێمانیش بڕوانامەی شەشی ئامادەیی بەلایەنی کەمەوە مەرج بوو، کەچی ئەو خولەی لە سلێمانی بەڕێوەیە بۆ دروستکردنی ٦٠٠ ڕاهێنەری تایبەت و ٢٤٠ ڕاهێنەری گشتی مەرجی بڕوانامەی شەشی سەرەتایی دانراوە؟! لێرەدا دەپرسین کەی بڕوانامەی شەشی سەرەتایی ماوە؟ شەشی سەرەتایی تەواوکاریی قۆناغی بنەڕەتی نییە؟ ئایا هیچ کەسێک ئامادەیە ڕاهێنەرێکی خاوەن خوێندنی تا شەشی سەرەتایی منداڵەکەی فێری شۆفێری بکات؟ ڕاهێنەر پێویستە بزانێت چۆن وانە دەڵێتەوە، چۆن زانستی هاتووچۆ دەگەیەنێت، ئایا خاوەن ئاستی خوێندنی شەشی سەرەتایی ئەو توانایەی هەیە، ئەگەر هەیەتی بۆ خوێندنی تەواونەکردووە؟ ئامانجی ئەم ئاستی خوێندنە کۆکردنەوەی زۆرترین کەسە بۆ خولەکە و بۆ پارەپەیداکردنی زیاترە، بەڵام لە داهاتوودا دەبێتە زۆرکردنی ژمارەی مۆڵەتبەدەستان، کە ڕووداوەکانی هاتووچۆ دەگەیەننە ئەوپەڕی.

٩- لە هاتووچۆی سڵیمانی، بەبێ بنەمای زانستی و یاسایی، پشتگیری ئەو ناوەندە تایبەتە دەکرێت کە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە و، هەروەها سێستەمەکەمان و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە خراونەتە ژێر مەترسیی تەواو هەڵوەشاندنەوەوە، وەک ئەوەی بەڕێوەبەری مۆڵەتی پاڕیزگای سلێمانی دەیکات و بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئێستای پارێزگای سلێمانی کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە، بەڕێوەبەری هاتووچۆی گشتی هەرێمیش، کە لەسەر پشکی یەکێتییە، پشتگیریی ئەو کاری بازرگانی و قۆرخکارییە دەکات، کە باش دەزانێت کێ لە پشتییەوەیە.
 
چارەسەرە پێشنیارکراوەکان:

١- پاراستنی سیستەمی مۆڵەتپێدانی شۆفێری لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکان، کە لە ساڵی ٢٠٠٥وە کاری پێ کراوە و هەزاران کەسی بۆ بوارەکە ڕاهێناوە، تا ئەو کاتەی سیستەمێکی یەکگرتووی کوردستانی بە ڕێکارە یاسایی و زانستییەکان دادەمەزرێت.

٢- ڕێگەگرتن لەوەی تاقە ناوەندێک و کەسێک تێکڕای سیستەمی مۆڵەپێدان دابنێ و هەموو خولەکانی پێگەیاندنی ڕاهێنەران قورخبکات، هەروەها ڕاگرتنی ئەو خولەی لە سلێمانی بەڕێوەیە هەفتەی داهاتوو دەست پێ بکات، چونکە مەرجە زانستییە پێویستەکانی تیادا نییە و دادپەروەریی دەرفەتی پێشێلکردووە. بۆ دڵنیابوون لە قسەکانم دەتوانن لیژنەیەکی تایبەت پێک بهێنن و ئەو ڕاهێنەرانەی ناوەندەکە لە هەڵەبجە و ئیدارەکان پەروەردەی کردوون تاقی بکەنەوە، بزانن بە ڕاستی بوونەتە ڕاهێنەر تا دەرفەتی پەروەردەکردنی ئەو هەموو ڕاهێنەرە نوێیانەی پێ بدرێت.

٣- پێگەیاندن و پەروەردەکردنی ڕاهێنەران دەبێت لە دەسەڵاتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەدا بێت، نەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی هەرێم، ئەوەش پشتبەستوو بە لامەرکەزیەتی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان. لەو هاتووچۆیانەش پێویستە لەسەر بنەمای زانستی و لێهاتوویی بێت، نەک مەزاجی بەڕێوەبەری هاتووچۆ، یان بەڕێوەبەری مۆڵەت.

٤- هەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە (٢) و دەرکردنی ڕێنماییەک، کە لەگەڵ ستاندارتە نێودەوڵەتیەکانی کردنەوەی نووسینگەی فێرکردنی شۆفێری و ڕا‌هێنەراندا تەبابێت و مەرجی ئەستەمی تیادا نەبێت، وەک دابینکردنی ڕووبەرێکی زۆر لەلایەن هەر نووسینگەیەکەوە بۆ ڕاهێنان، هەروەها ڕێکخستنی کارەکانی نووسینگەکان لای لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، نەک لە هەولێر کە بارگرانیی هاتووچۆ و بردنی داهاتی ئێرەی لێ دەکەوێتەوە بۆ هەولێر. وەک نوێکردنەوەی مۆڵەت و ڕێکارەکانی دیکە.

٥- قسەکردن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی هەرێم و بەڕێوەبەری مۆڵەتی پارێزگای سلێمانی بۆ ئاشكراکردنی هۆکاری پشتگیریکردنی کارەکانی ئەوە ناوەندە و فشارخستنە سەر نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری و ڕاهێنەران بۆ ملدان بە کارەکانی ناوەندی تۆتاڵ.

٦- لێکۆڵینەوەکردن لە سەرچاوەی داهاتی ناوەندی تۆتاڵ، کە ئۆفیسی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک کردووەتەوە، چونکە باشتر مەرام و نیازی کارەکەی دەخاتەڕوو، هەروەها بەدواداچوونکردن بۆ ئەو کەسانەی لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر پشتگیریی کاری ناوەندەکەیان کردووە و کاریان بۆ سەپاندنی کردووە. ئینجا هەمان کار لە هەولێر و دهۆکیش بکرێت.
 
لەگەڵ ڕێزمدا...
 
                                                                              هەڵکەوت عەبدوڵڵا
                                                                           شارەزای بواری هاتووچۆ
                                                                                 ٣٠/٦/٢٠٢٢


AM:09:56:19/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 4140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی