هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنێتی

‌هەڵكەوت عەبدوڵا

حزب و قەوارە سیاسییەکانی کوردستان بەرنامەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی عیراق ڕاگەیاندووە و لە بانگەشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر و لە کەناڵی جیاوازەوە دەیدەن بە گوێ و چاوی دەنگدەراندا.

ئەوەی مایەی تێڕامانە، خەیاڵ و نائەقڵانیبوون و ناواقعیبوون زاڵە بەسەر زۆربەی بەرنامەکاندا، چونکە ئەوەندەی دروستکردنی خەونی جوانن، کە لە واقیعی سیاسی ئابووریی عیراقدا هاتنەدییان ئەستەمە، ئەوەندەی ئامانج لە پشتیانەوە ڕاکێشانی سەرنجی دەنگەران و بەدەستهێنانی دەنگیانە، ئەوەندە مەبەست لێیان گۆڕینی ڕاستەقینەی باری وڵات نییە.

ئەمە جگە لەوەی لە بەرنامەکان و قسەی سەرکردە و ئەندامانی قەوارەکانیشدا میکانیزمی جێبەجێکردن و هێنانەدییان ناخرێتە ڕوو. هەندێک جار بەرنامەی حیزب و قەوارەکان و کاندیدەکان ئەوەندە قەبە و هەمەلایەنن، کە جێبەجێکردنی هەندێک خاڵ، نەک ماوەی خولێکی هەڵبژاردن بەشی ناکات، بەڵکو چەندین خولی پێویستە.

ئەمەش ئەو پەندە کوردییەی بەسەردا دەسەپێ، کە دەڵێ: "هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنێتی".

لەلایەکی دیکەوە داڕێژەرانی بەرنامەی هەڵبژاردنەکان دیماگۆگیانە بەش و خاڵەکانیان ڕێزکردووە و ئەجیندای هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق و ئەجیندای هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستانیان تێکەڵ بە یەکتری کردووە، ئەمەش بۆ زیادکردنی هەوادار و بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر.

ئەگینا ئەوەی تۆزیک لە سیاسەت بزانێت، دەزانێت بەشێک لەو خاڵانەی لە بەرنامەکاندا ڕیزکراون لە کوردستان و هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا یەکلادەکرێنەوە. بۆ نموونە، دەسەڵات وەرگرتنەوە لە هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان، ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی ژیر زەوی و سەر زەویی وڵات، بنەبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی قۆرخکاری و دەسەڵاتی بنەماڵە چەند پرسێک نین لە هەڵبژاردنەکانی عیراقدا یەکلا بکرێنەوە، بەڵکو پرسگەلی ناوخۆی کوردستانن و دەبێت لێرە یەکلا بکرێنەوە.

بەبڕوای من، ئەو پرسانەی دەبێت هێز و قەوارە سیاسییەکان شەڕی لەسەر بکەن و جۆرێک لە هاماهەنگی لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن بۆ بەدەستهێنانیان ئەمانەن: پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور وەک یەک پاکێج و بنیاتنانی دامەزراوە فیدڕالییەکان و دەرکردنی ئەو یاسایانەی پێویستن بۆ پرسەکە، ڕێگرتن لە دیموکراسیی زۆرینە و گەشەپێدانی دیموکراسیی تەوافوقی، دژایەتیکردنی تایەفەگەری، بەرەنگاربوونەوەی گرێدانی عیراق بە ئەجێندا هەرێمایەتیەکانەوە، زامنکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بەپێی سەرژمێری، دەستەبەرکردنی مافەکانی پێشمەرگە لە ڕووی موچە و چەک و ڕاهینانەوە، جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بەپێی دەستوور، بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە... ئەمانە و چەندین خاڵی دیکە.

هاووڵاتیانی کوردستان دەبێت هوشیار و چاوکراوە بن، بە قسەی بریقدار و بەڵێنی ئارەزووبزوێن فریونەخۆن، بەڵکو چاوکراوە سەیری بەرنامەی حیزب و قەوارەکان بکەن، بزانن واقیعین یان خەیاڵی، لە خولێکی پەرلەمانیدا بەشێکی زۆریان دێتەدی یان نا، ئەجینداکە تەبایە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی عیراق یان نا، کام کاندیدانە دەتوانن مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەن.


AM:10:43:17/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی