شکستی بزوتنەوەی گۆڕان و ھۆکارەکان
شێرکۆ کرمانج
نەوەی نوێ دەنگەکانی گۆڕانی بردو بوو بە جێگرەوەی، ھۆکار زۆرن لە پشت ئەم گۆڕانکارییە بەڵام لە ھەموویان گرنگتر ئەم چەند خاڵەن:
١-گۆڕان ھێزێکی ناڕازی و زادەی ناڕەزاییەکان بوو کەچی لە دەسەڵات نزیکبووەوە کەچی نە توانی ھیچ گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتدا بکات نە توانیشی دەنگە ناڕازییەکان ڕاگرێت. ھێزی ناڕازی ناتوانێت لە دوو بەرەدا بێت.
٢-سەرکردایەتی گۆڕان، بەتایبەتی کاک عومەری سەید عەلی، ھیچ تێگەیشتنێکیان نە بۆ چۆنیەتی کارکردنی دەسەڵاتی ھەرێم (پارتی و یەکێتیی) ھەیە نە بۆ خەون و ئامانجەکانی گەنجان و لاوانی کوردستان. باوەڕناکەم کاک عومەر ئەکاونتی فەیسبووک و ئینستیگرام و تویتەی ھەبێت، لەوانەیە ھەر نەزانێ بەکاریشیان بێنێت. ئاساییە مرۆڤ ئەم ئەپانە بەکارنەھێنێت و شارەزا نەبێت لێیان بەڵام کەسێک دەستی بە تەکنۆلۆجیای سەردەم ڕانەگات ناتوانێت ڕابەرایەتی نەوەی نوێ، نەوەی تەکنۆلۆجیا، بکات.
٣-کوژانەوەی کەی ئێن ئێن کاریگەریی ئێجگار زۆری لەسەر کوژانەوەی مۆمەکەی گۆڕان ھەبوو. ئەوەی لە ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ خەڵکی ناڕازی وەگەڕدەخست و ئاراستە دەکرد پێش کاک نەوشیروان کەی ئێن ئێن بوو. ئەوەی ئەمجارە گۆڕانی کوشت ئێن ئاڕ تی و ڕووداو و کەی ٢٤ بوو پێش ھەر شتێک.
٤- لەوانەیە بە بنەماڵەکردنی گۆڕان لە ھەموو ھۆکارەکان بەھێزتر بێت لەپشت پشتشکانی گۆڕان.
٥- تێنەگەیشتنی گۆڕان لە دەنگدەری خۆی گەورەترین ھەڵەی ئەو بزوتنەوەیە بوو. سەرکردەکانی گۆڕان لە وشیاری و بزێویی دەنگدەرەکانی خۆیان نەگەیشتون.
٦-پەرتەوازەیی و فرە جەمسەری و دژایەتییەکانی ناو سەرکردایەتی گۆڕان بزوتنەوەکەی لە ئیفلیج نزیککردبۆوە.
ئەمانەو دەیان ھۆکاری دیکە، بەڵام چوونی بۆ ناو دەسەڵات و نزیکبوونەوەی لە پارتی و دواجاریش ھاوپەیمانییەتی لەگەڵ یەکێتیی دوا بزماریان لە تابوتی گۆڕان دا، ئاخر بزوتنەوەیەک کە لەسەر بنەمای ڕەخنە لە یەکێتیی و پارتی و بەبنەماڵەکردنی حزب دامەزرابێت چۆن ناپوکێتەوە کە خۆی ببێتە لاساییکەرەوەی پارتی و یەکێتیی و ھاوپەیمانیان لەگەڵدا بکات.
PM:02:43:11/10/2021
ئهم بابهته 1224
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی