كۆچكردن و هۆكارەكانی

‌د.مەیادە نەجاڕ



بێگومان پرسی كوچكردن بابەتێك نیە تەنیا پەیوەست بێت بەهەرێمی كوردستان ، چونكە جیهانگەری و ئاسانبوونی پەیوەندییەكان وایكردووە گەنجانی هەموو ولاتان زیاتر حەز بەتێكەلاوبوون و دروستكردنی پەیوەندی بكەن، لەلایەكی ترەوە بەگشتی كۆمەڵگەی رۆژهەلاتی ناوەراست هەمیشە بەحەزو ئارەزووە لەئەورپا دەروانن و پێیانوایە ئەوروپا ئەو بەهەشتەیە كەتەواوی خواست و ئارەزووەكانی تاكی تێدا بەدی دێت، واتا كۆچكردنی گەنجان تەنیا پەیوەست نیە بەهەرێمی كوردستانەوە بگرە پەیوەست بەگەنجانی سەرجەم ولاتانی رۆژهەلاتی ناوەراستە . 

مەرجە لۆژیكانە قسەبكەین و نەكەوێنەژێر كاریگەری سۆشیال میدیا

سەرەتا ئەگەر باسی كۆچكردنی ئێستای گەنجی كورد بكەین ، پێویست لۆژیكانە روانینی بۆ بكەین و نەكەوینە ژێركاریگەری سۆشیال میدیا و هەندێك كەناڵ و دامەزاروەیی میدیایی ئامانجدار كەدەیانەوێت ئەستۆی كۆچی گەنجان تووشی حكومەتی هەرێم بكەن، لەروانگەی لۆژیكیەوە كۆچی گەنج لەم قۆناغەدا چەند رەهەندێكی جیاوازی هەیە، بەبروای من  پەیوەست نیە بەخراپی باری ئابوورییەوە وەك هەندێك كەناڵ و پەیج باسی دەكەن ، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بەبەراورد بەسەرجەم  ناوچەكانی  تری عێراق هەم لەرووی خزمەتگوزاری و هەم لەرووی گەشەپیدانی ئابووری پێشەنگە واتا ناكرێت ئێمە هۆكاری كۆچی گەنجان بۆ خراپی باری ئابووری بگێرینەوە، چونكە بەشێكی زۆری ئەو گەنجانەی كەكۆچ دەكەن دانیشتوانی ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكانن كەبەداخەوە لەدوای شازدەی ئۆكتۆبەرەوە ئەو ناوچانە تووشی  گوشاری زۆرهاتوون بەتایبەتی گەنجان لەم رووداوانە پشكی شێرییان بەركەوتووە.

بەشێك  لەسایتەكان رۆلێكی زۆر نادروست دەگێڕن

بەشێكی تری كوچی گەنجان بۆ داگیركاری پەكەكە بۆ بەشێك لەخاكی كوردستان دەگەرێتتەوە وەك دەبنین بەشێكی زۆر لەناوچە سنوورییەكانی پاریزگای دهۆك و شەنگال و بەشێك لەدەڤەری پشدەر لەلایەن پەكەكە داگیركراوە ئەمەش وایكردووە گەنجی ئەم دەڤەرانە تووشی تووندوتیژی بن بەدەست بێكاری و گوشاری سیاسیەوە بنالێنن.

خالێكی تر كەمن ئاماژەی پێدەكەم بەشێك لەمیدیاكان بەشێوەیەكی زۆر موزایەدە بەپرسی  پەنابەرانەوە دەكەن، لەمەشدا ئامانجێكیان هەیە  بریتیە لەوەی دەرگابۆ شۆڤێنیەكان والا بكەن ، كە پەلاماری هەرێمی كوردستان بدەن، سوكایەتی بەپیرۆزییەكانی هەرێم دەكەن.

وەك ئاماژەم پیدا بەشێك لەرۆژنامەوانان و چالاكوانان لەرێگەی سۆشیال میدیاوە سالانێكە سەرقالی دژایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانن و دەیانەوێت گەنجانی كورد نائومێد بكەن، ئەمەش كارێكی بەرنامە بۆ دارێژراوە دەستێكی دەرەكی پشتگیری دەكات.

لەكۆتایدا  چەندان هۆكار هەن، پێویستە كاتێك شرۆڤەی پرسێكی لەم جۆرە دەكرێت بەم شێوەیە قسەی لەسەر بكرێت نەك تەنیا پەلاماری هەرێمی كوردستان بدرێت و لەپال بابەتی كۆچكردندا، سوكایەتی بەپیرۆزییەكان بكرێت


AM:09:56:16/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی