ڕاستکردنەوە Correction

‌ سامانی وەستا بەکر


ناکرێ سەرۆکی حکومەتبیت و زانیاریت کەمبێت یان زانیاریت هەبێت و بەهەڵە بۆ خەڵکی بگوازیتەوە.

مەسرور بارزانی لە دەرکەوتنێکی لەسەر خۆپیشاندانی فێرخوازانی زانکۆو پەیمانگاکان ئەڵێ،،، (لەهیچ شوێنێکی ئەم دنیایا نیە کە خوێندن بەخۆڕایبێت و فێرخواز دەرماڵە وەربگرێت)!

بەندە لەسەر وڵاتی سوید ئەدوێم کە زانیارییەکەی سەرۆکی حکومەت هەڵەیە وە ئومێدەکەم خەڵکانیتر لەسەر ئەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن وزانیاریان هەیە زانیاری ڕاست و دروست بنوسن ئیتر ئەگەر پاڵپشتی ڕژد لەسەر کردنەوەی قسەکانی مەسرور بارزانی بێت یان پێچەوانەکەیبێت.

لەسوید خوێند لە زانکۆکان بەخۆڕاییە وە هەر فێرخوازێک مانگانە بڕی ٣٣٦٠ کرۆنی سویدی وەک هاوکاری وەرەگرێ، ئەم بڕە پارەیە بەشی مانگێک ئەکات ئەگەر فێرخواز لە شارەکەی خۆی بێت و لەگەڵ دایک و باوک یان هەر شوێنێکیترا بژی و کرێی خانوو نەیات.

خۆ ئەگەر فێرخواز لە شارێکی دوورتر لە شارەکەی خۆی بخوێنيت ئەوا بۆ ئەوەش چارەسەری بەردەست هەیە و فێرخواز ئەتوانێ مانگانە بڕێک پارە لەپاڵ هاوکارییەکەیا قەرزبکات کە ڕێژەی "فائدة" سودی سەر قەرزەکە هێندە کەمە بەراورد بە قەرزکردنی کەسێکی ئاسای لەبانکەکان کە وایکردووە بەشێک لە فێرخوازان ئەو قەرزە وەرگرن و کۆیبکەنەوە و کاتێک خوێندن تەواوئەکەن ڕاستەوخۆ بەو بڕە پارەیە پرۆژەیەک دەستپێبکەن.

تێبینی: ئەو بڕە پارەیەی کە بە قەرز وەرئەگیرێ سود "فائدة”ی ناچێتە سەر تا کاتی تەواوکردنی خوێندن.

سەرۆکی حکومەت ئەڵێ هیچ حکومەتێک لە دنیایا هاوکاری یان دەرماڵە بە فێرخواز نایات بەڵکو ئەوە بانکەکانن کە ئەو کارەئەکەن و وەک قەرزێک پێیان ئەیەن، لەمەشیانا مەسرور بارزانی زانیاریەکانی نیمچە ڕاست بوون.

لە وڵاتی سوید حکومەت ڕاستەوخۆ هاوکاری و قەرز بە فێرخواز نایات بەڵام، فەرمانگەیەکی دامەزراندووە بەناوی CSN "سی ئێس ئێن” کەئەم فەرمانگەیە سەر بە دەوڵەتە و ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی وەزارەتی خوێندی باڵا یان وەزارەتی پەروەردە و زانست”utbildningsdepart” کارەکانی جێبەجێئەکات، بەواتایەکیتر سەرچاوەی داهاتی ئەم فەرمانگە حکومییە هەر خودی دەوڵەت خۆیەتی وهیچ مەبەستێکی سود و قازانجی بۆ کۆمپانیا یان تاکە کەس تیانیە.

هەر بۆ زانیاری سەرۆکی حکومەت لەسەردەمی ڕژێمی بەعثی فاشی و دیکتاتۆرە خوێن خۆرەکەیا دەرماڵە بۆ فێرخواز هەبوو کەچی گەل لێی ناڕازی بوو و هەمیشە ئەمات ووت بڕوخێ بڕوخێ، چونکە ڕاستە ئەو لایەنی کەمی ژیانی دابین کردبوو وە مووچە لەکاتی خۆیا وەرەگیرا بەڵام فاشی ڕەفتار و دژە ئازادی بوو، مەخابن ئەم حکومەتە خۆماڵییە نە لایەنی کەمی ژیانی بۆ خەڵکەکە بۆ دابین ئەکرێ نە ئازادیش فەراهم ئەکا ئیتر چۆن خەڵکەکە ناڕەزای دەرنەبڕێ.

ئەبێ مەسرور بارزانی ئەوەشی بووتایە لە زۆربەی وڵاتانی دنیایا دوای تەواکردنی خوێندن ڕاستەوخۆ چەندین هەلی کار بەردەستە و فێرخواز بەدڵخوازی خۆی لەو بوارەیا کارەکات کە دڵگیری خۆیەتی جا کەرتی تایبەتی بوێت یان گشتی، نەک دوای شانزە ساڵ خوێندن نەک هەر هەلی کار نیە بەڵکو ئەگەر هەشبێت هاوتای ئەوە نیە کە فێرخواز پسپۆڕی تیا بەدەستهێناوە.

ئەبوو ئەوەشی بۆ ئامادەبووان ڕوونبکردایەتەوە کە چۆن ئیدریسی کوڕی نێچێر بارزانی بەبێ بوونی دەرماڵە سەرکەوتوو بووە ببێ بەخاونی گەورەترین زانکۆی کوردستان و سەرچاوەی ئەو بزنسەی بۆ ئامادەبووان ئاشکراکردایە کە ئیدریس و ئارین بارزانی کردووە بە مۆڵتی ملیاردێر لەسەرەتاکانی بەهاری ژیانیانا!

ڕاستی بابەتەکە بڵاوکرایەوە کە ئەوە فێرخوازان نەبوون ئاڵای کوردستانیان خستۆتە ژێرپێ کەچی لەگەڵ ئەوەشا مەسرور بارزانی سەرلەنوێ باسی ئەوکارەی کردوو و ووتی ئەبێ ئەو خەڵکە سزابیرێن، بەڵام ئەوەی سەیر بوو بە ووشەیەکیش باسی ئەوەی نەکرد کە خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بە ڕوونی بە ئاشکرا ڕووی کردە کۆی ئەندام پەرلەمانی وڵاتەکەی و ووتی نە لە تورکیا کوردستان هەیە نە لە دەرەوە".

ئەو دەستەواژەیەی خلوسی ئاکار بەکاریهێنا بەواتای سڕینەوە و نەبینینی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن مرۆڤی کورد، ئێ کاتێک گەلێکی ٥٠ ملیۆنی ڕووبەڕووی سڕینەوەو سوکایەتی ئەبێت و ئەبینێ دەسەڵاتدار و بەناو حکومەتەکەی کوردستان هیچ وەڵامێکی نابێت و لە ترسی پاراستنی شوێن پێی خۆیان و لەدەستنەدانی پارەی دزراوی میلەت کە بەشێکی زۆری لە بانکەکانی تورکیایا هەڵگیراوە ئیتر بڕاوی بە هیچ شتێک نامێنێ، ئێ کە کوردستان نەبوو ئاڵاش نابێ.

کاتێک خاک نەبێ، مرۆڤی کورد بوونی نەبێ و شوێنێک نەبێ بەناوی کوردستانەوە ئیتر ئاڵا چۆن ئەبێ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەبێ دەسەڵاتدارانی هەرێم بوێرانە وەڵامی بەنەوە پێش ئەوەی باس لە پیرۆزی ئاڵا بکەن.

جێگای نیگەرانیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ناتوانن دەماڵەی فێرخوازان ئامادەبکەن کەچی مووچەیەکی زۆر بۆ بەشێک لە کوردانی تاراوگە بڕاوەتەوە کە زۆربەی ئەو خەڵکە یان خۆیان خاوەن کارن یان مووچەی بێکاری لە وڵاتی خانەخوێ وەرەگرن، کە ئەگەر تەنها مووچەی ئەو سوپا گەندەڵەی لە تاراوگەوە بەپارەی دزراوی میلەت ئەیانژێنن تا ڕووی ڕەشی دەسەڵات سپی بکەنەوە ببڕن، ئەوا نەک ئەتوانن دەرماڵەی فێرخوازانی پێدابین بکەن بەڵکو ئەتوانن زۆر شتی تریشی پێبکەن.

خەڵکێکی زۆر لە تاراوگەوە بوون بە بەرگریکاری دەسەڵات و هێرش ئەکەنە سەر هەرکەسێک کە تەنانەت بیەوێت ئەو ناڕاستیەکانی دەسەڵاتداران ئاشکرا بکات کە لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بەناڕاست بۆ خەڵکی ئەگوازنەوە، ئەو سوپا ڕەشەی هاندەران کە مانگانە مووچەی بندیوار وەرەگرن خۆیان وەڵامی هەموو کۆمێنت و نوسراوێک ئەیەنەوە کەچی نایانەوێ لە گوڵ کاڵتر بە دەسەڵات بوترێت.

بەداخەوە، کورد ستراتیژی نیشتمانی نیە بەڵکو لەبری ئەوە ستراتیژی گەورەکردن و باڵادەستکردنی حیزب بوونی ھەیە جا بەھەر نرخێکیشبێ.

تیۆری حیزبایەتی کوردی لە سەد ساڵی ڕابردووا ئەوەمان لا ڕژدو بێگومان ئەکاتەوە کە ئەو تیۆریەی حیزبی کوردی لەسەر دامەزراوە لەمەودای دوورو نزیکا نیشتمانی نەبووە، لە ستراتیژی ھیچ یەکێ لەحیزبە کوردییەکانی کوردستانی گەورەیا بەکردار کار بۆ تیۆرییە نەتەوەی ونیشتمانییەکان نەکراوە، جا ئەگەر ئەوە لە کۆنگرە باسی لێوەبکرێ  یان لە پەیڕەوی نوسراوی  هەندێ حیزبیش بوونی ھەبێ.

ئامانجی دروست بوونی حیزب خۆشبەختی گەلە، نەک داتەپانی ژێرخانی وڵات بۆ گەورەکردنی حیزب و دروستکردنی بەرپرسی مۆڵتیملیاردێر.


PM:08:28:27/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 1932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی