ئەو بۆمبەی بە ئەردۆغاندا تەقییەوە!

‌رێبوار كەریم وەلی



تەقینەوەکەی ئەمڕۆی ئیستانبوڵ، رووداوێکی تیرۆریستیی سادە نییە. خودی ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا لە چرکەساتی یەکەمەوە هەموو کەناڵەکانی سۆشیالمیدیای راگرتن(کە لە مێژووی سانسۆری تورکیادا وێنەی نەبووە) و بڵاوکردنەوەی هەموو جۆرە هەواڵ و زانیارییەکی نافەرمیی لەوبارەیە یاساغ کرد، دەلالەت لە ئاڵۆزییەکی قوڵ دەکات.
 *
پێدەچێ پەیامێکی توند بووبێت بۆ ئەردۆغان، چونکە لە 15 تەمموزی 2016 یش کە گوایە کودتا بەسەر ئەردۆغاندا کرابوو، ئەو بەقەدەر ئەمڕۆ پەرێشان دیار نەبوو. 
هەمووی هەفتەیەکە دوو رووداوی ناوازە رووی داوە، شاندی ئاکەپە سەردانی هەدەپەیان کرد، ئەو هەدەپەیەی کە ئاکەپە و شەریکە گزگلەکەی مەهەپە، شەو و رۆژ بە تیرۆریست ناویان دەبردن و داوای داخستنی حزبەکەیان ئێستا لە دادگای دەستورییە.
 * 
ئەو سەلاحەدین دەمیرتاشەیش کە دوژمنی سەرسەختی ئەردۆغانە، رۆژی هەینی لە زیندانی ئێدیرنەوە بە فڕۆکەی تایبەت کە لە لایەن ئەردۆغانەوە دابین کراوە، دەبردرێتە ئامەد بۆ ئەوەی سەردانی باوکی بکات کە جەڵتە لێیداوە و لە نەخۆشخانەیە.! 
*
 ئەردۆغان بایداوەتەوە لای کورد!؟ * ئەردۆغان رەنگبێ پراگماتیستترین سیاسی بێت کە پارێزگاریکردن لە کورسییەکەی خۆی هەموو رێگەیەک دەگرێتە بەر؛ بەکەڵکی بێی دەبی بە دۆست و دژی بوەستی دەبی بە تیرۆریست! قەت باکی بەوە نییە لە رابردوودا چی گوتووە! 
*
ئەردۆغان دەزانێ کورد هاوکێشەی حوکمی تورکیا یەکلا دەکەنەوە، بۆیە لە دەرگای کوردی دایەوە. 
کاتێک زانی هەدەپە لە مەسەلەی ریفراندۆم بۆ حیجاب پشتی ناگرێ وازی لەو خیتابە هێنا و پەنای بۆ راکێشانی سۆزی کورد برد. لە کاتێکدا کە هەموو چاوەڕێی ئەوە بوون کە شەریکە گزگلەکەی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ کورددا سەرکۆنەی ئەردۆغان بکات، ئەوان لەسەرەوە پێشوازییان لێکرد، بەڵام لە ژێرەوە قوڕیان بۆ گرتەوە.! 
*
 قوڕی دەوڵەتی قووڵ…
بە وردبوونەوە لە ڤیدیۆکان و لێدوانی بەرپرسانی تورک، ئەوە بە روونی دەبیندرێت کە دیمەنەکانی کاتی تەقینەوەکە دەلالەتە لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی کە ئەوەش زیاتر لە کاری داعش و جیهادییەکان دەچێ و پەکەکە پەنا بۆ ئەوجۆرە کارانە نابات، کەچی وەزیری داد، پێداگرە لەسەر ئەوەی کە تەقینەوەیەک داندراوە و لە رێگەی ریمۆت کۆنتڕۆڵەوە تەقیوەتەوە! تا لە کاری پەکەکە بچێت نەک جیهادییەکان. 
*
 پێدەچێ پەیامێک بۆ ئەردۆغان نێردرابێت. شوێن و کاتی تەقینەوەکەش کە بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی زیانەکەی جێگەی پرسیارە، ئەوەمان پێدەڵێ کە ئامانجی سەرەکی ئەوە بێت کە ئەردۆغان جارێکی دیکە بەلای کورددا نەچێتەوە. گرنگە ئەوەش بزاندرێ کە ئەگەر وا نەبایە، هەر دەمودەست ئەردۆغان پەکەکەی تۆمەتبار دەکرد، بەڵام نەیکرد؛ خۆی دەزانێ وا نییە. بۆیە لێرە بەدواوە ئەگەر ئەردۆغان ئەوە بخاتە ئەستۆی پەکەکەوە ئەوە راست نییە و ملکەچبوونیەتی بە گوشاری ناوەندە جیهادییە شۆڤینیستەکان.


AM:01:36:14/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 1128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی