حورمەتلەر کاک فازڵ میرانی

‌رێبوار كەریم وەلی

راستییەکەی من کاک فازڵ و ئەویش بە باب و باپیرەوە ئێمە لەو سەردەمەوە کە لە ڕاژان  "موتنی" بوو و ھێشتا بۆ "میرانی" تەرفیعی نەکردبوو دەناسین. پێم سەیر بوو کە بە زەحمەت ناوی باپیرمی بە بیر مابوو!؟

ھەموو ئەو قسانەی لە رووداو کردنی بیرو ڕای خۆیەتی و ئازادە. لەو شوێنەی جوملەیەکی خۆی عەتفی من دەکات و وەسفی حاڵم دەکات، نازانم بە چ مەبەستێک من بە قاچاغ ناو دەبات!؟ ئینجا زانیاریی ھەڵەش دەدات کە گوایە من لە تورکیا دەژیم!؟

کاک فازڵ لە سەرەتای قسەکانیدا باسی مەودای ئازادی و رەخنە لە خۆگرتن لەناو پارتیدا دەکات و باسی رەخنەگرتن لە نسکۆی ١٩٧٥ دەکات، بەڵام خۆشی باش دەزانێ کە ھەموو ئەوانەی کە ئەو راپۆرتانەیان نووسی تەخوین کران و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەو نامیلکانەی ئەو سەردەمە وەک کتێبەکەی دکتۆر مەحمود و سامیی رەحمەتی و زۆری دیکە تەنھا لە ئەوروپا دەست دەکەون!

ئینجا بەندە بۆ دەبێ قاچاغ بێ؟ ئەگەر مەودای ئازادیی رادەربڕین ھێندە بەرفراوان بێ؟!

کەسێک لە کوردستان و لە پارتی قاچاغ بێ، چۆن لە تورکیا جێگەی دەبێتەوە!؟ وەک ئەوە وایە ئاکپارتی و ئەردۆغان بەدواتەوە بن و تۆش لە ھەولێر فیکەی سمێڵت بێ! نا کاک فازڵ من چوار ساڵە ئەمری گرتنم ھەیە لە تورکیا و پێشتریش بە شەفاعەت و تکا و رجا دەمتوانی بە تورکیادا ھاتوچۆ بکەم. کەواتا لە تورکیا نیم.

بەڵێ قاچاغم، بە شانازییەوە لەبەر ئەوەی لەسەر دزی و گەندەڵی شاربەدەر نەکراوم، لەسەر ئەوەی باوەڕم بە ئازادی ھەیە، دژی سزادانی مرۆڤەکانم لەسەر را دەڕبڕین، دژی حکومڕانیی ئەمنی و ئیستخباراتیم و فیکە لێدان بۆ سیاسییەکان لە لایەن گەنجەکانی وڵاتەکەم لام ئاساییە.


PM:10:40:07/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی