نامەیەک بۆ د. بەرهەم ساڵح

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بەڕێز کاک دکتۆر بەرهەم: جێگری دووەمی سکرتێری گشتی "YNK".

نازانم ئەم نوسینە دەبینیت یان نا، نازانم دەیخوێنیتەوە یاخود نا، بەڵام دەزانم تۆ گوێت هەیە!.........

گوێ وەک دەزگایەک نا بۆ بیستن، گوێ وەک ئاگایی لەڕووداوەکانی دەوروبەرو وەک کەسێکی سیاسی و خاوەن تێگەشتن لەهەموو ئەوانەی لەچواردەورمان ڕوودەدەن.

لەدوای کۆچی ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دوو دیداری جەنابتانم بینیوە کە باسی پەیوەندی نێوان خۆت و سەرۆک مام جەلال دەکەیت. دەڵێیت ساڵانێکی زۆرە ئەیناسم و ئەو مامۆستاو ڕابەری هەموومانە.

بەڕێز کاک دکتۆر؛ ئایا دەزانیت ئەو ڕابەرەی هەموومان؛ تادواچرکەی ژیانی بەتۆو بەهاوڕێکانی جەنابتانی دەوت "یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزن"؟
بەڵام بەداخەوە، جەنابتان لەڕێبازەکەی مام دوورکەوتوونەتەوەو.

من وەک ڕۆژنامەنوسێک ــ هاوڵاتییەک ــ یەکێتییەک، داوا لەجەنابتان دەکەم؛ باشترین خزمەتێک لەئێستادا تۆ بەیەکێتی بکەیت و ڕۆحی مامیشی پێ شادبکەیت ئەوەیە: لیستەکەت هەڵوەشێنیتەوەو بگەڕێیتەوە ناو ماڵە گەورەکەی یەکێتی و لەگەڵ براو خوشکەکانت لەمەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی درێژە بەڕێبازی سەرۆک مام جەلال بدەیتەوە.

ئەگەر لەلای ئێوە خاڵێک هەیە بەناوی عاجزبوون، ئەوە تەنها تۆنیت عاجزیت لەهەندێک ئاداو سیاسەتی ئێستای یەکێتی.

ئەکرێت جەنابتان ئەمجارەیش لەبەرخاتری ڕۆحی مام و داواکاری مام بۆ پاراستنی یەکێتی ناویەکێتی بگەڕێیتەوەو لەمیدیاکانی کوردستانە ڕایبگەیەنیت کە جەنابتان لەبەر خاتری مام دەگەڕێیتەوەو دەرفەتێکیترە بەهاوڕێکانت بۆ گەڕانەوەی یەکێتی بۆ مەوقعی مێژوویی خۆی.

ئەگەر ئێستا بگەڕێیتەوە ماڵەگەورەکە دڵسۆزی جەنابتان دەردەکەوێت بۆ ڕێبازی پیرۆزی مام و یەکێتی.

بەڕێز کاک دکتۆر؛ من لەئێستادا تۆ بەپێویست دەزانم بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
ئەگەر ئەمڕۆ بگەڕێیتەوە، شەرعییەت بەدڵسۆزی و خەمخۆری خۆت بۆ "یەکێتی ناو یەکێتی" دەدەیت.

جارێکیتر داوا لەجەنابتان دەکەم. بگەڕێرەوە ماڵەکەی یەکێتی و جارێکیتر شانبدەنەوەبەر خەم و ناخۆشییەکانی یەکێتی و هەوڵبدەن یەکێتی بەرەو ڕاستەڕێگایەکی دروست ببەنەوە.

لەڕاستیدا، من لەئێستادا نەدەنگت پێدەدەم و نەئیش بۆ لیستەکەیشت دەکەم. بەڵام ئەگەر ئەمجارە بگەڕێیتەوە ناو یەکێتی و چاو لەهەموو ناڕەحەتی و عاجزبوونەکانت بپۆشیت، ڕەنگە بتوانیت بۆ ئایندەی خۆت و لیستەکەیشت زاش بێت و بڕوا بەهەموو ئەو کەسانەیش بهێنیت کە ئێستا لەگەڵت نین.

من هەرگیز ڕقم لێت نابێت، چونکە مام دەڵێت "د. بەرهەم گەوهەرە"


PM:05:49:08/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 13968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی