تەنگژەی سیاسیی شیعە؛ شەقام بەرامبەر شەقام

‌یاسین ته‌ها

یەك رۆژ دوای ئەوەی كادیران و بنكەی جەماوەریی لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە (12ی ئاب)، لە بەرامبەر مانگرتووان و خۆپێشاندەرانی سەدر لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری تەلاری پەرلەمان، هاتنە سەر شەقام، جارێكی دیكە موقتەدا سەدر بڕیاریدا بەشێوەیەكی فراوانتر پەنا بۆ شەقام و رێكخستنی "خۆپێشاندانی ملیۆنی" ببات. ئەمەش بەهیوای ئەوەی کە گومانی هاوتایی و هاوئاستی هەردوو جەمسەرە شیعییەكە لە كارتی بەكارهێنانی شەقامدا بەلایەكدا بخات. ئەم پەنابردنەی هەردوو جەمسەرە ناكۆكەش بۆ شەقام، دەرەنجام و دەرهاوێشتەی بنبەستی سیاسی و دەوروبەری 10 مانگ كێشمەكێش و ململانێیە بۆ یەكلاییكردنەوەی هاوكێشەی حكومەتی نوێی عێراق. هەروەها لە كاتێكیشدایە کە مەترسییەكانی پێكدادانی چەكداری بەڕادەیەكی بەرچاو پاشەكشەی كردووە، ئەویش پاش ئەوەی لە سەرەتای قەیرانەكەوە زۆرجار وەك مەترسییەكی گەورەی گریمانەیی دەردەكەوت.  
 
رەوتی سەدر و رێكخستنە سیاسییەكەی (البنیان المرصوص) تەوژمێكی عەقیدەیی سیاسی هەرەمییە. خاوەن بنكەیەكی جەماوەریی بەرفراوانی گوێڕایەڵیشە و، بنکەیەکی گەورەی جەماوەر و خۆپێشاندەری خوێنگەرمیشی لە پایتەختدا هەیە كە خەڵكی شارۆچكەی سەدری بەغدان. لە بەرامبەریشدا لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر نوێنەرایەتیی ئەو هێزە شیعانە دەكەن كە ئەزموونیان لەسەر هاتنە شەقام (جگە لە حەكیم) کەمە. هەروەها زیاتر ئەوانەن كە لە ناو دامودەزگاكانی دەوڵەتدان و دەچنەوە سەر "چینی نێوەڕاست". ئەم جیاوازییەش بەڕوونی لە چالاكییەكانی سەر شەقامی هەردوو بەرەكەدا دیارە. بۆ نموونە لە كاتێكدا سەدرییەكان گەلەری بوون و سادەیی و خاكیبوونی زیاتریان پێوە دیارە، هەروەها خۆپێشاندان وەك تایبەتمەندیی خۆیان دەبینن، كەچی خۆپێشاندانەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر لە راهێنان و مەشقی گرووپە چەكدارەكان دەچێت، چونكە زۆرینەیان ئەو كارمەندانەی حەشدی شەعبین كە لە نۆرەی بەجێهێنانی ئەركی سەربازی لیواكانیان لە مۆڵەت و پشووی ماڵەوەدان. ئەم چەكدارە گەنجانە كە جلوبەرگ و تەمەن و جموجووڵیان زۆر هاوشێوەیە، لە كاتی هوتاف كێشان و لەبەردەم زوومی كامێراكانیشدا خاوەن درووشمی هاوبەش و یەكگرتوو نین. هەریەكەشیان دەچنەوە سەر ستایشكردنی سەركردەی گرووپەكەی خۆی. هەشیانە هێندە بە زۆرەملێ هاتووە لێی تێكچووە و هاواردەكات "نەخێر بۆ عێراق" یان "بەڵێ بەڵێ بۆ كازمی"!
 
ناكرێت ئەو دابەشبوونە سیاسییەی ئێستای ناوماڵی شیعە و ئەو جەمسەرگیرییە لەسەر دەسەڵات دروست بووە و پاشان پەڕیوەتەوە بۆ شەقام، بەدەر لە پێكهاتە و سرووشتە كۆمەڵایەتییەكەی لایەنگران و بنكە جەماوەرییەكەی هەردوو جەمسەرەكە تەماشا بكرێت؛ شوێنكەوتەكانی سەدر زیاتر شیعە هەژارەكان و چینە پەراوێزخراوەكانی پارێزگاكانی باشوور و شاری بەغدان. ئەم كوتلە مرۆییە شیعییە لە سەردەمی باوكی سەدریشدا، ژمارەیەكی كەمیان پارە و داهاتیان دەگەیشتە رادەی خومس و زەكاتدان، هەر لەبەر ئەوە هەندێكجار وەك تانە و تەشەر، ركابەرەكانی محەممەد سادق سەدر پێیان گوتووە "مەرجەعی هەژارەكان". لە كاتێكدا ئەمە بۆ رەوتەكە گرەنتی كۆكردنەوەی جەماوەرێكی گوێڕایەڵ و بزێو و پڕخرۆشە كە تەنیا چاوەڕێی فەرمان دەكات. لەبەرامبەریشدا حیزبی دەعوەی مالیكی بۆ نموونە، نوێنەرایەتیی نوخبەی شیعەی قات لەبەر دەكات یان ئەو سوودمەندانەی لە هەردوو ویلایەتەكەی ناوبراودا (2006_2014) بوونەتە خاوەن پێگە و بەرژەوەندی لە دەزگاكانی دەوڵەت. بنەماڵەی حەكیمیش دەچنەوە سەر "شیعەی ئەریستۆكرات"، ئەم دوو لایەنەش ئەوەی هەیانە وەبەرهێنانی لەسەر بكەن بۆ خرۆشانی سەرشەقام، گەنجە چەكدارەكانی حەشد و كارمەندانی گرووپەكانن كە هەر دەجووڵێنەوە ئاشكرا دەبن. ئەو دوو جارەشی كە هەوڵیان داوە جموجووڵی جەماوەری دروست بكەن، زیاتر بەلای نمایشدا شكاوەتەوە تا خۆپێشاندان.
 
هەردوو بەرە شیعییەكە پێیانوایە دەتوانن جەماوەری خۆیان كۆ بكەنەوە و ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان، بەڵام لە دەرەوەی ئەوان زۆرینەیەكی بێدەنگ هەن كە یان بەشداریی هەڵبژاردنیان نەكردووە، یان تشرینییە خۆپێشاندەرەكانی پارن و بەشداری و بۆچوونی ئەمانەش بە گرنگ تەماشا دەكرێت بۆ ئەوەی تای تەرازووی هێز لە نێوان هەردوو جەمسەرەکەدا بە لایەکدا بخات. هەڵبەت لەبەر ئەوەی موقتەدا سەدر بانگەشەكانی یاخیگەرانەیە و جاروبار باسی گۆڕینی سیستەم دەكات و رەخنەی تووندی لە دەسەڵات هەیە كە خۆی بەشێكی سەرەكی بووە تێیدا، چانسی زیاتری هەیە لە دەرەوەی بازنەی خۆی هاوسۆز كۆ بكاتەوە، بە بەراورد بە ركابەرەكانی كە هەڵگری درووشمی پارێزگاری لە دەستوور و دەوڵەتن. چونكە ئەوە روونە کە بێزاری و تووڕەیی جەماوەریی لەم سیستەم و دەوڵەت لە بەرزترین ئاستیدایە، هەر بەم هۆیەشەوە بەردەوام رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بەرەو پاشەكشە دەڕوات و دوو ساڵ بەر لە ئێستاش راپەڕین و یاخیبوون لە دژی سیستەم و "كۆماری 2003" بە كوشتارێكی گەورە سەركوت كرا.
 
گومان زۆرە، كارتی شەقام كە ئێستا كار و كاردانەوەیە، بتوانێت ململانێكە بەلایەكدا بخات، چونكە راستە شەقام و خۆپێشاندەری سەدری پرۆسەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییان بۆ دانانی محەممەد شیاع سوودانی لە سەرۆكایەتیی وەزیران پەکخست، بەڵام جگە لە شەقام، كارتەكانی؛ چەك، پارە، قەزا، لە دەرەوەی ئەوانیش رای مەرجەعییەت و كاریگەری و نفوزی ئێران، رۆڵی گرنگیان هەیە لە هاوكێشەی حوكمڕانی عێراقدا و لە دوو ساڵی رابردووشدا هەر ئەوەی حكومەتی عەبدولمەهدی كۆتایی پێ هێنا، هەر ئەوەش نەیهیشت بەدەستهێنانی زۆرینەی لە لایەن سەدرەوە یەكسان ببێت بە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی دەسەڵات!
 
سەدرییەكان لە پاش كشاندنەوەی فراكسیۆنەكەیان (73 كورسی) لە پەرلەمان و سووتاندنی كارتەكەیان لە دەسەڵاتی یاسادانان، بژارەی ئەوتۆ نەماوە جگە لە شەقام، بۆ ئەم رەوتە شیعییە ئێستا هەموو كارت و گوشارەكان هەر دەچنەوە سەر شەقام، تا ئەوكاتەی چارەسەرێكی مامناوەند لە دانوستانەكاندا دەردەکەوێت، بەڵام بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاڵنگاریی گەورە ئەوەیە بیسەلمێنن شەقام تەنها موڵكی سەدر نییە، هیچ نەبێت هەردوولا لەڕووی جەماوەرییەوە هاوتان. سەلماندنی ئەمەش دەوەستێتە سەر گێمەكانی دیکەی یاری جووڵاندنی بنكە جەماوەرییەكانیان.


لە ماڵپەڕی ڕووداوەوە وەرگیراوە


PM:01:09:15/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی