بە ئەمریکا بڵێن جاش سیغە؟!!

‌بەختیار شاوەیس

ماپیو تولەر باڵوێزی ئەمریکا لەعیراق لەتازەترین لێدوانیدا دەڵێ (لەناوخۆ و لەدەرەوە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە) ئەم قسانەی تولەر بەئاشکرا و زۆر بەروونی، زەنگێکی دیکەی مەترسیدارە بەرەو رووی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەدوای قسەکانی جنین بلاسخارت-ی نوێنەری UN لە عیراق کەساڵی پار هەمان مەترسی نەشاردەوە.

دڵنیام ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم گوێ یان ئەم زەنگانە نابیستێ، چونکە لەدوای قسەکانی بلاسخارت لەماوەی ساڵی رابردوو تا ئێستا سەیربکەین، دەبینین کە دۆخی هەرێم خراپتربوە لەرووی گوشاری ئیقلیمی و موشەکبارانەکانی هەولێری پایتەخت و هەروەها فشاری ناوخۆیی لەبەغدادەوە وەک بریارەکانی دادگای باڵا سەبارەت بەنەوتی هەرێم و لەناو هەرێمیش خراپتربوونی دۆخی هاوڵاتیان و نەبوونی موچە وبایکۆتی دەوام و خۆپیشاندان و سەرەنجام ئەستووربونی رقی هاوڵاتیانی بەرامبەر دەسەڵاتی ئەمرۆی کوردی لێکەوتوەتەوە.

لەساڵانی رابردوو تا ئێستا بەرەخنەی جدی و بنیادنەر بەردەوام ئەم مەترسیانەمان خستوەتەڕوو، نیگەران بووین لەوەی کەئەم جۆرە حوکمداریە لەهەرێم، قەوارەی سیاسی و ئیداری کەبەرهەمی هەزاران ئەنفالکراو و کیمیاباران و شەهیدن لەناو بچێت، بەڵام لەبەرامبەردا ماستاوچیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و میدیا سێبەرەکان و مووچە خۆرە بندیوارەکانیان رۆژانە پەلاماریان دەداین و بەدژایەتی هەرێم و دوژمنی قەوارەکە و تۆمەتی جاش سیغە و دەیان ناتۆرەی ناشرینیان بۆ دائەتاشین.

جا هەر بۆیە حەقە ئێستا بپرسین ئایا ئێمە یان باڵیۆزی ئەمریکا لەعیراق جاش سیغە بووین؟!! بیرتان نەچێ خۆتان دەڵێن ئەمریکای هاوپەیمان و دەشزانن کەزەنگی ئەمریکیەکان گاڵتەی لەگەڵ ناکرێت.


AM:11:20:16/05/2022

ئه‌م بابه‌ته 1456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی